كۆمه‌ڵێك له لاوان و وه‌رزشوانانی مه‌ریوان به‌هۆی نه‌بوونی ئیمكاناتی وه‌رزشی له شاره‌كه‌یان ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه و داوایان كردووه ئاوڕێك له یاریگه و باشگاكانی وه‌رزشی ئه‌و شاره بدرێته‌وه.
كۆمه‌ڵێك له لاوان و وه‌رزشوانانی شاری مه‌ریوان به نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی نامه‌یه‌ك بۆ ڕای گشتی له نه‌بوونی ئیمكاناتی وه‌رزشی له شاره‌كه‌یان گله‌ییان كردووه و ڕایانگه‌یاندووه نه‌بوونی ئیمكاناتی وه‌رزشی له شاره‌كه‌یان بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه لاوان له جیاتی به‌سه‌ر بردنی كات له باشگاكان و وه‌رزش كردن كاته‌كانی خۆیان به دانیشتن له نێو پاركه‌كان به‌فیڕۆ بده‌ن. هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا وه‌رزشوانێكی مه‌ریوانی باس له خراپی دۆخی باشگای ژیمناستیكی شاره‌كه‌یان ده‌كات و ده‌ڵێت وه‌ك له وێنه‌كاندا ده‌ر ده‌كه‌وێت به‌هۆی نه‌بوونی دۆشه‌ك له باشگاكه‌یان هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت لێره وه‌رزش بكات، ئه‌گه‌ر بێت و به هه‌ڵه بكه‌وێته سه‌ر زه‌وی قاچ و ملی ده‌شكێت و داوا ده‌كات كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ باشگاكه‌یان دابین بكرێت.