کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هاروهاجی قوتابیان یان تیرۆریزمی شیمیایی کۆماری ئیسلامی؟

masmoom20ali 6

هێرشی گازی شیمیایی بۆسەر قوتابخانەی کچانە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران هەروا دریژەی هەیە و هەر ڕۆژە و ناوی شار و قوتابخانەیەکی تازە کە هێرشی جەنایەتکارانە کراوەتە سەر ژیانی کچانی لاو، بە لیستەکەوە زیاد دەبێت. لە یەک حاڵەتدا شاهیدانی عەینی لە مەدرەسەی کچانەی ئەنساری وتویانە کە بەرپرسانی قوتابخانە، درگایان داخستوە و تەنانەت ئیجازەی تەلەفون کردنیان بە قوتابیەکان نەداوە بۆ بنەماڵەکانیان. هەروەها لە مەدرەسەی ئالی یاسینیشاهین شاربنەماڵەکان ناچاربوون درگای قوتابخانەکان بشکێنن و بچن بە یارمەتی قوتابیانی کچەوە.

خامنەیی کە لە سوخەنڕانی پێشوی خۆیدا بە کردنی کۆمەڵێک قسەی ناکۆک هەوڵی دا نیشانی بدات کە ئامادەی قوبوڵ کردنی ڕادەیەک لە پاشەکشەیە لە بەرانبەر حیجابدا، ئێستا پێی لە توندڕەوەکانیئاتەش بە ئیختیاریش درێژتر کردوە و بێ حیجابی بەحەرامی سیاسی و دینیناو ناوە. ئەو بەم قسانە دەیەوێ زەمینە بۆ ئامادەکردنی یاسایەکی سەختگیرانەتر سەبارەت بە حیجابی ئیجباری ئامادە بکات.

لەم پەیوەندیەدا جێگری ئەمنیەتی وەزیری نێوخۆ سەبارەت بە تیرۆریزمی حکومەتی دژبە قوتابیان بەوپەڕی بێ ئابڕووییەوە وتی:” ئەو چەند حاڵەتەی کە ڕویداوە زۆر بەرتەسک بووە، سەرپێچی و هاروهاجی بەشێک لە قوتابیەکان بۆ داخرانی کلاسەکان بووە.” ئەم وڕێنانە وتەی کاربەدەستێکی ئەمنیەتی ڕژیمە کە خۆیان سەبەبکار و هۆکاری ئەم سریالە تیرۆریستیە شیمایاییەن دژبە قوتابیانی کچ لە زۆربەی شار و ئوستانەکانی وڵات بەتایبەت لە کوردستان.

  ڕژیم بەم کردارانەی لە ڕاستیدا تۆڵە لەو کچ و ژنانەی کە ئاپاڕتایدی جنسیەتی و هەڵاواردنی نیهادینەبوو لەدژی ژنان لەوە زیاتر تەحەمول ناکەن، دەکاتەوە. و ئەمە شەڕێکی بە تەواو مانای ڕەوانی و فیزیکیە کە لەدژی خەڵک وەڕێیان خستوە. ڕژیم بەبێ شاردنەوە و بە ڕاشکاوی و ئاشکرا بە ژنان و خەڵک ئەڵێ یان بەم سیاسەتە کۆنەپەرستانە ڕازی بن و یان ناتوانن خاوەنی ئەمنیەتی گیانی و دەروونی بن. ڕژیم کە ناتوانێ بە سەدان هەزار و بە ملیۆن کەس لە نەیارانی خۆی بخاتە گۆشەی زیندان، کەوایە بۆ بێدەنگ کردنیان و بۆ ترساندنیان دەستی داوەتە هێرشی تیرۆریستی شیمیایی دژبە ژنان و کچان و دژبە سەرجەم دانیشتوانی کۆمەڵ.

  بەڵام گەڕانەوە بۆ قۆناغی بەر لە شۆڕشی ژینا خەیاڵێکی خاوە و ئیتر جارێکی دیکە بارودۆخی پێش شۆڕشی ژینای بۆ فەراهەم نابێتەوە. بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە هەروا لە درێژەی مەسیرێک دایە کە ڕوخاندنی شۆڕشگێرانەی کۆماری ئیسلامی کردۆتە ئامانجی سەرەکی خۆی. مەسیرێک کە بە دەستکەوتی زۆر و بە پشت بەستن بە هێزی خۆ، هەروا خەریکە ڕێگا دەبڕیت. پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران لە ناوەندە جۆراوجۆەکانی بەرهەمهێنان، ناڕەزایەتی خانەنشینان، مامۆستایان و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵ بەشێکی جیانەکراوەن لە ڕێگایەک کە سێبەری شۆڕشی هەروا بەسەر کەش و فەزای سیاسی ئێراندا ڕاگرتوە.

لە شۆڕسی ژینادا، ژنان و کچانی بوێر و پیاوانی ئازادیخواز بە ئاگردانی وێنەکانی خومەینی و خامنەیی و سولەیمانی لە قوتابخانەکاندا و سوتاندنی سەرپۆشەکانیان، یەکێک لە بنەماکانی حاکمیەتی ئیسلامییان خستە ژێر پێوە. وەها دەور و پێگەیەک کە ژنانی ئێران لەسەرتاسەری دنیادا بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلەتی بۆ خۆیانیان دەستەبەر کردوە، بێگومان گرایشە دژبە ژنەکان لە حاکمیەتی ئیسلامیدای توڕە و هەڵخڕاندوە.

  بەڵام جەنایەتی ژاراویکردنی قوتابخانەکان لە پاڵ باقی جەنایەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا کۆمەڵگا ناترسینێت. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان. ئازادی بەرەو ئەوە دەچێت تا لە درێژە و کامڵ بوونی خۆیدا، جاریکی تر و بۆ هەتا هەتایە کۆتایی بە هەژاری و بێ بەشی و بێ مافی و کۆیلەتی ئینسان بێنێ.

ژنان و کچان، لاوان و پیاوانی ئازادیخواز سەنگەرە فەتح کراوەکانیان کە بە قیمەتی فیداکاری و گیانبازی دەستەبەر بوون چۆڵ ناکەن. بەشێکی زۆر لە سەرپۆشەکان لەگەڵ عەمامەی ئاخوندەکاندا سوتێندران و خرانە زبڵدانەوە. ئازادی، یەکسانی، هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردن دژبە ژنان و دژبە کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان بونەتە داخوازیەکی بەهێز و گشتی. شەڕی ڕەوانی و شیمیایی حکومەتی ئیسلامی هیچ شتێکی بێجگە لە قین و نەفرەتی زیاتری خەڵک لە ڕژیمی داگیرکەر و کۆنەپەرستی لێ دەستەبەر نابێت. ژماردنی ئاوەژوو بۆ ڕزگار بوونی یەکجارەکی لەدەست ئەم باندە مافیایی و گەندەڵە ئیسلامیە دەستی پێکردوە و سەرتای کۆتایی هاتنی ئەم حکومەت مەزهەبی و جەنایەتکارە لە ئاسۆی سیاسیدا دەرکەوتوە.