کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانی دانیشتووی هەورامان، ڕۆژی چوارشەممە لە بەرانبەر کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕژیم لە ئاست دابین نەکردنی پێداویستیەکانی سەرەتایی ژیان و پشتگوێ خستنی ئەو ناوچەیە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەییشتوو، هاووڵاتیانی ناوچەی هەورامان لەو کۆبوونەوەدا ڕایانگەیاندوو: لەماوەی ساڵانی ڕابردوو کۆمەڵێک بەرپرسی ڕژیم سەردانی هەورامانیان کردووە و بەڵێنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریان بە خەڵکی ئەو ناوچەیە داوە، کەچی هەتا ئێستا یەک هەنگاوی کردەوەیی و یەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەو ناوچەیە جێبەجێ نەکراوە و هەر ئەمەش بەسە بۆ نیشاندانی ناشایستە بوونی بەرپرسانی ڕژیم. جێگای ئاماژەی ماوەی چوار ڕۆژە هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە بەبێ بەرق ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی بارینی بەفر و داخرانی ڕێگای سەرەکی گوندەکانیان، ماددە خوراکیەکانی وەک نان و میوە بەتەواوەتی لەو گوندە تەواو بووە و هەر ئەمەش ژیانی هاووڵاتیانی تووشی گرفتێکی گەورە کردووە.