کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نوسخەی وەزیری کاری ڕژیم تەوهین بە کەرامەتی کرێکاران و خوازیارانی کارە

735757

پێکهێنانی یەک ملیۆن کار یەکێک لە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی بوو. لە پێوەند لەگەڵ ئەم بابەتە “عەبدولمەلکی” وەزیری کاری ڕژیم، دەیان جار بە نەقشی وەزارەتی کار لە بەدیهاتنی ئەم درووشمە ئاماژەی کردووە. ناوبراو کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە پۆستی کارناسێکی ئابووری وتبووی کە، “بە یەک ملیۆن تمەنیش کاری بەرهەمهێنان دەکرێت،” ئێستا کە لە سەر کورسی وەزارەتی “کار تەعاوەن و ڕفاه” دانیشتووە دیسانیش لە سەر ناوەرۆکی مشتومڕهەڵگری ئەم باسە قسەکانی خۆی تەئکید دەکات و دەڵێت “سێ ساڵ پێش ئێستا وتم کە بە یەک ملیۆن تمەن ئەکرێت کارێکی پایەدار پێک بهێنرێت و ئێستاش بە تێپەڕ بوونی چەندین ساڵ و گرانی مەوادی سەرەکی دەتوانرێت بە یەک ملیۆن، کاری پایەدار پێکبهێنرێت.” بەڵام ئەوان هیچکات ئەوە ڕوون ناکەنەوە کە چۆن دەکرێت ئەم کارە ئەنجام بدرێت.

لەم پێوەندەدا مامۆستایەکی ئابووری زانکۆی “بێهشتی” دەڵێت: “بۆ پێکهێنانی دەرفەتی پیشەیی پێویستە سەرمایەگوزاری بکرێت.” کەوابوو دەبێت ببینین کە یەک ملیۆن کار چەندە پارە و سەرمایەی دەوێت و هەروەها دەبێت ڕوون بکرێتەوە کە لە چ بوارێکدا ئەم بەرنامەڕێژیە ئەنجام بدرێت. ئایا بە شوێن ناوەندی کاری نوێداین یان دەمانهەوێت پیشەکانی پێشتر پەرەپێبدەین و ناوەندەکانی لەکارکەوتوو بگەڕێنینەوە بۆ مەیدانی بەرهەمهێنان؟ ناوبراو هەروەها وتی “ئەگەر لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا دەکرا بە سێ ملیۆن تمەن پیشەیەکی پایەدار پێکبێت، ئێستا ئەم ڕەقەمە بەلەبەرچاوگرتنی گەمارۆ ئابووریەکان، چوونەسەرەوەی قیمەتەکان و نرخی دراو لەوانەیە بووبێتە ٣ یان ٤ بەرابەر.” واتە ئەگەر وایدابنین ئەم ڕەقەمە لە ئێستادا سێسەد ملیۆن تمەنە، کەوابوو بە سەد ملیارد تمەن سەرمایەگوزاری تەنیا دەتوانرێت بۆ نزیکەی سێسەد کەس پێشە پێکبێت.

بەلەبەرچاوگرتنی باسەکانی ناوبراو پێکهێنانی پیشەی پایەدار پێویستی بە لانیکەم سێسەد ملیۆن تمەن سەرمایەیە. بەڵام وادیارە وەزیری کاری دەوڵەتی ڕەئیسی پێداگری لە سەر ئەم وتەیەی خۆی دەکات و وادیارە کە بەتەمایە بە سەرمایەی یەک ملیون تمەن (واتە نزیکەی سی و پێنج دۆلار)پیشە پێکبێنێت و درووشمی یەک ملیۆن پیشە لە ساڵ بەمجۆرە وەدیبهێنێت. لەوانەیە بیهەوێت بە هەر خوازیارێکی کار یەک ملیۆن تمەن وام بدات و ئەگەر نەیانتوانی بەم پارەیە پیشە پێکبهێنن، بڵێن ئێمە واممان بە خەڵک داوە و ئاسان کاریمان بۆ کردوون بەڵام خەڵک لێهاتوویی پێویستیان نەبوو.

خاڵی جێگای سەرەنج ئەوەیە کە بە پێی ئاماری فەرمی وەزارەتی “تەعاون کار و ڕفاهی ئیجتماعی” ڕژیم لە کۆی بیست و شەش ملیۆن کەس جەمعیەتی ئامادەبەکاری وڵات نزیکەی ٥ ملیۆن کەس بەتەواوی بێکارن، واتە تەنانەت لە هەفتەدا یەک ساعەتیش کاریان نییە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئامارە نافەرمیەکان ژمارەی بێکارانیان زۆر زیاتر لەو ئامارانە بەراوەرد کردووە. زۆربەی ئەو کەسانەش کە کاریان هەیە لە باروودۆخێکی باشدا نین، یان پێشەی سەخت و نیوەوەخت بە گرێبەستی کاتی و سپی ئیمزایان هەیە، یان خاون پیشەی وەرزی و نافەرمین کە بیمە، خانەنشینی، لەکارکەوتوویی و باقیی خزمەتگوزاریەکانی کار نایانگرێتەوە.

بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراوی کرێکاران کە هەر ساڵ لە لایەن دەوڵەت و خاوەنکارانەوە دیاری دەکرێت و لە لایەن وەزارەتی کارەوە ڕادەگەیەندرێت، یەکجار کەم و غەیرە واقعییە و لە ڕاستیدا تەنیا قازانجپەرەستیی خاوەنکاران بەرئاوەردە دەکات. بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە هەرئەوەندە بەسە تا ڕەقەمی ڕاگەیەندراو وەکوو لانیکەمی حەقدەستی هەر ساڵەیان لە گەڵ هێڵی هەژاری ڕاگەیەندراوی هەمان ساڵ هەڵسەنگێندرێت تا مەودای ناعادڵانەو کارەساتباری دەرکەوێت. بۆ نموونە لەم ساڵدا لانیکەمی حەقدەست لە حاڵێکدا سێ ملیۆن و نیو تمەن ڕاگەیەندراوە کە هێڵی هەژاری بە پێی ئامارە فەرمیەکانی بانکی ناوەندی زیاتر لە دوازدە ملیۆن تمەن خەمڵێندراوە. واتە جیاوازی سێ بەرابەری! کە بە هۆی درێژەو بەردەوامی پتر لە چوار دەیەی ڕابردوو بۆ بەرپرسانی دژە کرێکاری ڕژیم بابەتێکی ئاساییە، بەڵام کارێگەری نەرێنی و خراپی هەموو ڕۆژێک بەسەر ژیانی خەڵکی هەژار و بێبەشی وڵاتدا سەپاندووە.

هەروەها زۆربەی دامەزراوان لە بنەڕەتدا، یاسای کاری وڵات و تەنانەت هەر ئەم لانیکەمە حەقدەستە فەرمییە و ئاسانکاریەکانی دیکەی ئەم یاسایەش نایانگرێتەوە و لێیان بێبەرین. واتە بە شێوەیەک گرێبەست لەگەڵ کرێکاران دەبەسترێت کە لە هیچ جۆرە  یاسا و ڕێسایێکی  پشتیوانی لە بواری لانیکەمی حەقدەست، ساعەتی کار، ساعەتی کاری بەردەوام، کاری شەوانە، بیمە، ئیزافەکاری، سەختی کار و هیتر نەیانگرێتەوە.

کەوابوو حەقدەست هەر جۆرێک کە خاوەنکار بیهەوێت، دەدرێت و کرێکاران بە لانیکەمی ئەمنیەتی پیشەیی هەموو کات لە مەترسی دەرکران و بێکاربوون دان و بەکردەوە چ لەو کاتەی کە کار دەکەن و چ لەو کاتەی کە دەردەکرێن ناتوانن بە هێچ شێوەیەک ناڕەزایەتی دەربڕن یان شکایەتی یاسایی بکەن. هەبوونی پێوەندیەکیی دەسەڵاتی یەکلایەنە لە لایەن خاوەنکارەوە نێسبەت بە کرێکاران، توانای هەموو جۆرە هەلپەرەستی و چەوساندنەوەی بە خاوەنکاران داوە و بەستێنێکی بۆ مەترسی جەستەیی، ڕۆحی، ئەخلاقی و هیتر پێکهێناوە کە هێندێکجار قەرەبوو نەکراوە بووە.

بێکاری گشتگیر و بوونی بەرینی هێزی کاری هەرزان لە کۆمەڵگا کە زۆربەیان خوێندنی باڵایان تەواو کردووە، بووەتە هۆی ئەوەی کە خاوەنکاران بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی دەوڵەت و پشت بەستن  بە یاسای “دژی کرێکاری” کار، لە بنەڕەتدا نەیانهەوێت و پێویستیان بە گۆڕینی ئەم باروودۆخە چەوسێنەرانەیە نەبێت و هەر ئەم بابەتە بووەتە هۆی ئەوەی کە پایە ئابووریەکانی توێژه زیانهەڵگرەکان و بەشێکی گەورە لە چینی مامناوەند بە تەواوەتی بڕووخێت، کە ئەوەش بە مانای نابوودی و مەرگی بەشێکی گەورە لە کۆمەڵگا و سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرچی بەرینترە.

یاسای کاری دەوڵەت بە ئاواڵەهێشتنەوەی دەستی خاوەنکاران و کارفەرمایانی زەرووسفەت لە دیاریکردنی حەقدەست و سەپاندنی بارودۆخی سەختی کار بە کرێکاران و بە پێکهێنانی شەرایەتێک بۆ چینی مامناوەند کە بێجگە لە کارکردنی زۆر و تاقەت پڕووکێن کە توانای دابین کردنی لانیکەمی پێداویستیەکانی سەرەتایی ژیانیان نییە و بە کردەوە برسیەتی، هەژاری و بێکاری لە ناو کۆمەڵگادا پەرەپێداوە.

کەوابوو نوسخەی وەزیری کاری ڕژیم بە کردەوە نە تەنیا پیشە پێکناهێنێت و کێشەی بێکاری لە وڵاتدا چارەسەر ناکات بەڵکوو سووکایەتیشە بە کرێکاران و خوازیارانی کار.