نەفرەتی خەڵک لە دەسەڵاتی ئسیلامی و ئیسلامی سیاسی هێندە بەرچاو و قووڵە کە تەنانەت کۆمەڵێک لە ئاخوندە ڕێفۆرمخوازەکانیش کەم و زۆر دانیان پێداناوە. ئاخوندێک بەناوی فازڵ مەیبۆدی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی حکوومەتیی ئیلنا وتوویەتی کە لاوان لە نوێژکردن دوور کەوتوونەتەوە. هەر ئەم ئاوەندە وتووشیەتی کە زۆرێک لە تەڵەبەکان لە ترسی نێونیتکەی خەڵک، کەمتر بە جلی ڕووحانییەتەوە لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەون. هێندێک لە ئاخوندەکان وتوویانە کە “خەڵک زۆر جار لەسەر شەقام پێیان وتووین مارمێلکە، یان وتوویانە حاجی بێنزەکە بەدەستتان نەگەیشت؟”
محەممەد تەقی فازڵ مەیبۆدی ڕاشکاوانە وتوویەتی کە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێراندا، “نیگای خەڵک بەنیسبەت ڕووحانییەت، نیگایەکی خراپە”. وتەکانی ئەم ئاخوندە پاش ئەوە هاتە گۆڕێ کە لە شاری قۆم، تەڵەبەیەکی لاو بەخاتری حیجاب ژنێکی “ئەمری بە مەعڕووف” کردبوو و پاشان مێزەرەکەی لە لایەن ئەو ژنەوە پێشێل کرابوو.
بەپێی ڕاپرسییەک کە لە خەرمانانی ١٣٩٩دا بڵاوکرایەوە نزیکەی نیوەی کۆمەڵگای ئێران لە دیندارییەوە بە بێ دینی گەیشتوون و تەنیا ٣٢ لەسەدی کۆمەڵگا خۆیان بە “مسوڵمانی شیعە” دەزانن. بەپێی ئەم ڕاپرسییە نزیکەی ٦٠ لەسەدی کۆمەڵگا ڕایگەیاندووە کە نوێژ ناکەن. ٦٨ لەسەدی کۆمەڵگای ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن کە نابێ ئەحکامی دینی پێوەری یاسادانان بێت. بەپێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە ٧١ لەسەدی کۆمەڵگای ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن کە ناوەندە دینییەکان دەبێت خۆیان خەرجییەکانیان دابین بکەن و هەروەها ٤٢ لەسەدیش پێیان باشترە کە تەبلیغ کردنی هەموو دینەکان لەئاستی گشتیدا قەدەغە بێت.
ڕاپرسیی گرووپی “توێژینەوەی بیروڕای ئێرانییەکان”، نیشانی داوە کە ٥٧ لەسەدی کۆمەڵگا دژی ئەوەن کە وانەی دینی لە مەدرەسەکان بە منداڵەکانیان بوترێت. هەروەها ئەم ڕاپرسییە نیشانی دەدات کە ئەساسەن ٥٨ لەسەدی کۆمەڵگا باوەڕیان بە حیجاب نییە.
ئەوەیکە باسی لێکرا واقعییاتێکی ئاشکران و بووەتە هۆی نیگەرانیی ژمارەیەک لە خاوەنانی دەسەڵات. سەرمایەداران و توێژە خۆشبژێوەکانی کۆمەڵگا بە گەڕاندنەوەی هەموو نەهامەتییەکانی کۆمەڵگای ئێران بۆ هێندێک ئاخوندی دەنک درشت و هەیئەتی دەسەڵاتداری ڕژیمی ئسیلامی، هەوڵ دەدەن ڕیشەی واقعیی ئەم نەهامەتییانە لە خەڵک بشارنەوە و سیستەمی سەرمایە و گشت مەزهەب لەژێر زەبری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بێننە دەر.
کۆماری ئسیلامی ڕژیمێکی سەرمایەدار و مەزهەبییە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٥٧دا بۆ دەربازکردنی خاوەنداریەتیی تایبەتی بورژوایی و سیستمی دەسەڵاتداری پارێزەری، بە یارمەتیی ئیمپریالیستەکان دەسەڵاتی زەوت کرد. ڕەفسەنجانی لە کتێبی بیرەوەرییەکانی خۆیدا دانی بەم واقعییەتە داناوە و ناوبراو دژی زەوتکردنی کارخانە، مەعدەن، ماڵ، بورج و یان زەوی بووە. سەرانی ئەوکاتی ئەمریکا، لەوانە جیمی کارتێر لایان وابوو کە نەک ئاخوندەکان، بەڵکوو نێهزەتی ئازادی و کەسانێکی وەک بازەرگان ڕزگاری بەخشی دەوڵەتی بورژوازیی زەربەدیتوو لە شۆرشی ٥٧ و ڕاپەڕینی ڕێبەندان دەبن.
خودی خومەینیش ڕاشکاوانە وتی کە ئەو ناکەوێتە سەرووی حکوومەتەوە. بەڵام قووڵبوونەوەی شۆڕش پاش ڕووخانی حکوومەتی پەهلەوی بۆ وەدیهاتنی نان، کار، ئازادی ڕێگەی بە خومەینی نەدا تا بەڵێنێک کە بە کارتێر و باقیی دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی ئەمریکای لەپێناو ئارام کردنەوەی ئێران دابوو، بەرێتە سەر. سەرانی کۆماری ئیسلامی پاش ٤٠ ساڵ سەرەڕای وەڕێخستنی ئەشکەنجەخانە و جەنایاتێکی زۆر نەیانتونی دەسەڵاتێکی سەرمایەداریی ئاسایی دابمەزرێنن. هەوڵ بۆ ڕێکخستنی چەوساندنەوەی توند لە جەرگەی دیکتاتۆرییەکی هاریشدا نەیتوانی یارمەتییان بدات. کەوابوو ڕیشەی نەفرەت و تووڕەیی خەڵک بەدەر لە ئاخوندەکان لە خودی سیستمی سەرمایەداری و ئیسلامی سیاسی دایە. بەرین بوونی بزووتنەوەی کرێکاران و باقیی خەڵکی ئازادیخواز و داخوازیی دژە دیکتاتۆری و دژە سەرمایەدارییان هەر لەم واقعییەتەوە سەرچاوە دەگرێت.
نەفرەت لە دەخاڵەتی مەزهەب لە دەسەڵات و ژیانی گشتی، بەتایبەت ئیسلامی سیاسی بابەتێکی جیهانییە. هەروەها بێ باوەڕی بە توانای سەرمایەداری لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکانیش بابەتێکی جیهانییە. لەبەر ئەوەیکە ئەم سیستمە جیهانی بۆ دانیشتووانی کردووەتە شوێنێکی پڕ لە نەهامەتی و دژواری و مەترسی. هەموو ئاراستە سەرەکییەکانی بورژوایی لەوانە لیبرالیسم، نێئۆلیبرالیسم، فاشیسم و ئیسلامی سیاسی لەگەڵ هەر کردەوە و حەرەکەتێک، کۆمەڵگایان بەرەو هەژاری زیاتر، توندبوونەوەی دیکتاتۆری، گەندەڵیی بەرینتر، دژایەتی لەگەڵ ژنان و مافەکانیان و گەلێک نەهامەتیی هاوشێوە بردووە. بڵاوبوونەوەی ویرووسی کۆرۆنا لەئاستی جیهانیدا ئەم بابەتەی ڕوونتر لە هەمیشە نیشان دا. لە وڵاتێکی وەکوو ئێران کە دەسەڵاتێکی دینیی گەندەڵ، چەوسێنەر و دیکتاتۆر دەسەڵاتدارە، ئەم واقعییەتە ئاشکراتر لە هەمیشە دەبیندرێت.
پەرەسەندنی هەژاری، لەناوبردنی ژینگە، توندبوونەوەی چەوساندنەوە و دیکتاتۆری لە وڵاتانی پێشکەوتوو و لە حاڵی گەشە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بێتوانایی بورژوازی و ئاراستە و دەوڵەتەکانی بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی کێشەی وڵاتەکان، نیشانی دەدات کە سۆسیالیسم تەنیا بەدیلێکە کە دەتوانێ جیهان لەسەر لێواری هەڵدێر ڕزگار بکات و بیهێنێتەوە شوێنێک کە تێیدا کۆمۆنیستەکان، کرێکارانی پێشڕەو و مرۆڤە ئازادیخوازەکان بتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە دوایین دەستکەوتەکانی زانست و تێکنۆلۆژی، مرۆڤایەتی بەرەو ڕزگاری هیدایەت بکەن.