ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٨ی مانگی به‌فرانبار، ساڵڕۆژی جهنایهتێكی دژه‌مرۆیی دیكه‌ی كۆماری ئیسلامییه. له‌م ڕۆژه‌دا فڕۆكه‌یه‌كی ئۆكراینی، به مووشه‌كی سپای پاسداران، به‌ربۆوه و گشت ١٧٦ سه‌رنشینه‌كه‌ی، كه زۆربه‌یان لاوانی خوێندكار و توێژه‌ر و لێكۆڵه‌رانی ئێرانیی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون، گیانیان له‌ده‌ست دا. ئه‌م جهنایهتهش به لیستی دوورودرێژی جه‌نایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی زیاد بوو و سه‌دان بنه‌ماڵه‌ی تازیه‌بار و ویژدانی سه‌دان ملیۆن مرۆڤی، له ئێران و سه‌رتاسه‌ری جیهان، زامدار كرد. به‌ڵام سه‌رانی ئه‌م ڕژیمه جه‌نایه‌تكاره، له ورد و درشتیانه‌وه، نه ته‌نیا نێوچاوانیان پێك دانه‌دا، به‌ڵكوو سه‌ره‌ڕای به‌ڵگه و نیشانه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گری ناوخۆیی و جیهانی، بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ، به درۆنانه‌وه و به ته‌قالا كردن بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری جهنایهتهكه و بێده‌نگ كردنی بنه‌ماڵه و مرۆڤه خه‌باتكاره‌كان، هه‌وڵیان دا ئه‌م جه‌نایه‌ته دژه‌مرۆییه داپۆشن و به ئاكامی “ئاژاوه‌گێڕیی ئه‌مریكا“، “فه‌زاسازیی گوماناوی” و “درۆی ئاشكرا و گاڵته” ناویان لێبرد. حسام ئاشنا، ڕاوێژكاری ڕووجانی، هه‌ڕه‌شه‌ی له ڕۆژنامه‌وانانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی كرد كه “له به‌شداری كردن له شه‌ڕی ده‌روونیی، خۆ ببوێرن“. سه‌ره‌نجام له ڕۆژی چواره‌مدا، به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمییه‌وه، دانیان به‌وه دانا كه فڕۆكه‌كه به‌هۆی هه‌ڵه‌ی ئینسانیی هاویشتی مووشه‌ك، تێكشكاوه. ڕاگه‌یاندنی ئه‌م جه‌نایه‌ته، له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له زۆرێك له شاره‌كانی ئێران به‌ره‌وڕوو بۆوه و خه‌ڵك به به‌رز كردنه‌وه‌ی درووشم دژبه گشت ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، ئه‌م جه‌نایه‌ته‌یان مه‌حكووم كرد.
له ماوه‌ی ئه‌م یه‌ك ساڵه‌دا كه له ئه‌نجام دانی ئه‌م جه‌نایه‌ته تێپه‌ڕیوه، كۆماری ئیسلامی نه ته‌نیا وڵامێكی به بنه‌ماڵه‌ی گیان به‌خت كردووان و خه‌ڵكی ئێران و باقیی ده‌وڵه‌ته‌كان نه‌داوه‌ته، نه ته‌نیا په‌روه‌نده‌ی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ی تاوتوێ نه‌كردووه و هۆكار و بڕیارده‌رانی نه‌ناساندووه، به‌ڵكوو دادستانی نیزامیی هاوده‌ستی قاتڵانی ده‌سه‌ڵاتدار له تاران، وێڕای ڕاگه‌یاندنی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی كه‌سێك، كۆتایی لێكۆڵینه‌وه و به‌ستنی په‌روه‌نده‌ی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ی ڕاگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه “هه‌ڵه‌ی فه‌رمانده‌ی سیستمی په‌دافه‌ندی سپای پاسداران بووه”. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه ده‌زگا ئه‌منی و قه‌زاییه‌كانی ڕژیم، هێستاش به‌رده‌وام، درێژه به ئه‌شكه‌نجه و ئازار و په‌روه‌نده‌سازی بۆ ناڕازیانی ئه‌م جه‌نایه‌ته ده‌ده‌ن.
له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا، به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی به خۆگێلكردن و درۆنانه‌وه و وڵامی نه‌زانانه، هه‌وڵیان داوه كه ئه‌م جهنایهتهش وه‌ك باقی جهنایاتی دیكه، له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به تێپه‌ڕینی كات و فه‌رامۆشیی بسپێرن. له‌م په‌یوه‌نده‌دا، ڕژیمی ئیسلامی، كه خۆی توانا و سه‌لاحییه‌تی خوێندنه‌وه‌ی داتای سندووقی ڕه‌شی فڕۆكه‌كه‌ی نه‌بوو، چه‌ندین مانگ له ته‌حویل دانی به ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه خۆی بوارد. بۆ پاساو كردنی ئه‌م دواخستنه، جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕژیم، به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمییه‌وه له وڵام به هه‌واڵنێرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕایگه‌یاند كه: “بۆچی ده‌وڵه‌ته ئۆرووپاییه‌كان ئیمكانات و زانستی پێویست بۆ كردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی داتاكانی سندووقی ڕه‌شی فڕۆكه‌كه ناخه‌نه ئیختیار كۆماری ئیسلامییه‌وه؟” له‌م دوایانه‌شدا یه‌كێك له كارگێڕانی ڕژیم ڕایگه‌یاند كه كۆماری ئیسلامی غه‌رامه‌تی ١٥٠ هه‌زار دۆلاری ده‌دا به بنه‌ماڵه‌ی گیانبه‌ختكردووان. ئاشكرایه كه ئه‌م ئیدیعایه‌ی ڕژیمی درۆزنی ئیسلامی، كه ئابوورییه‌كه‌ی له‌سه‌ر لێواری داڕمانه، كه‌س باوه‌ڕ ناكات.
له ئێستادا، ئه‌وه‌یكه له زاری بنه‌ماڵه‌ی تازیه‌باری گیان به‌خت كردووانهوه ده‌بیسترێ، دادخوازی له زوڵم و جه‌نایه‌تێكه، كه له حه‌قیاندا كراوه. بێگومان، ئه‌وه‌یكه كۆماری ئیسلامی لێی ستاندوونهوه، به پاره قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه و ژانی دڵته‌زێنی كوژرانی ئازیزانیان به‌ده‌ستی جهنایهتكاران، فه‌رامۆش ناكرێت. كه‌وابوو ئاكامی ئه‌م دادخوازییه ناتوانێ بێجگه‌له ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی، شتێكی‌تر بێت. ڕۆژی پێنجشه‌ممه له ساڵوه‌گه‌ڕی كوژرانی ئه‌م مرۆڤه بێتاوانانه، چه‌ندین كۆبوونه‌وه له تاران به‌ڕێوه‌چوو. ژماره‌یه‌ك له بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان له “فڕۆكه‌خانه‌ی خومه‌ینی” و له “شاهد شار“، شوێنی به‌ربوونه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه، ده‌ستیان دایه كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و به هه‌ڵكردنی مۆم و دانانی گوڵ، به‌یادی ئازیزانیان، وێڕای مه‌حكووم كردنی دووباره‌ی ئه‌م كوشتاره، له خه‌ڵكی ئێران و كۆمه‌ڵگای جیهانی، داوای دادخوازییان كرد.
هه‌ر له‌م په‌یوه‌نده‌دا، ١٠ ڕێكخراوی خوێندكاری له زانكۆكانی ئێران له به‌یانییه‌یه‌كی هاوبه‌شدا، له ڕێكه‌وتی ١٧ی به‌فرانباری ٩٩، له‌ژێرناوی “له ساڵوه‌گه‌ڕی هاویشتنی له‌ئه‌نقه‌ستی مووشه‌ك به‌ره‌و فڕۆكه‌ی ئۆكراینی و كۆمه‌ڵگایه‌كی دادخواز دژبه‌م جه‌نایه‌ته‌یه”، بۆ جارێكی دیكه كوژرانی ١٧٦ مرۆڤیان مه‌حكووم كرده‌وه. خوێندكاران وێڕای ده‌ربڕینی پشتیوانی له بنه‌ماڵه‌ی گیان به‌ختكردووان ڕایانگه‌یاند كه ئه‌م ڕێگایه‌دا، تا كۆتایی له‌گه‌ڵیانن. له به‌شێك له‌م به‌یانییه‌یه‌دا هاتووه كه: “بێگومان ئه‌م جه‌نایه‌ته، نه بۆ ده‌سه‌ڵات و بڕیارده‌رانی، بابه‌تێكی ته‌واو بوویه و نه بۆ بنه‌ماڵه‌ی گیان به‌ختكردووان و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه یه‌ك ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به ڕاشكاوی ڕایانگه‌یاند كه “نه ده‌به‌خشین و نهفهرامۆش ده‌كه‌ین“. جه‌نایاتێك كه له درێژه‌ی كوژرانی ناڕازیانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ٩٨ و پێشتر، له لایه‌ن دسه‌ڵاته‌وه ئه‌نجام درابوو، كه‌ش و هه‌وایه‌كی خوڵقاند كه كێشمه‌كێشی سه‌ره‌كیی نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتی لێكهوتهوه و خوێندكار، كرێكار، خانه‌نشین، موعه‌لیم و باقیی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگای به‌ره‌و پشتوانی له بنه‌ماڵه‌ی گیان به‌ختكردووان برد“.
له‌ڕاستیدا، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی نگریسی كۆماری ئیسلامی‌دا، هه‌موو ڕۆژانی ساڵ بۆ خه‌ڵكی ئێران، بووه‌ته ساڵڕۆژی جهنایاتی ئه‌م ڕژیمه دژ به‌وان. ساڵڕۆژی شه‌ڕی پڕ ته‌ڵه‌فات و كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێران و عێراق، ساڵوه‌گه‌ڕی هێرشی ڕژیم بۆسه‌ر زانكۆكان، فه‌رمانی هێرشی نیزامی بۆسه‌ر كوردستان و توركهمهن سه‌حرا و خووزستان، ساڵڕۆژی كوژرانی به‌ندكراوان له ساڵه‌كانی ٦٠ و ٦٧ی هه‌تاوی، ساڵڕۆژی قه‌تڵه زنجیره‌ییه‌كان و باقیی ئێعدامه‌كان، ساڵڕۆژی هێرش بۆسه‌ر خابگای خوێندكاران و كوشتن‌یان له مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ٧٨، ساڵوه‌گه‌ڕی كوژرانی كرێكارانی خاتوون ئاباد. ساڵڕۆژی كوژرانی خه‌ڵك به‌تایبه‌ت له ساڵه‌كانی ٩٦ و ٩٨ و ساڵوه‌گه‌ڕی به‌ربوونه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی ئۆكراینی، هه‌ر هه‌موویان گۆشهیهكن له جهنایاتی بێ ئه‌ژماری ڕژیمی ئیسلامی.
ئایا به‌ڕاستی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی، بێجگه‌له جه‌نایه‌تی بێ ئه‌ژماری كوشتار و تیرۆر و زیندان و ئه‌شكه‌نجه، داسه‌پاندنی هه‌ژاری و فه‌لاكه‌ت، بێكاری و برسییه‌تی به‌سه‌ر كرێكاران و زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێران، دزی و ئیختلاس، درۆنانه‌وه و به‌ره‌و گه‌نده‌ڵی بردنی كۆمه‌ڵگا، ته‌بلیغ و داسه‌پاندنی خورافه و ئازار به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران و ناوچه‌كه، شتێكی دیكه، له كارنامه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا ده‌بیندرێ؟ له‌ڕاستیدا، درێژه‌ی جه‌نایات و ملهوڕیی ئه‌م ڕژیمه، ته‌نیا له ڕێگه‌ی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌وه، كۆتایی پێدێت.