کۆماری ئیسلامی کرداری سەرکوتگەرانە بۆ بە چۆکدا هێنانی ژنان، کرێکاران و مامۆستایان، خانهنشینان، هەڵسوڕاوانی مافە نەتەوایەتی و مەدەنیەکانی توندتر کردۆتەوە. تەنیا لە مانگی گوڵاندا گەلێک ژن ئازار دراون، بە سەدان دوکان لەبەر ڕازی نەبوون بە بەربەستە ئیسلامیەکان لە بواری ڕۆژوو و حیجابی ئیجباری دا پلۆمپ کراون، بە سەدان کەس ئێعدام کراون و ژمارەیەکی زۆریش گیراون و ڕەوانەی زیندانە مەترسیدارەکان کراون. ئەوەش لیستێکە لە دەستبەسەرکراوەکانی مانگی گوڵان: لەڕێکەوتی ١١ ی مانگی گوڵان هاوكات لهگهڵ ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار، ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی کرێکاری دەستبەسەر کراون کە عەتا باباخانی یەکێک لە ئەندامانی قەدیمی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحد و مەسعود فەرهیختە، مامۆستا و چالاکی سینفییان لەنێودا بووە. رۆژی ١٢ ی ئەو مانگە هاوكات لهگهڵ ڕۆژی مامۆستایان، فەرزانە نازریان پور، موڕەبی و نووسەری کتێبی هونەر، بە ٢٨ ساڵ پێشینەی کارەوە دەستبەسەر کرا. رۆژی دووشەممە ١٨ ی مانگ، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی خانەنشینانی مخابراتی وڵات کەوتە بەر هێرشی هێزە ئەمنیەتی و ئینتیزامیەکان و ژمارەیەک لە کرێکارانی خانەنشینی مافخواز دەستبەسەر کران. رۆژی سێشەممە ١٩ی مانگی گوڵان هەواڵی دەستبەسەرکرانی عاتفە و ئارەزوو ڕەجەبی لە مەشهەد بڵاو کرایەوە. لە جەریانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مافخوازانەی مامۆستایانی سنە ڕۆژی سێشەممە ١٩ی هەمان مانگ مەئمورەکان ٢ کەسیان لە مامۆستایان بە ناوەکانی فەرزاد سەفی خانپور و فاتح عوسمانی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرد. هەر لەو ڕۆژەدا فاتمە( موژگان) تەدریسی لە کۆبوونەوەی فەرهەنگیان لە مەیدانی بەهارستان دەستبەسەر کرا. مەئمورەکان ڕۆژی سێ شەممە ٢٣ ی مانگی گوڵان، ٨ چالاکی کرێکارییان لە ناوچەی پارسی جنوبی دەستبەسەر کرد. ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٢٧ ی هەمان مانگ، هاجەر سەعیدی، کەماڵ کەریمی، شادمان عەبدی، حەبیب کەریمی، خەبات مەحمودی، سیروان مەحمودی و ئێقباڵ پێشکاری، لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەستبەسەر کران. ئەم چالاکە کرێکاریانە بۆ ڕێزگرتن لەیادی هومەن عەبدولاهی، یەکێک لە گیانبەختکردوانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی چوبوون بۆ ماڵی باوکی هومەن کە هێزە ئەمنیەتیەکان بەبێ پیشاندانی حوکمی قەزایی بە هێرش کردنەسەر ماڵی فەرشید عەبدولاهی، بە نواندنی هەڵسوکەوتی وەحشیانە ئەوانیان دەستبەسەر کرد. رۆژی پێنجشەممە ٢٨ی مانگی گوڵان، بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرا. ڕۆژی هەینی ٢٩ ی مانگ، ئێقباڵ شەعبانی، چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ ی مانگی گولان، ئاڕمان نسرپور تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری دیگولان دەستبەسەر کرا. مەئمورانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی ٢٩ی مانگی گوڵان لە شاری فنوج چوار لاوی بەلوچیان دوای دەستبەسەرکرانی ئاوێتە بە لێدان و ئازاردانی زۆر، بەرەو شوێنێکی نادیاریان برد. لەنێو ئەم دەستبەسەرکراوانەدا ناسنامەی دوو کەسیان بەناوەکانی ئاڕمان ئەربابی، ١٧ ساڵ و کوڕی ئەحمەد و نیما ئەربابی ١٧ ساڵ کوڕی جان محەممەد ئاشکرا بووە. هاوکات ڕاگەیەندرا کە ژمارەیەک لە لاوانی بەلوچیش رۆژی هەینی ٢٩ ی هەمان مانگ، لەلایەن کەسانی لیباس شەخسیەوە لە بۆلواری کەشاوەرزی شاری زاهیدان دەستبەسەر کراون.
هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی سەرکوتە وەحشیانەکان لە نێوخۆدا، کە ئاستی بەرزی ئێعدام کرانی ٣ لاوی بوێری گەل، ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی شێخ شەبانی و سەعید یەعقوبی بوو، خامنەیی رۆژی ٣٠ مانگی گوڵان خۆی بۆ خواردنەوەی جامی ژەهرێکی تر ئامادە کرد. ئەو، بەم گومانەیکە سەرکوتەکان خەڵکی وادار بە تەسلیم بوون کردوە، بە مەئمورانی وەزاڕەتی دەرەوەی سپارد تا لە وتووێژە شاراوەکاندا لەگەڵ ئامریکا تەقیە بە کار بێنن، واتە نەرمی بنوێنن. مانای ئەم ڕەستەیە بە زمانی ئاخوندییانی تەسلیم بوون بە داخوازیەکانی لایەنی بەرانبەر لە حاڵێکدا لە دڵەوە باوەریان بەو هەڵوێستە نییە. گومانی ساویلکانەی خامنەیی سەبارەت بە تەسلیم بوونی خەڵک، لە بەرانبەر ڕاستیە سەرسەختەکاندا ڕەنگی کاڵ بۆتەوە و لەوش زیاتر کاڵ دەبێتەوە. هەر لەم مانگی گوڵانەدا کە ڕژیم بەو پەڕی وەحشیگەریەوە کەوتۆتە گیانی کرێکاران، ژنان و لاوان کۆمەڵگە ئێمە شاهیدی درێژەی مانگرتنی شکۆداری نەفتگەران و باقی کرێکارانی مافخواز، کارزارێکی بەرین بۆ ڕزگارکردنی ٣ لاوی قوربانی پەروەندەی خانەی ئیسفەهان و ناڕەزایەتی بەرینی دوای ئێعدام کردنی ترسەنۆکانەیان و ڕادیکاڵ بوونەوەی دروشمەکان لە هەینیەکانی بەلوچستان و دەست پێکردنەوەی کۆبوونەوەی شەوانە لە چەند شار بووین.