ئێواره‌ی دووشه‌ممه ٢٨ی مانگی خه‌رمانان، دانیشتووانی شاره‌كانی تاران، مه‌شهه‌د، ئیسفه‌هان، ڕه‌شت، كه‌ره‌ج و گه‌وهه‌رده‌شت دژبه سیسته‌می سه‌ركوتی كۆماری ئیسلامی و به وتنه‌وه‌ی دروشم دژبه ڕێبه‌ری ڕژیم، ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، خه‌ڵكی ناڕازی شاری مه‌شهه‌د له ناڕه‌زایه‌تی به كوشتنی “مه‌هسا ئه‌مینی” له پاركی میلله‌تی ئه‌و شاره كۆبوونه‌وه و به‌یادی “مه‌هسا” سروودی “یاری ده‌بستان”یان خوێنده‌وه و پاشان به ڕێپێوان له شه‌قامه‌كانی ده‌ورووبه‌ری دژبه “خامنه‌یی” دروشمیان وته‌وه.له شاری تاران خه‌ڵكی ناڕازی له شه‌قامه‌كانی حیجاب و بلواری كه‌شاوه‌رز كۆبوونه‌وه و ژنان په‌چه‌ی كۆیلایه‌تییان له‌سه‌ر لادا و كاتێك ڕێژه‌ی خۆپێشانده‌ران زۆرتر بوو به‌ره‌وه شه‌قامی “وه‌لی عه‌سر” به‌ڕێكه‌وتن و دژبه خامنه‌یی و حكوومه‌ته سه‌ركوتگه‌ره‌كه‌ی دروشمیان وته‌وه و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم به‌شه‌ڕهاتن و چه‌ند ئۆتۆمبێل و ماتۆڕی هێزه‌كانی ڕژیمیان ئاوردا. هه‌روه‌ها خه‌ڵكی ناڕازی ڕه‌شت به وتنه‌وه‌ی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” له ناوه‌ندی ئه‌و شاره كۆبوونه‌وه،به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژیمه‌وه هێرشیان كرایه سه‌ر و لاوانی شۆڕشگێڕی ئه‌و شاره له‌گه‌ڵیان تێكهه‌ڵچوون و چه‌ندین كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ركران. هه‌روه‌ها خه‌ڵكی ناڕازی شاری كه‌ره‌ج و گه‌وهه‌رده‌شت له ناڕه‌زایه‌تی به كوشتنی “مه‌هسا ئه‌مینی” ڕژانه سه‌ر شه‌قام و دژبه خامنه‌یی و ڕژیمی جه‌نایه‌تكاری ئاخوندی دروشمیان وته‌وه.