بەشێکى زۆر لە کاسبکارانی شارۆچکەى “مەخمور” دژی ڕێگریکردن لە هێنانى پێداویستیى و خۆراک لەلایەن هێزه سنوورییهكانی حکومەتی عێراقەوە بۆ ناو شارۆچکەکەیان كۆبوونهوه و ڕێگاى سەرەکى “هەولێر- مەخمور”یان داخست.
به وتهی كاسبكارانی شارۆچكهی مهخموور، هەشت ڕۆژە بازگەکانی سوپای عێراق لە مەخمور ڕێگە نادەن، کە هیچ کەلوپەلێک لە هەولێروە بۆ مەخمور بچێت، لەکاتێکدا بژێوى ژیانیان لهو ڕێگهوه دابین دهكرێت. جێی ئاماژهیه كه ماوەى چەند ڕۆژێکە بەرپرسانى بازگەکانى حکومەتى عێراق ڕێگەیان نەداوە، کاڵا و پێداویستیەکانى دیکە بڕواته ناو شارۆچکەى مەخمور و ئەوەش نیگەرانى فرۆشیاران و کاسبکارانى ناوچەکەى بەدواى خۆیدا هێناوە و داوا دهكهن بهزووترین كات كێشهكانیان چارهسهر بكرێت.