“زارا سدیقی هەمەدانی” ناسراو بە “سارە” تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی نەغەدە کە هەفتەی ڕابردوو بە تۆمەتی “فساد فی الارض” لەڕێگەی پەرەپێدان بە هاوڕەگەزخوازییەوە، سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەرمانان، لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ لەڕێگەی خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە سارە دوای ئەوەی هەوڵی خۆکوشتنی داوە بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی ڕازی شاری ورمێ گوازراوەتەوە و دوای وهرگرتنی چارهسهری پزیشكی دووباره بۆ بەندی ژنانی زیندانی ورمێ گوازراوەتەوە و ئێستا لە دۆخێکی دەروونی ناجێگیردایه. جێگای ئاماژهیه كه هەفتەی ڕابردوو “زارا سدیقی هەمەدانی” و “ئیلهام چوبدار” لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ورمێ و لەپێش چاوی باقی بەندکراوەکان بێ ڕێزیی و سوکایەتییان پێکراوە و پێیان وتراوە کە ئێران شوێنی ئەم جۆرە کەسانە نییە و سزای سێدارەی ئەوان بە زوویی جێبەجێ دەکرێت.