بەپێی هەواڵی گەیشتوو، کرێچییەکانی شاری شنۆ لە ناڕەزایەتی بە گرانبوونی ١٠ بەرانبەری کرێی خانوو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو و دەست نەکەوتنی خانووی کرێ ناڕەزایەتیان دەربڕی و بەرپرسانی ڕژیمی ئەو شارەیان بە کەمتەرخەمی لە بەرانبەر دانیشتووان و گەنجانی ئەو شارە تۆمەتبار کرد.
لەو پێوەندیەدا هاوڵاتیەکی دانیشتووی شاری شنۆ، بە تۆڕی میدیایی کۆمەڵەی ڕایگەیاند، ماوەی زیاتر لە چوار مانگە خاوەن ماڵەکەم جوابی کردووم و سەردانی هەموو کۆڵان و نووسینگەکانی بەکرێدانی خانوو لە گەڕەکەکانی ئەو شارەم کردووە کەچی ١٠ بۆ ١٥ بەرانبەر زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو کرێی خانوو چووەتە سەرەوە و لە توانای چینی کرێکار و گەنجانی ئەو شارەدا نییە کە ئەو بڕە پارەیە دابین بکەن، جێگای ئاماژەیە هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار ڕژیم، ئەو گرانبوونە کونتڕۆڵ ناکات و ئەو گرانبوونە کۆمەڵێک کێشە بۆ هاوڵاتیانی سەرجەم شارەکانی ئێران درووست کردووە.