دانیشتووانی ناوچەی “کەمەربەندی” شاری پیرانشار، بەهۆی پیسبوونی لە ڕادەبەدەری ئاوی خواردنەوەی شارەکەیان و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ئەو شارە لە بەرانبەر چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە، ناڕەزایەتیان دەربڕی.
بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە تۆڕی میدیایی کۆمەڵە، ڕۆژی پێنجشەممە ئاوی سەرجەم ماڵەکانی ناوچەی “کەمەربەندی” شاری پیرانشار بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر قوڕاوی بووە، بەجۆرێک کە ناکرێت تەنانەت بەمەبەستی خۆشۆردنەوەش بەکاری بێنن. سەرەڕای ئاگادار کردنەوەی لایەنی پەیوەندی دار بەو بابەتەوە، هێچ هەنگاوێکی کردەوەیی بە مەبەستی چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە نەگیراوەتە بەر. دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بە تۆمار کردنی چەند دیمەنێک لە ئاوی خواردنەوەی شارەکەیان، داوای بەپەلە چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە دەکەن.