رۆژی پێنجشەممە ٢١ی مانگی سپتامبر، بەرابەر لەگەڵ ٢٩ی مانگی خهرمانان رۆژی جیهانی ئاشتییە. بە پێی شێوازی هەموو ساڵێک، زەنگی ئاشتی رۆژی ٢١ی سپتامبر لە مقەڕی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک لێدەدرێت. ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ساڵی ١٩٨١ دا رۆژی ٢١ ی مانگی سپتامبری وەک رۆژی جیهانی ئاشتی ڕاگەیاند و لە ساڵی ١٩٨٢ بە دواوە ئەم رۆژە بەو ناوەوە چووە نێو تەقویم و ساڵنامە جۆراو جۆرەکانەوە. هەموو ساڵێک هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەم رۆژەش لە ناوەندی ئەم ڕێکخراو” ڕێزی” لێدەگیرێت. بەڵام گاڵتەی رۆژگار ئەوەیە کە ئەوانەی رێز لە رۆژی ئاشتی جیهانی دەگرن لە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە هەمانحاڵدا خۆیان هەڵگیرسێنەرانی شەڕ و سەبەبکار و سەرچاوەکانی ئاوارەیی و هەژاری و توندوتیژین لە دنیادا. ئەوان لەحاڵیکدا لەو رۆژەدا باس لە ئاشتی دەکەن کە هەوڵ ئەدەن، قەیرانە ئابووریەکانیان بە پەرەدان بە کێبڕکێی تەسلیحاتی کۆنترۆڵ بکەن، عەمبار و زەرادخانەکانیان رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر لە چەکی کوشتاری بە کۆمەڵ دەئاخنن و لەژێر سێبەری شەڕ و یان ترس و وەحشەت لە شەردا درێژە بە مانەوەیان ئەدەن.
رۆژی جیهانی ئاشتی لە حاڵێکدا نزیک دەبێتەوە کە لە ئاکامی شەڕ و توندتیژی و تیرۆر، هەژاری ، ئاوارەیی و دیکتاتۆڕیدا، ئەمرۆ گەلێک برینی قوڵ کەوتۆتە سەر جەستەی بەشەریەت. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئاگری شەڕە ئیمپڕیالیستیەکان، ناوچەیی و نیابەتیەکاندا دەسوتێ. لە ناخی شارەکانی ئوروپا و ئامریکادا تیرۆریزم، بێ ترس گیانی ئینسانە بێ دیفاعەکان دەستێنێ. هەر ئێستا لەگەڵ تیرۆریزمی ئیسلامیدا کە هیچ سنورێک ناناسێ، ١٤ وڵاتی دنیا ڕاستەوخۆ دەرگیری شەڕن. شەڕی سوریە سەدان هەزار کوژراو، چەند بەرابەر کەم ئەندام، دە ملیۆن ئاوارەی بە دوای خۆیدا هێناوە. عێڕاق لە ئاگری شەڕی مەزهەبیدا گیری خواردوە و هێشتا شەڕ لەگەڵ داعش کۆتایی نەهاتووە کە دەوڵەتی ئەم وڵاتە خەریکی ئامادەکارییە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لەدژی خەڵکی کوردستان. لە یەمەن تەنیا بە هۆی بۆمبارانی فرۆکە شەرکەرەکانی عەرەبستانی سعودیەوە لە ساڵی ٢٠١٥ بەملاوە، نزیکەی ١٥ هەزار کەس لە خەڵکی ئاسایی کوژراون و ٢٠ هەزار کەس بریندار و کەم ئەندام بوون کە زیاتریان منداڵن. لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بڵاوی کردۆتەوە، هاتووە کە تەنیا لە ساڵی ڕابردوی زاینیدا ٣٥١٢ منداڵ بوونەتە قوربانی شەڕی نێوان تالیبان و دەوڵەتی ئەفغانستان. هەرلەم ساڵەدا ١١ ههزار و ٤١٨ غەیرە نیزامی لەم وڵاتەدا کوژراون و بریندار بوون. لیستی کانونە شەڕ لێدراوەکان لە دنیادا دوور و درێژتر لەوەیە کە لەم وتارەدا بگونجێ.
لەپاڵ شەڕدا، قاتی و قڕی و نەخۆشی و ئاوارە بوون، بەرۆکی قاڕەی هەمیشە برسی ئەفریقا بەرنادات. رۆژی جیهانی ئاشتی لە حاڵێکدا ڕێز لێدەگیرێت کە لە ئاکامی شەڕ و توندوتیژی و هەژاری و نائەمنیدا، ٦٥ ملیۆن کەس ماڵ و حاڵیان جێهێشتوە و ئاوارە بوون. لە گەلێک لە شوێنەکانی دنیا سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤ بە توند ترین شێوە پێشێل دەکرێت. براوەی خەڵاتی جیهانی ئاشتی، بانی و پاساودەری وەحشیانە ترین کوشتار و پاکسازیە قەومی و مەزهەبیەکانە لە میانمار. کار گەیشتۆتە جێگایەک کە لە سەحنی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و لە ساڵیادی رۆژی جیهانی ئاشتیدا، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەهۆڵی شەڕ دەکوتێ و هەڕەشەی لەنێو بردنی بە تەواوەتی خەڵکی هێندێک وڵات دەکات. ژن ئازاری و توندوتیژی لەدژی ژنان، منداڵ ئازاری، کاول کردنی ژینگە هێشتا لە هەموو شوێنێکی ئەم دنیایەدا لەوپەڕی خۆیدایە.
زۆربەی ئەوانەی کە لەمرۆدا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کۆبوونەتەوە و زەنگی ئاشتی لە حوزوری ئەواندا لێئەدرێت، ڕێکخەرانی ئەڕتەشە سەرتاپا چەکدارەکان، بەرهەمهینەران و زەخیرە کەرانی چەکە کۆمەڵ کوژەکان، هەڵگیرسێنەرانی شەڕەکان، دامەزرێنەرانی زیندان و ئەشکەنجەگاکان و دارەکانی ئێعدام، پێشێل کەرانی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، سەبەبکارانی چەوسانەوەی منداڵان، سەردەستەی مافیای سەروەت و دەسەڵات، تاوانبارانی ڕیزی یەکەمی سەرجەم خەسارە کۆمەڵایەتیەکانن. ئەوان پاسدارانی نیزامێکن کە بەرهەمی ڕەنج و کاری بە میلیارد ئینسان هەڵدەلوشن و ڕێگای خۆیان بە ناخی ئاگر و خوێندا بە قیمەتی زەوت کردنی مافی ژیان لەم ئینسانانە خۆش دەکەن. ئەوان پاسدارانی نیزامێکن کە بە هۆی قازانج پەرستی خۆیەوە ڕەحم نە بە ژینگە و نە بە ئینسانیش ناکات. لە سەرویانەوە کەسانێکی وەک دۆناڵد ترامپ بوونی هەیە کە تەنانەت قەراردادێکی فۆرماڵیش بۆ پارساتنی ژینگە بە پێویست نازانێ و قەبوڵی ناکات.
لە ئاوا بارودۆخێکدا بەشەریەت تەنیا دوو ڕێگای لەبەر دەمدایە. یان بە چارەنووسێک کە ئەمانە بۆ ئینسانیان دیاری کردوە، ڕازی بێت کە لەم حاڵەتەدا سەرئەنجامێکی بێجگە لە لەنێوچوونی شارستانیەت و فەرهەنگ و گشت دەست کەوتەکانی بەشەری بەدواوە نابێت و لە باشترین حاڵەتدا ئینسان، هەڵبەت ئەگەر ئینسانێک مابێتەوە، دەیگێڕنەوە بۆ بەڕبەڕیەتی هەزاران ساڵی ڕابردو. یان کۆمەڵگا لەم گوزەرگا سەخت و دژوارە دەپەڕێننەوە و بەرەو دنیایەکی دوور لە شەڕ و توندتیژی، پڕ لە ئازادی و ڕیفاه و یەکسانی، دنیای سۆسیالیزم ڕێبەری دەکەن. دنیایەک کە تێیدا سەرجەم ئەو هەڵاواردنە ئابووری، جنسی، ڕەگەزی، نەتەوەییانەی کە بوونەتە سەبەبی شەڕ و توندتیژیەکان، هەڵدەوەشێننەوە، کۆمەڵگایەک کە تێیدا بەرین ترین ئازادییە فەردی و سیاسیەکان بەدی دێت. کۆمەڵگایەک کە خورافات و دواکەوتوییە فەرهەنگیەکان دەخرێنە مۆزەخانەی مێژوەوە و دۆخێک فەراهەم دەبێت کە تێیدا ” گەشەی ئازادی هەر کەسێک مەرجی ئازادی هەموان بێت.”
بەڵام وەها کۆمەڵگایەک خۆی لە خۆیەوە لە دایک نابێت. ناکۆکی و قەیرانەکانی نێوخۆی ئەم نیزامە، چەوساندنەوە و شەڕ و هەژاری خۆیان لە خۆیانەوە نابنە هۆی لەنێوچوونی. ئەم ئاڵوگۆرە چارەنووس سازە پێویستی بە وشیاری، ڕێکخراوی و ڕێبەریی، بە خەباتی ئامانجداری کرێکاران، ئەوانەی کە هیچ قازانجێکیان لە بەردەوام بوونی ئەم مناسباتەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئێستادا نییە، بە خەبات و هەڵسوڕانی هاوبەش و بەیەکەوەی هەموو ئەو ئینسانانەی کە مەترسیەکانی ئەم نیزامە ژیانی ئەوانیشی بەرەو نابوودی پاڵ پێوەناوە، هەیە. ناکرێ چاوەڕوانی ئاشتی جیهانیت لە شەڕ سالاران هەبێت، دەبێ بە هێزی خۆمان و بۆ سەقامگیر کردنی ئاشتیەکی ڕاستەقینە دەست بخەینە نێو دەستی یەکەوە.