بەپێی هەواڵی گەییشتوو، ڕۆژی ڕابردوو ئەنجومەنی سنفی کرێکارانی بیناسازی شاری پیرانشار بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە بەرانبەر دیاری کردنی ئاستی حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی ناڕەزایەتیان دەربڕی.
لەو بڵاوکراوەدا کرێکارانی بیناسازی شاری پیرانشار ڕایانگەیاندووە دیاری کردنی ناپسپۆڕانەی ئاستی حەقدەستی کرێکارانی بیناسازی لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بە توندی شەرمەزار دەکەن و داوایان کردووە بە سەرەنجدان بە ئاستی گرانی و هەڵاوسان لە ئێراندا حەقدەستەکانیان بۆ زیاد بکرێت. جێگای ئاماژەیە لە بەشێکی دیکە لەو نامەدا ئاماژەیە بەوە دراوە کە کرێکارانی وەرزی کە ماوەی ٦ مانگ لە ساڵێکدا کاریان دەست دەکەوێت ئاستی حەقدەستیان لە بەرانبەر ساڵی ڕابردوو لە جیاتی ئەوەی کە زیاد بکرێت کەمی کردووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی ئەو کرێکارانە.