کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نمایشی هەڵبژاردنێکی موهەندیسی کراو بۆ دانانی سەرۆک کۆمارێکی نوێ، لەڕێدایە

171198298

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی جۆزەردان شۆڕای نیگەهبان ناوی ئەو کەسانەی ڕاگەیاند کە سەڵاحییەتەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی پشتڕاست کراوەتەوە، کە بریتین لە: مەسعوود پزیشکیان، مستەفا پورمحەممەدی، یەکێک لەو کەسانەی کە ساڵی ١٣٦٧ لەگەڵ ڕەئیسی ئەندامی هەیئەتی مەرگ بووە؛ سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زەکانی، ئەمیرحوسێن قازیزادە و محەممەد باقر قاڵیباف. ئەوانەی کە سەڵاحییەتیان ڕەت کرایەوە، وەک ئەحمەدی نەژاد و لاریجانی، لە زومرەی کەسە نزیکەکانی پێشووی دەرباری خامنەیی بوون کە ماوەیەکە کەوتوونەتە بەر غەزەبی ناوبراو. بوونی مستەفا پورمحەممەدی لەناو لیستی کاندیدە پەسەندکراوەکاندا، چ دانرابێت یان نا، نیشانەی ئەوەیە کە ڕژیم دەیەوێت بەم شێوەیە پەیامێک بۆ خەڵکی ئێران بنێرێت و پێیان بڵێ کە ڕێبازی ڕەئیسی وەک جەلادی ٦٧، بەردەوام دەبێت. هیچ گومان لەوەدا نییە کە وەک هەمیشە نمایشی هەڵبژاردنێکی موهەندیسی کراو لەڕێدایە. ئەو کەسەش کە بڕیارە لە سندووقی دەنگدان بێتە دەرەوە، پێشتر دەستنیشان کراوە. هیچ نیگەرانییەکیش لەبابەت ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لەم نمایشەدا بوونی نییە، چونکە هەر بۆخۆیان دەیبڕن و هەر چۆنێکیش بیانەوێت بەباڵای نیزامەکەیان دەیدوورن. هەموو نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو شتەی کە لە کۆماری ئیسلامیدا بە هەڵبژاردن ناودەبرێت، ئەمجارە لەگەڵ یەکێک لە بێوێنەترین و بەربڵاوترین بایکۆت لە ماوەی تەمەنی ٤٥ ساڵەی ئەم ڕژیمەدا بەرەوڕوو دەبێتەوە.

به‌ڵام ئه‌م نمایشی هەڵبژاردنە له کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ڕژیم لە دۆخێکی زۆر دژواردا بەسەر دەبات. کۆماری ئیسلامی چیتر ناتوانێ بەو شێوازانەی تا ئێستای فریوکاری و سەرکوت، درێژە بە دەسەڵاتدارێتی خۆی بدات و بە هیچ ڕادەیەک لە وەهم و پشتیوانی جەماوەری بەربڵاوی خەڵکیش پشتبەستوو نییە. گرانی و بێکاری و هەڵاوسان و بارودۆخی مەینەتباری ئابووریی، کاردی گەیاندووەتە سەر ئێسقان و پیاڵەی سەبری جەماوەری لێوڕێژ کردووە. بەجۆرێک کە دۆخی ئابووری ئەمڕۆی خەڵک، لەگەڵ هیچ قۆناغێکی ژیانی ئەم دەسەڵاتە بەراورد ناکرێت. خەڵک چیتر ناتوانێ بەردەوامی ئەم دۆخە تەحەمول بکات. ڕژیم ناتوانێت هیچ چەشنە ئاڵوگۆڕ و چاکسازییەک لە ژیانی خەڵکدا پێکبهێنێت و لە هەمان کاتدا هەر پاشەکشەیەکیش بەرامبەر بە داخوازییەکانی خەڵک، بە مەترسی بۆسەر مانەوەی خۆی دەزانێت. پێگەی پشتیوانی ڕژیم لە نێو لایەنگرانیدا زۆر بەرتەسک بووەتەوە و بازنەی سەرەکی دەسەڵات، بەهۆی بەدگومانی و نیگەرانی لە مانەوە خۆی، هەر ڕۆژەو بەشێک لە نزیکترین کەسانی دەوروبەری خۆی پاکسازی دەکات یان لە بازنەی دەسەڵات دووریان دەخاتەوە. هەڵوێستی خەڵکی ناڕازی سەبارەت بەم شانۆگەرییەی هەڵبژاردنە، نەک هەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، بەڵکوو ئیدانە و شەرمەزارکردنی بەشداریکردنە لەم نمایشە گاڵتەجاڕانەدا. لە ڕاستیدا ئەوەی کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بەناوی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوە دەچێت، جگە لە بەیعەت

لەگەڵ خامنەیی و پەیڕەویکردن لە ستراتێژی سپای پاسداران بۆ خزمەت بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی، هیچی تر نییە. بۆ زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران، کۆماری ئیسلامی لە ڕیزی ڕژیمە ئیسلامییەکانی دیکەی ناوچەکە لەوانە داعش، تاڵیبان، حیزبوڵڵا و هیتر دایە، بەو جیاوازییەی کە ئەم ڕژیمە دەرفەتی زیاتری لەبەردەستدا بووە بۆ ئەوەی کە ژەهری خۆی بڕێژێتە ناو جەستەی ئەم کۆمەڵگایە و ناوچەکە بەگشتی و مەینەتی و نەهامەتییەکی زیاتری بەسەر ژیانی خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا سەپاندووە. پاڵپێوەنای ٧٠٪ی خەڵک بۆ ژێر هێڵی هەژاری، ئەویش لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک لە سامانی سروشتی دانیشتووە، بێبەشکردنی هاوڵاتیان لە سەرەتاییترین ئازادی و مافی کۆمەڵایەتی، کوشتاری بەکۆمەڵ، ئەشکەنجە، ئێعدام و تیرۆر، سەپاندنی کۆنەپەرستانەترین یاسا و ڕێساکان بەسەر ژنان و ژیانی کۆمەڵانی خەڵکدا، دژایەتی لەگەڵ ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی نەتەوە ستەملێکراوەکان و پەرەسەندنی کارەساتبارترین زیانە کۆمەڵایەتییەکان، ئاکامی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارێتی ڕژیمی ئیسلامییە.

تایبەتمەندی ئەم نمایشی هەڵبژاردنە، بە بەراورد لەگەڵ نمایشەکانی پێشوو، ئەوەیە کە ئەمجارە ئاستی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن و نمایشی دێموکراسی و هتد، ئەولەویەتی ڕژیم نییە، کێشەی بەشداریکردن لە ڕێگای ئەو فێڵ و فریوکاریانەی کە بۆ هەمووان ئاشنان، چارەسەر و موهەندیسی دەکەن. بەڵکوو کێشەی ڕژیم ئەوەیە کە بتوانێت لە هەموو ئاستەکاندا خۆیان بۆ ئەو ڕووبەڕووبوونەوە چارەنووسسازانە ئامادە بکەن کە چاوەڕێی دەکەن. کۆماری ئیسلامی ستراتیژێکی نوێی بۆ مانەوەی خۆی گرتۆتە بەر. ئەگەر لە ڕابردوودا وەهم و فریودان جێگەیەکی لەم ستراتێژەدا هەبوو، ئەمڕۆ ئیتر تەنیا پشتبەستووە بە ئامرازەکانی هەڕەشە و زاڵکردنی فەزای ترس و تۆقاندن و سەرکوت. بەڵام ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک دەرفەتی دەبێت ئەم ستڕاتێژە لە ڕەهەندە نوێیەکانیدا جێبەجێ بکات و ئەگەریش جێبەجێی کرد، تا چەند کاریگەری دەبێت، بێگومان لە ژێر پرسیاردایە. هەر وەک چۆن لەدوای کوشتاری بەفرانباری ٩٦ و ڕەزبەری ٩٨ نەیتوانی خەڵکی ناڕازی چاوترسێن بکات و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، سەری هەڵدا. لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەیان هەزار کەسی دەستگیر کرد و زیاتر لە ٦٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون. بەڵام سیاسەتی سەرکوت تەنانەت لەم ئاسەتەشدا نەیتوانی خەڵک لە خەبات لەپێناو گەیشتن بە دروشم و داواکارییەکانیان دڵسارد بکاتەوە. هەرئێستاش درێژەی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانە، لە خۆڕاگریی قارەمانانەی ژنان لە بەرامبەر حیجابی ئیجباری و مانگرتنی کرێکاران و خانەنشینان و هەروەها بزاڤی بوێرانەی دادخوازاندا دەبینین. ئەمڕۆ ڕژیم سەرکەوتنی خۆی له بەڕێوەبردنی ئه‌م بەناو هەڵبژاردنە، لەوەدا دەبینێت کە ئەو پرۆسەیە بە هێمنی و بەبێ سەرئێشە تێپەڕ بکات. ئەگینا خەمی شکڵگرتنی ڕیزی دوور و درێژی لەبەردەم سندووقەکانی دەنگداندا نییە. سپاییەکان، بەسیجییەکان، ئەرتەش، بەشێک لە دەست و پێوەندەکانی سەر بە دام و دەزگاکانی ڕژیم و بنەماڵەکانیان، بەردەوام بۆ وەڕێخستنی نمایشێکی لانیکەمی، بەردەستن و ئەمجارە هەر ئەوەندە بەسە بۆیان کە لەگەڵ کێشەی “دەنگی من کوا”، بەرەوڕوو نەبنەوە. خەڵک دەنگ بە ڕژیمێکی گەندەڵ نادەن کە لە ماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارێتی خۆیدا زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێرانی خستووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە و جگە لە بێبەشکردن و زەوتکردنی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، ئەشکەنجە و کوشتار و تیرۆر، هیچی دیکە لە کارنامەیدا نییە.