دوشنبه, دسامبر 6, 2021
کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هاندان بەرەو لەشفرۆشی لەژێر سێبەری شەرع و یاسای دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی ئاگادارییەکی ناونیشاندار لە ئۆستانی گیلان لەژێرناوی “مژدە بۆ هاوشارییانی بەڕێز” سەبارەت بە دەستبەکاربوونی “خانەی عیفافی فەخر” کە لە ناوەندێکی ڕەسمیش بە ژمارەیەکی دیاریکراوەوە جەوازی وەگرتووە، سەرەنجی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەرەوخۆی ڕاکێشاوە و ڕەنگدانەوەیەکی بەرینی بووە. ئەم ئاگادارییە ڕوو بە مشتەرییەکان ڕایگەیاندووە کە ئەو خانمانەی کە لەم شوێنە بەشێوەی شەرعی خەریکی کارن، خاوەنی کارتی سڵامەتن. مشتەرییەکان دەتوانن لە شوێنێکی “ئەمن و ئارام”دا لە ماوەی کاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆوە تا ١٢ی شەو “سوکنایی بدەنە جەستەیان و بۆ پیاوانی ژێر تەمەنی ٢٥ ساڵیش داشکاندنی تایبەت لەبەرچاوگیراوە.” ئەم سیغەخانەیە لە لایەن “بنەماڵەی ئارشامی”وە بەڕێوەدەچێت.

هێندێک کەس، زیاتر ئەوانەی وا داینشتووی دەرەوەی وڵاتن، بڵاوبوونەوەی ئەم ئاگادارییە تەبلیغییە و ڕاشکاوانە ڕاگەیاندنی کارکردنی ئەم ناوەندەیان پێ سەیرە و هێندێک لەو کەسانەش کە لەگەڵ کێشەوگرفتەکانی کۆمەڵی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی نامۆن، وەها ئاگادارییەک بە ساختە دەزانن. بەڵام لەڕاستیدا ئەگەرچی تەبلیغی عەلەنی و ڕەسمیی بۆ ئەمجۆرە ناوەندانە زیاتر لە خودی شوێنەکان ئەنجام دەدرێت، بەڵام بوونی ئەم ناوەندانە، لە زۆربەی شارە گەورەکان و بەتایبەت لەو شارانەی کە زیارەتگای شیعەکانە، بە هیچ شێوەیەک بابەتێکی تازە نییە. دامەزراندنی ئەمجۆرە ناوەندانەی لەشفرۆشی لەژێرناوی “سیغەخانە” لە ئێران شەرعی و یاساییە. هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە هەبوون و لە سەردەمی دەوڵەتی ڕەفسەنجانیدا تێبینییەکان وەلاخران و ئەم ناوەندانە جەوازی ڕەسمییان وەرگرت. حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێندێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، ژمارەیەک ئاخوندی ناوەندەکانی مەزهەبی شیعە، تەجارەتی لەشفرۆشیی ئیسلامییان لەژێرناوی “خانەی عەفاف” ڕێکخستووە. لەم بازرگانییە نامرۆڤانەیەدا ژنانی لاوی بێ سەرپەرست و بێبەشیان لەگەڵ نەخۆشیی سێکسیی گوازراوە، منداڵانی نەخوازراو و کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوو کردووەتەوە. کاربەدەستانی باڵای حکوومەت لە ڕەفسەنجانییەوە بگرە تا موحسێن ڕەفیق دووست، لە ئاخوندە بەناوبانگەکانی سەربە ڕژیم، لە مەشهەد و و قۆمەوە تا تاران و گیلان، بە ڕواڵەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سێکسیی پیاوانی لاو کە توانای هاوسەرگیرییان نییە و لەڕاستیدا بۆ سەرپۆش دانان لەسەر قەیرانێک کە خۆیان پێکیان هێناوە و بۆ قازانجی ماڵی و ڕاکێشانی تووڕیستە مەزهەبییەکان بەرەو شارەکانی وەک مەشهەد و قۆم، دەستیان داوەتە ڕێکخستنی ناوەندەکانی لەشفرۆشی بە ناسناوی ئیسلامییەوە.

حکوومەتێک کە بۆ “کەم حیجابی و بەد حیجابی” لە ئەسیدپاشی بە ڕوخساری ژنان چاوپۆشی دەکات، بەکرێگیراوانی بە تفەنگی ساچمەییەوە لە گیانی ژنانی بێ حیجاب بەردەدات، نیزامێک کە پەیوەندی سرووشتی و ئینسانیی ئازاد و بەرابەری ژنان و پیاوانی بۆ تەحەمول ناکرێ و تەنانەت لەبەرچاوی خەڵک دەیانداتە بەر شەللاق و لە هێندێک حاڵەتدا سەنگسار و ئێعدامیان دەکات، خۆی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕێکخەری ناوەندە لەشفرۆشییە ئیسلامییەکانە. لەم ناوەندە یاساییانەدا کچانی کەم تەمەن لەژێرناوی باکرە بە قیمەتی سەرتر دەفرۆشن.

هەژاری، بێکاری و یاسای کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەیکە لاوان نەتوانن ژیانێکی سەربەخۆ بۆخۆیان دابین بکەن و لە هەمان حاڵدا ئەوباش و ئەرازێلی حکوومەت لەژێرناوی “گەشتی ئیرشاد، ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مۆنکەر” ئەو ژن و پیاوە لاوانەی کە خوازیاری پەیوەندی سالم و ئازاد و یەکسانن لەگەڵ توندوتیژی، زیندان و دەرکردن لە کار بەروڕوو دەکەنەوە.

کڵاوی شەرعیی “خانەی عیفات” لەجیات ناوەندی لەشفرۆشی، ڕیاکاریی بێشەرمانەی سەرانی حکوومەتی ئیسلامی لە خەڵک ناشارێتەوە و حکوومەت بەرپرسی ڕاستەوخۆی ستەم و سووکایەتییەکە کە بەسەر ژنانی بێ پەناو و هەژاری “خانەی عیفاف”دا دەسەپێت.

ئازادی و بەرابەریی ژن و پیاو، مافی سرووشتی و ئینسانیی پێکهێنانی پەیوەندی دڵخوازانە بە خواستی هاوبەش، کۆتایی هێنان بە گەشتی ئیرشاد و گوشاری گرووپە مەزهەبی و حکوومەتیەکان دژبە ژنان و پیاوان، پێکهێنانی پیشەی گونجاو، دابینکردنی دەرفەتی ژیانی سەربەخۆ بۆ لاوان، کۆتایی هێنان بە کلتوور و سوننەتێک کە لاوان لە سەرەتای ژیانی هاوبەشەوە ناچار بە دابینکردنی جیاز و مارەیی ملیۆنی و ملیاردی دەکات، کۆتایی هێنان بە دەخاڵەتی دەزگای دین لە بابەتی پەروەردە و بارهێنان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵ، مەرجی پێکهاتنی پەیوەندی بەرابەر و دڵخوازانەی نێوان مرۆڤەکانە. دەسەڵاتی نگریسی ئیسلامیی ئێران، سەرکوت و گوشارێکی هەمەلایەنەی خستووەتە سەر ژنان و لاوانی کۆمەڵ. ئەم ڕژیمە لە لایەکەوە ئەوانی بە یاساکانی شەریعەت بێ ماف کردووە و لە لایەکی دیکەوە بە داسەپاندنی هەژاری، بەشێک لەوانی ناچار بە لەشفرۆشیی ئیسلامی کردووە. ئەم ڕژیمە و سیستمی کۆنەپەرست و گەندەڵ، شیاوی خەڵکی ئێران نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری ده‌نگی ڕه‌سای جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و مافخواز

rezan

ئه‌منییه‌تی پایه‌دار له‌ گره‌وی ڕزگاریی خه‌ڵكی ئێران له‌ چنگ كۆماری ئیسلامییە ‌

rezan

ده‌ستی ئه‌رازێل و ئه‌وباشی ڕژیم پێویسته‌ له‌ چواچێوه‌ی خسووسیی خه‌ڵك كورت بكرێته‌وه‌

rezan

“منیش به‌قه‌د ئێوه‌ ئینسانم” وته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی كه‌مئه‌ندامان

rezan

جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و كابووسی دابینكردنی مه‌سكه‌ن له‌ ئێران

rezan

ده‌زگای قه‌زایی ئێران و شایه‌دی ئیجاره‌یی

rezan