کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

نەورۆز، شادی، خۆڕێکخستن و گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێرانڕاهی کارگەر

یەکەمئەمساڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە سەرجەم شار و شارۆچکە و ئاواییە گەورەکان بە پانتایی هەموو کوردستان و هەروەها لە چەندین گەڕەک و ناوچەی تاران، مەشهەد، حافزییە، شیراز، تەختی جەمشید، چەند ناوچەی هەمەدان، گونبەد کاوس، ئیسفەهان، ماهان، ئیزە، ڕزوانشار، بازاڕی شارەکانی گیلان و مازەندەران، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی ئاگری نەورۆز و سەما و هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکی کچان و کوڕان بەبێ لەبەرچاوگرتنی حیجاب ئیجباری، بەشێوەیەکی شکۆدار بەڕێوە چوو، بەجۆرێک کە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بێ وێنە بوو. لە کوردستان ژنان بە جلوبەرگی ئاڵ و واڵای کوردی و دەست لەناودەستی پیاوان لە حەوتوویەک بەر لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٢ەوە، بە پێشوازی نەورۆز و ساڵی نوێوە چوونلە بەشێک لەو ڕێوڕەسمانەدا دروشمەکانی “ژن، ژیان، ئازادیو، “ئازادی، ئازادی، ئازادی” و هیتر، دەبیسترا و وێڕای سەما و هەڵپەڕکێ و مۆسیقای شادیبەخش، سروود و ئاوازی شۆڕشگێڕانەش دەوترایەوە. پێویستە بوترێ کە ئەم جۆش و خرۆشەی جەماوەر لە ڕێوڕسمەکانی نەورۆزدا، هاوکاتە لەگەڵ مانگی ڕەمەزان، کە ئەمەش خۆی گرنگییەکەی سەد هێندەی ڕێوڕەسمەکان نیشان دەدات. ساڵانی ڕابردوو تا بەر لە پێکهاتنی ئەم ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕان لە ئاکامی ئاخێزی ژینادا، ئەگەر شتێکی لەو جۆرە ڕوویدابا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم بە بیانووی ڕەمەزان و ڕۆژوو خواردن و شتی لەو چەشنە، ڕێگەیان بە هیچ کۆبوونەوەیەک نەدەدا، یان زۆر بە تووندی سەرکوتیان دەکرد. بەڵام ئێستا لە زۆر حاڵەتدا تەنانەت ناوێرن هۆشداریشیان پێ بدەن. خەڵک کۆنترۆڵی شەقامەکان، مەیدانەکان، شوێنە گشتی و مێژووییەکانیان بەدەستەوە گرتووە و لە ڕێگەی پێوەندییەکی بەربڵاوی ئینترنێتی و کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ناوەندی هەماهەنگی و کاری هاوبەشیان دروست کردووە و کات و شوێنی کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان لەو ڕێگایەوە بە ئاگاداری گشتی دەگەیەنن و ڕێوڕەسم و کۆبوونەوەی شکۆداری لەو شێوەیە پێکدەهێنن. واقیعییەت ئەوەیە کە لە ناخی ئەم کەرنەڤاڵی شادییەدا، وشیاریی سیاسی و نەفرەت و بێزاری لە ڕژیمی ئیسلامی و ڕیشەکێش کردنی ئەو فەرهەنگ و داب و نەریت و شێوازی ژیانەی کە خوازیاری ئەو ڕژیمەیە و هەروەها هیوا بە داهاتوویەکی گەش گەرای کردووە. ڕێکخستن و هاوئاهەنگ کردنی ئەم ڕێوڕەسمانە لە لایەن کەسانێکی خۆش نێو، ناسراو و خاوەن کاریگەری و جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە، نیشانەی پێشکەوتن و ئاڵوگۆڕێکی ئومێدبەخشە لەناو کۆمەڵگەی مەدەنی ئێراندا. ئەم ئاڵوگۆڕە دڵخۆشکەرە، دەستپێکێکی زۆر گرنگ و بەرخە لە ساڵی نوێدا و پێویستە بە هەند وەربگیرێت.

 دووەملە ڕۆژانی سەروبەندی نەورۆز و سەرەتای ساڵی نوێدا، چەند بابەتێکی نوێی دزی و گەندەڵی گەوەرە لە ئاستەکانی سەرەوەی ڕژیمدا ئاشکرا بووە. ئاشکرابوونی گەندەڵی ئیمام جومعەی تاران و زاواکەی و برای زاواکەی، ڕسواییەکی دیکەی بە کارنامەی پڕ لە گەندەڵی و ڕسوایی دەسەڵاتدارانی دز و تاڵانچی زیاد کردووە. دوابەدوای گەندەڵی ئیمام جومعەی تاران، رسوایی دۆسیەی بنەماڵە و نزیکانی مەهدەوی کەنی، وەک بەشێک لە نوێترین گەندەڵییە لەقاودراوەکان لە سەروبەندی ساڵی نوێدا، لە چاپەمەنی و ڕاگەیەنەرە ناوخۆییەکاندا بڵاو کرایەوە. لە دۆسیەی کازم سەدیقی، ئیمام جومعەی تاراندا، جگە لە ساختەکاری و دزی ڕاستەوخۆ، دەرکەوتووە کە بە هۆی نزیکایەتی لەگەڵ خامنەیی، ئاسانکاریی بۆ زۆرێک لە دۆسیەکانی دیکەی گەندەڵی داراییش کردووە و لە بەرامبەردا دەستخۆشانە و بەرتیلی وەرگرتووە. ڕوونە کە ئاشکرا کردن و لەقاودانی ئەو بابەتانە نەک لە ڕووی نیازپاکی و هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی بابەتەکان، بەڵکوو نموونەیەکە لەو شەڕ و مملانێیەی گورگ و مافیاکانی ناو دەسەڵات کە سەبارەت بە پرسی دیاریکردنی جێنشین دەستی پێکردووە. واقیعییەت ئەوەیە کە گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا بابەتێکی جێکەوتووە. پێکهاتەی حکوومەتی ئیسلامی سەرەڕای بوونی ئیمپراتۆریەتێکی ئابووری زەبەلاحی ژێر دەسەڵاتی سپای پاسداران کە نزیکەی ٧٠٪ی تەواوی ئابووری ئێرانی لە دەستدایە، بۆتە شوێنی چڕبوونەوەی دەسەڵات و ڕانتخۆری و گەندەڵی. بەڵام پرسی گەندەڵی لەم حکوومەتەدا هاوکات ئامرازێکی سیاسیشە. لە ڕاستیدا لە کۆماری ئیسلامیدا گەندەڵی جۆرێکە لەگەندەڵی ستراتێژیککە لووتکەی دەسەڵات بە ئانقەست وەک ئامرازێک بۆ درێژەدان بە مانەوە و دەسەڵاتدارێتی کەڵکی لێوەرگرتووە. کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕۆحی ئارمانگەرایی و لاوازبوونی بیر و باوەڕ لە نەوەی نوێی ناو هێزەکانی ڕژیم و داڕمانی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی، بازنەی گەندەڵی دارایی و مەیلی کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانی کەسیی بە تایبەت لەناو بەرپرسانی باڵای حکوومەتدا بەرفراوانتر کردووە. خاوەنکارەکانیش بەتایبەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ عێراق و دەورەی سەرۆک کۆماریی ڕەفسەنجانی، باسیان لەوە دەکرد کە گەندەڵی نەک هەر شتێکی خراپ نییە بەڵکوو ڕەوڕەوەی گەشەپێدان خێراتر دەکات. ئەم گەندەڵییە بەربڵاوە بەجۆرێک هەموو ئاستەکانی ڕژیمی گرتووەتەوە کە بەم پاساو و فریوکاریانەی ڕکابەرەکانی ناو ڕژیم کۆتایی نایەت. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگاربوون لە چنگ ئەو ئاختاپوسەی کە دەستی بەسەر تەواوی سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی ئەم وڵاتەدا گرتووە.

سێیەم: دۆخی دەسەڵاتدارێتی ئیسلامی بە ڕادەیەکی زۆر لاواز بووە. چاوخشاندنێک بەسەر کاردانەوە و هەڵوێستی زۆرێک لە کەسانی ناسراوی وابەستە بە کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات کە ڕەوتی داڕمانی ئەم حکوومەتە دەستی پێکردووە. هەمووان لەسەر ئەو باوەڕەن کە قۆناغی گوتاری زاڵی حکوومەتی ئیسلامی کۆتایی هاتووە. ئەم سیستەمە ئیتر هیچی بۆ وتن نییە و مەسەلەی داڕمانی، تەنیا پەیوەستە بە کاتەوە نەک ئەگەری لەناوچوون یان لەناو نەچوونی. لەسەر ئەو بنەمایە، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئاڵترناتیڤی دوای داڕمان لە لایەن سەرجەم ڕەوتەکانی سەر بە دەسەڵات بەوپەڕی هێز و جددییەتەوە لە ئارادایە و ئەم هەوڵانە لە نێو ڕیفۆرمخوازان و ڕەوتە ناڕازییەکانی ناو حکومەتیشدا بە ڕوونی دەبینرێت. وادەردەکەوێت کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە باشی هەستیان بە پێویستی یەکتر کردووە. خاڵی هاوبەشی هەموویان بریتییە لە دژایەتی بەرامبەر بە وەرچەرخانی کۆمەڵگا بەرو چەپ بوون. هەموو ئەو لایەنانە لە چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا و وەرچەرخانی بەرو چەپ، دەترسن و هەموویان نەفرەتیان لە چەپەکانە و چەپ وەک هەڕەشەیەکی جددی چاو لێدەکەن. ئەگەرچی ئەوان وا نیشاندەدەن کە چەپ لە هاوکێشەکانی ئێستای ئێراندا هیچ جێگە و پێگەیەکی نییه، بەڵام لە پەرەسەندنی پێگەی چەپ لە ناو کۆمەڵگادا گەلێک نیگەرانن. خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە لە قسە و باسەکانیاندا هیچ ئاماژەیەک بە خەباتی ڕێکخراوە سنفییەکانی مامۆستایان، قورسایی و جێگە و پێگەی خانەنشینان، ناڕەزایەتی کرێکاران و تەنانەت پرسی ژینگەش ناکرێت. هەموو گفتوگۆ و لێدوانەکانیان تەنها پەیوەستە بە بواری سیاسەت و چۆنیەتی گۆڕینی بە شێنەیی پێکهاتەی سیاسی وڵاتەوە.

چوارەمبەپێی سەرچاوە زانیارییەکانی حکوومەتی، شەپۆلێکی تری کۆچی پزیشکان و پەرستارانی ئێران کەوتووەتە ڕێ. کۆمیسیۆنی تەندروستی مەجلیسی ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە لە دوای دەورەی کرۆناوە، نزیکەی دە هەزار پزیشک لە بوارە جۆراوجۆرەکانی گشتی، پسپۆڕ و پسپۆڕی باڵا، پەرستاران و پلەکانی تری خوارەوەی بواری پزیشکی، سەرەڕای هەموو سنووردارکردن و بەربەستەکان، ئێرانیان بەجێهێشتووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتیڕوانگەی کۆچی ئێرانئاماری کۆچی ئێرانییەکان نیشان دەدات کە ساڵانە ٦٥ هەزار کەس لە ئێرانەوە کۆچ دەکەن. بە پێی ئاماری ڕۆژنامەی فەرهیخەتەگان، لە ساڵی ١٤٠٢دا ٢٣٠٠ پزیشکی پسپۆڕ و چوار هەزار و ٢٠٠ پزیشکی گشتی، ئێرانیان بەجێهێشتووە کە ئەم ڕێژەیە ٣٠% زیاترە لە تێکڕای چوونی پزیشکان بۆ ناو بازاڕی کار لە ئێران. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، یەکێکە لە ناوەندەکانی کۆچبەریی لە جیهاندا. ئەگەرچی هێشتا زۆرینەی کۆچبەرانی ئێران لە پەنابەرانی سیاسی و ئەو لاوە بێکارانە پێکدێت کە بە دوای کاردا دەگەڕێن، بەڵام ئێستا ئیتر تەنانەت بەرپرسانی ڕژیمیش باس لە قەیرانی کۆچی پزیشکان، پەرستاران، ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، وەرزشوانان، دەرچووانی خاوەن بڕوانامەی باڵای زانکۆکان و تەنانەت خاوەن سەرمایەکانیش دەکەن. لە هەلومەرجێکدا کە نەخۆشخانەکانی ئێران لەگەڵ کەمیی کارمەندی پسپۆڕ بەرەوڕوون، کوالێتی و ئاستی پەروەردە لە ناوەندەکانی خوێندندا دابەزیوە. هەروەها ژینگەش پێویستی بەپەلە و هەنووکەیی بە کەسانی پسپۆڕ هەیە. پەرەسەندنی کۆچی ئەو هێزە خوێندەوارانە، هەزینە و تێچوویەکی قورس بەسەر خەڵکی ئێراندا دەسەپێنێت. ڕژیم نەک هەر هەوڵی کەمکردنەوە و پێشگرتن لە کۆچی خوێندەواران لە ئێران نادات، بەڵکوو لە ڕاستیدا بە کردەوە ڕێگای بۆ خۆش دەکات. نیو ملیۆن ئاخووند و خوێندکاری ئایینی مفتەخۆر و کۆنەپەرست، دەسەڵاتدارانی دز و گەندەڵ و لات و چەقۆکێشانی ئیسلامی، وڵات بە موڵکی شەخسی خۆیان دەزانن. وڵاتی ئێران هی کۆمەڵانی ئێرانە و ئەگەر بڕیارە کەسێک وڵات بەجێبهێڵێت، ئەوا ئەو تاقمە دز و ئینسانکوژەن کە دەستیان بە خوێنی خەڵک سوور بووە و سەروەت و سامانی وڵاتیان بەتاڵان بردووە. ڕژیمی ئیسلامی، ئێرانی کردووە بە دۆزەخێکی ڕاستەقینە بۆ بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ئەم وڵاتە. هۆکارەکانی پەرەسەندنی ڕۆژ بەڕۆژی کۆچبەران بریتییە لە شکست و ناکامی مۆدێلی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتی حکومەتی ئیسلامی ئێران. لەگەڵ ڕووخان و لەناوچوونی ئەم حکوومەتە کۆنەپەرستە، ملیۆنان کۆچبەر کە بە هۆی هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ناچار بوون کۆچ بکەن و وڵات بەجێ بهێڵن، بە ئەزموون و ئیمکاناتێکی بەرفراوانی کە بەدەستیان هێناوە، ڕۆڵێکی جددی و کاریگەر دەبینن لە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵات و دامەزراندنی سیستەمێکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران لە ئێرانی داهاتوودا.

پێنجەمسەرلەبەیانی رۆژی ٢٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، کۆمەڵێک لە هەڵسووڕاوانی مەدەنی پێکهاتوو لە مامۆستایان و چالاکانی بواری مافەکانی ژنان، لە شارەکانی ڕەشت، ئەنزەلی، لاهیجان و فومەن، لە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆسەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کران و دەستبەجێ پەروەندەسازیی ساختە لەدژیان دەستی پێکرد و سەرەنجام ڕۆژی هەشتی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣ بە پشتبەستن بەو پەروەندە ساختە و ناڕاستانە، لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت و بە سەرۆکایەتی دادوەر مێهدی ڕاسخی، بە کۆی گشتی سزای ٦١ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا. ئەو هەڵسووڕاوانەی بواری مافەکانی ژنان بریتین لە: زەهرا دادڕەس، فروغ سەمیع نیا، سارا جیهانی، یاسەمین حەیدەری، شیوا شا سیا، نگین ڕەزایی، مەتین یەزدانی، ئازادە چاووشیان، جیلوە جەواهێری، زوهرە دادڕەس و هومەن تاهیری و هەروەها ئەندامانی کانوونی سنفی مامۆستایانی گیلانیش بریتین لە مەحموود سەدیقیپوور، عەزیز قاسم زادە، عەلی نەهالی، تەیموور باقری کودەکانی، جەواد سەعیدی، تەهماسب سۆهرابی، ئەنوش عادڵی، جیهانبەخش لاجوەردی، غوڵامڕەزا ئەکبەرزادە و یەدوڵلا بەهارستانی. شۆڕای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران، وێڕای ئیدانەکردنی تووندی ئەو حوکمە ناڕەوا و نا عادڵانە لەدژی ئەو چالاکە مەدەنییانە، ڕایگەیاندووە کە ئەم شێوازە هەڵسوکەوتە، هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئیرادەی خەڵکی ستەملێکراوی ئێران لە پێناو بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەو بزووتنەوە ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی خۆیان دانانێت. گیان لەدەستدانی سارا تەبرێزی، کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ، یەکێکە لەو قەتڵە حکوومەتیانەی کە لە یەکەم هەفتەی ساڵی ١٤٠٣دا ڕوویدا. ناوبراو ڕۆژی ٤ی خاکەلێوە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کرا و ڕۆژێک دواتر تەرمەکەی لە ماڵی باوکی لە تاران دۆزرایەوە. لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی شەممە ١١ی خاکەلێوە بڵاوکرایەوە و لەلایەن گوڵڕوخ ئیرایی، نێرگس محەمەدی، ناهید تەقەوی، ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی، سپیدە قولیان، ڕەیحانە ئەنساری نەژاد، مەحبوبە ڕەزایی و مریەم حاجی حوسێنییەوە واژۆ کراوە، ئاماژە بە گوشارەکانی دام و دەزگا ئەمنییەتی و قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر سارا تەبرێزی کراوە. ژنە زیندانییەکانی هاوبەندی سارا تەبرێزی، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەم گیان لەدەستدانە، بە هەر شێوەیەک و لە هەر هەلومەرجێکدا ڕوویدابێت، بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆی حکوومەتە“. هاوشێوەی مەرگی بە هەزاران کەس کە لەژێر دەسەڵاتی دەیان دیکتاتۆریەتی فاشیستیدا لەسێدارە دراون یان بێسەروشوێن کراون.

شەشەمکوشتاری خەڵکی فەلەستین لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە بەوپەڕی دڕندەییەوە بەردەوامە. ژمارەی کوژراوانی ئەو هێرشە دڕندانەیە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٢ هەزار منداڵ، ژن، پیاو، پیر و لاوی بێ دیفاع. سیمای دزێو و قێزەونی بناژۆخوازیی ئایینی و ڕەگەزپەرستی لە جۆری یەهوودییەکەی، ئێستا ئیتر پتر لە هەمیشە لە جیهاندا ڕیسوا بووە و پشتگیری بێ درێغی ئەمریکاش لەم ڕەوتە، فۆرمێکی جینایەتکارانەی بەخۆیەوە گرتووە. جێگای ئاماژەیە کە لە تەواوی ماوەی سەد و حەفتا و دوو ڕۆژی شەڕی غەززەدا، وڵاتە عەرەبییەکان نەک هیچ ڕێوشوێنێکیان بەمەبەستی کاریگەری دانان لەسەر ڕاگرتنی ئەو شەڕە نەگرتووەتەبەر، بەڵکوو تەنانەت خۆیان لە هێنانی گوشاری ئابووری بۆسەر ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی پاراستووە. شۆڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣، بڕیارنامەی پێویستی ئاگربەستی دەستبەجێ و پایەداری لە غەززە پەسەند کرد. ئازادکردنی بارمتەکان و ناردنی دەستبەجێی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە، یەکێکی دیکەیە لە بڕگە گرنگەکانی ئەو بڕیارنامەیە. نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش بە پێچەوانەی ڕابردوو، بەجێگای ویتۆ کردن، دەنگیدەنگی نیۆتراڵی پێدا. بەڵام هەردوای ئەوە بەخێرایی، دیپلۆماسیی فریوکارانەی ئەمریکا و پڕوپاگەندەی شەڕخوازانی لایەنگر و پشتیوانی ئەرتەشی ئیسرائیل دەستی پێکرد و هەر لەو پێوەندییەدا ڕایانگەیاند کە بڕیارنامەکە مەرجی کردەیی نییە. دوای چەند کاتژمێرێک لە پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە هێرشیان کردە سەر شاری ڕەفەح. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو پەنابەری فەلەستینی لە ناوچە وێرانبووەکانی دیکەی کەرتی غەززەوە پەنایان بۆ ئەوێ بردووە. وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕوونی ڕایگەیاند کە گەلێک هۆکاری حاشا هەڵنەگر بوونی هەیە کە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە تاوانی جینۆسایدی ئەنجامداوە، ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سروشت و ئاستی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ئامانجی لەناوبردنی فیزیکی فەلەستینییەکان نیشان دەدات.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێرانڕاهی کارگەر

دووشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣/ ١ی ئاپریلی ٢٠٢٤

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) وحیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کارگەر)

-

هەڵسەنگاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کارگەر) وحیزبیکۆمۆنیستیئێران لێک نزیکبوونەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان

-

ڕاگەیەندراوی ژمارە پازدەیەم ڕۆژی دڵنیایی مشتومڕە کۆتا جەنگی ئێمە ئینتەرناسیۆناڵە ڕزگاری مرۆڤەکان کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز!

-

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٤

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو تواناوە  پشتیوانی لە ژنانی بوێر و ئازادپۆش و لاوە قارەمانەکانیان دەکەن!

-