کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نەشەڕ، نە ئاشتی، نە وتووێژ

149

149

ڕۆژیی دووشەممە ١٠ی مانگی پووشپەڕ بەرابەر له‌گه‌ڵ ١ی مانگی ژوییە، محه‌ممه‌دجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە وڵام بە پرسیاری هەواڵنێرێک جەختی کردوە کە بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم ٦٧،٣ لەسەدی پیتێندراو لە سنوری ٣٠٠ کیلۆ تێپەڕیوە. بەشوێن ئەودا ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیش لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە سەربەخۆکان ئەم هەواڵەی پشتڕاست كرده‌وه‌. وێڕای ئەوە، کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی ٧ی مانگی ژوئیەوە پێویستی‌ بەرتەسک کردنەوەی خەست کردنەوەی ئۆرانیۆمیش ڕەچاو ناکات. هه‌واڵی تێپەڕ بوونی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە سنوری ٣٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆم لە حاڵێکدایە کە لەسەر بنەمای ڕێككه‌وتننامه‌ی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی تەنیا ڕێگه‌ی پێدراوه‌ كه‌ ٢٣٥ كیلۆگره‌م ئۆرانیۆمی پیتێندراو به‌رهه‌م بێنێت. ڕاگەیەندنی ئەم هەواڵە نە تەنیا دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئۆرووپایی لایەنی ڕێككه‌وتننامه‌ی هەستەیی، بەڵکوو دەوڵەتانی روسیە و چینیشی نیسبەت بە دواهاتەکانی نیگەران کردووە. دوناڵد ترامپ لە کاردانەوە بەم هەواڵە وتی:” ئەوان بە باشیی واتای ئەم کارەیان دەزانن و بە بڕوای من، ئەوان یاری بە ئاگر دەکەن”. مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش وتی:” ئێران هەروا لە بەرنامە هەستەییەکەی بۆ باج وەرگرتن لە کۆمەڵگای نێوده‌وڵه‌تی و هەڕەشە لە ئەمنییەتی ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت”.
دوای هێرش بۆسەر نەوتکێشەکان لە ئاوەکانی کەنداو و خرانەخوارەوەی پەهپادێكی نیزامی ئەمریکا لە لایەن سپای پاسدارانەوە، راگەیاندنی هەواڵی بەرز کردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم نیشانەی ئەوەیە کە هێور بوونەوەیەک لە توند بوونەوەی کێشە لە مناسباتی کۆماری ئیسلامیی و دەوڵەتی ئەمریکادا نابیندرێت. درێژەی ئەم کێشانە لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی ئەمریکا بازنەی گه‌مارۆ ئابوورییەکانی لەدژی ئێران تەنگتر کردووه‌تەوە، حوزوری نیزامی خۆی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە و هەوڵەکانی بۆ پەڕاویز خستنی زیاتری کۆماری ئیسلامیی دەرێژە پێ دەدات. لە بەرانبەر ئەم گوشارانەدا و بە تایبەت لە کاردانەوە بە زیاتر کردنی ئەو گه‌مارۆ ئابووریانەی کە ئابووری ئێرانیان گەیاندووه‌تە لێواری لێک هەڵوەشان، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پەنای بردۆتەبەر ماجەرا جویی نیزامی بۆ نائەمن کردنی مەسیری ‌هاتوچۆی نەوتکێشەکان لە تەنگەی هورمز. کۆتایی ‌هێنان بە به‌ڵێنەکانی لە ڕێككه‌وتننامه‌ی هەستەییدا و زیاتر کردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم. ئامانجی کورت ماوەی دەوڵەتی ئەمریکا لە زیادتر کردنی ئەم گوشارانە و بەتایبەت سپای پاسداران خستنە نێو لیستی هێزە تیرۆریستەکانەوە، تەحریمی فەرماندەکانی سپا و نووسینگه‌ی خامنەیی و ڕاکێشانی ڕژیم کۆماری ئیسلامیی بۆسەر مێزی وتووێژە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە بارودۆخی ئێستادا کە ئاڵقەی گه‌مارۆکان تەنگ تر بۆتەوە و هەڕەشەی ئەمریکا درێژەی هەیە و نیشانەیەک لە لاچوونی لانیکەم بەشێک لە گه‌مارۆکان بوونی نییە، هەموو جۆرە چوونە سەر مێزی وتووێژێک بۆ خۆی بە سوکایەتی دەزانێ. ئامانجی تاکتیکیی کۆماری ئیسلامیی لە ئێقدام بە ماجەراجووییە نیزامییەکانی لە ناوچەکەدا و زیاتر کردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم زیاتر لە ئاستی دیاری کراو، کەم بوونەوەی گه‌مارۆ ئابوورییەکان و ئامادە کردنی زەمینە بۆ وتووێژ ی بەناو ئەبڕومەندانەیە. لە وەها بارودۆخێکدا ئەگەری وتووێژی پشتی پەردە بۆ یارمەتیدان بە کەم بوونەوەی هێندێک لە گه‌مارۆکان لە لایەن ئەمریکاوە و نەمانی ماجەراجووییە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی و گەڕانەوە بۆ ڕەچاو کردنی به‌ڵێنی ئەتۆمی، دەتوانێ زەمینە سازی سەرەتای وتووێژی ڕەسمی نێوان هەردوو لایەنی ئەم کێشەیە بێت. تا کاتێک کە وەها بابەتێک ڕوو نەدات و بارودۆخ بۆ وتووێژ ئامادە نەکرابێت کێشەکان و حاڵەتی نەشەڕ، نە ئاشتی و نە تووێژ بەردەوام دەبێت.
ئامانجی ڕاهبوردی کۆماری ئیسلامیی لە درێژەدان بە کێشمەکێشەکان لەگەڵ ئەمریکا زەمانەتی مانەوەی ده‌سه‌ڵاتەکەیەتی. دەیەوێ ئەم زەمانەتە لە دەوڵەتی ئەمریکا و زل هێزە ڕۆژئاواییەکان وەرگرێت کە ئەوان بەرنامەیەکیان بۆ ڕووخاندنی ڕژیم نییە. ئەمانجی ستڕاتێژیکی ئەمریکاش نەک ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامیی، بەڵکوو گۆڕینی هەڵسوکەوتیەتی. دەوڵەتی ئەمریکا نایەوێ داهاتوی ئێران کە ئەگەری ڕوودانی شۆڕشی لە ناخیدا هەڵگرتوە بە چارەنووسێکی نادیار بسپێرێ. دەوڵەتی ئەمریکا دەیەوێ کۆماری ئیسلامیی وەها ڕام بکات کە هیچ مەترسییەک بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دروست نەکات. کەوایە هەر دوو لای کێشەکە لەسەر مانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هاو بۆچوونن. ئەوەی کە جێی ناکۆکیە نرخێکە کە کۆماری ئیسلامیی بۆ وەرگرتنی زەمانەتی مانەوەی دەبێ بیدات. نرخەکەش قەرارە لەسەر ناوەرۆکی درێژەی ئەم کێشانە دیاری بکرێت.
لەم ڕووەوە نە دەوڵەتی ئەمریکا و نە کۆماری ئیسلامیی پلانیان نییە بچنە نێو شەڕێکی بەتەواو ماناوە بەم حاڵەوە درێژەی حاڵەتی نەشەڕ، نە وتووێژیش دەتوانێ حاڵەتێکی لەرزۆک بێت. لەبەر ئەوەی لە جەریانی ئەم کێشانەدا هەڵسەنگاندنی ڕێژەی تەحەمولی هەریەکیان لە لایەن ئەوی دیکەوە کارێکی هاسان نییە. داماوی ئابووری کۆماری ئیسلامیی زەمینەسازی ماجەراجووییە نیزامیەکانیەتی. کەوایە لە ئاکامی ئەم ماجەراجوویانەدا بێت یان توند بوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا و یان لە ئاکامی تەحریکاتی زل هێزە ناوچەییەکان و یان لە ئاکامی محاسباتی هەڵە، عەمەلیات و دەرگیریەکی نیزامی لە دەرەوەی بەرنامەش دەتوانێ دواهاتێکی کارەساتباری بەشوێنەوە بێت.
گومانی تیدا نییە کە بەرەوڕوو بوونەوەی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە گشتی بە زیانی بەرژەوەندی چینی کریکار و جەماوەری خەڵکی ئێران و ناوچەکەیە. هەروەک ئەوەی بەرتەسک بوونەوەی بازنەی گه‌مارۆ ئابوورییەکان بارودۆخی کار و ژیانی بۆ کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران دژوار تر کردووە، درێژەی فەزای جەنگیش لە خزمەت بە ئەمنییەتی کردنی فەزای کۆمەڵگادا و زیاتر بوونی سەرکوت دایە و ئاهەنگی درێژە و گەشەی ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکانی سست کردووە. لە وەها بارودۆخێکدا نابێ بێڵین هیچ بەشێک لە کۆمەڵگای ئێران لەبەر زۆربوونی دژه‌ ئەمریکایی گەری، بکەونە داوی تەبلیغاتی کۆنەپەره‌ستانە و ناسیۆنالیستی دیفاع لە سه‌روه‌ری کۆماری ئیسلامییەوە، نابێ ئیجازە بدرێت هیچ بەشێک لە کۆمەڵگا لەبەر دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی یان بێ هیوا بوون لە ڕەوتی بەرەو پێش چوونی خەبات بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە بە دخاڵەت گەری ئیمپڕیالیستی ئەمریکا و یان ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری هیوادار بن. چینی کرێکار و خەڵکی ستەم دیتوی ئێران دەبێ بزانن کە بۆ کۆتایی هێنان بە ئاسەواری وێرانگەری ئەم کێشمەکێشانە ڕێگایەک بێجگە لە پەرەدان بە خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی و ئاشکرا کردنی ماهیەتی راستەقینەی سیاسەتە ئیمپڕیالیستیەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و ئەو بەشە لە هێزی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی کە دڵیان بە دخاڵەتی ئەمریکا خۆش کردووە بوونی نییە.