کاتژمێر ١٠ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی مانگی ڕەزبەر، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنە بە هەڵگرتنی پلاكارد لە دژی توندوتیژیی بۆ سەر ژنان، لە بەرانبەر دادگای ئەو شارە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
خۆپێشاندەران بە وتنهوهی دروشمی “ئیدی بەسە”، “نا بۆ ژن کوژی”، “هەموومان فائیزەین”، “ئێمە داوای ڕوونکردنەوەی هۆکاری مەرگی “فائیزە دەکەین”، “ئیدی هیچ شوێنێک بۆ ژنان ئەمن نییە”، بەرانبەر بە بەرز بوونەوەی ئاماری کوژرانی ژنان و بە ئەنجام نەگەیاندنی دۆسیەکەیان لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە، ناڕەزاییان دەربڕی. جێگای بیرهێنانهوهیه “فائیزە مەلەکی” کچێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی سنە بوو کە له ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵی مردنی بەهۆی سووتانەوە بڵاوبووەوە؛ هەندێ سەرچاوە دەڵێن، باوکی بە تۆمەتی خۆشەویستی سوتاندوویەتی، بەڵام باوکی ئەوەی رەتکردووەتەوە و له جیاتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە رۆژی یەکشەممە داوکاری گشتیی سنە رایگەیاند، رێکاری یاسایی دژی ئەو پزیشکەی كه ههواڵی سووتاندی “فائیزهی” بهڵاو كردووهتهوه دەگیرێتەبەر.