جمعه, ژانویه 21, 2022
کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

ناوەڕۆکی فاشیزم لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا

 

هەڵگورد سەنعانی

فاشیزم چەندان چەمکی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لە دژایەتی کردنی ڕاستیەکانەوە بگرە تا نەتەوەپەرەستی و ڕەگەز پەرەستی و… هتد.!!
بۆ تێگەیشتن لە بەشێک لە ناوەڕۆکی فاشیزم پێویستە ئەم چەند خاڵانەی سەرەوە بە وردی شیبکەینەوە و ئاکامەکانی ڕوو بە کۆمەڵگای لەبەرچاو بگرین، کە چەندە لە سەر تاک و کۆی کۆمەڵگا کاریگەری نەرێنی دەبێت.
دژایەتی کردنی ڕاستییەکان:
جیاوازی مرۆڤ و ئاژەڵ لە عەقل دا جیادەکرێتەوە، کە واتە ئینسان خاوەنی عەقلە و بە سەرنج و هەستی خۆی دەتوانێ چاکە لە خراپە جیا بکاتەوە و بەپێچەوانەوە.
فیکریەتی فاشیستی  ڕاستەوخۆ لە سەر هەستی ئینسانەکان کاریگەری دەبێت، بەو واتایەی کە، فاشیزم دەیەوێت مەنتیقی عەقڵ بەلاڕێدا ببات و مێشکی مرۆڤ بباتە نێو دنیایەکی بەرتەسکەوە و خۆی لە خۆی  دا شانازی بە مێژوو، نەتەوە، ڕەگەز، بنەما، پیرۆزی لە جەنگ، ئایین و …. بۆ مرۆڤ دێنێتە گۆڕێ.
فاشیزم مرۆڤ بە بەشێک لە کۆمەڵگا دێنێتە ئەژمار، کۆمەڵگاش لە هەموو بوارێکەوە  دەباتە ژێر ڕکێفی فیکریەتی خۆیەوە،بەو مەبەستەی کە، مرۆڤ دەبێت پەیڕەویی لە فیکریەتی کۆمەڵگا بکات و کۆمەڵگاش دەبێت پەیڕەوی پڕەنسپەکانی دەوڵەت بێت. بەڵام ئەگەر کۆمەڵێک کەس بە هزری جیاوازەوە درێژە بە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆێ بدا، ئەوە لە لایەن دەوڵەتەوە ڕەت دەکرێتەوە و سەرئەنجام ئەو کۆمەڵە بە ناپاک و خوێن پیس دەداتە بەرباس.
لە سیستەمی فاشیستیدا، تاکەکەس دەبێت لە چەند بیروباوەڕێکی جیاوازدا، لە گەڵ کۆمەلگا شەریکایەتی بکات و بە بێ ئەوەی مافی هەبێت کە خۆی بریاردەدەری خۆی بێت، دەبێت لە گەڵ ڕابردوو، ئێستا و داهاتوودا خۆی بگونجێنێت.
بەواتایەکی تر مرۆڤە کان ناچارن کە فیکریەت، سیستەمی ئابوری، سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی دەروەی دەوڵەت هەرچی بێت قەبوڵ بکەن و پەیڕەویی لێبکەن.
بۆیە تەقریبەن ئەمانە ئاستی ناسینی وشیاری و عەقڵانیەتی مرۆڤ دێنێتە خوارەوە و مرۆڤ بەرەبەرە دور دەکاتەوە لە ڕاستییەکان.
کۆمەڵگا تایبەتمەندی فرە هزریی هەیە، واتا لەوانەیە ئێستا کۆمەڵگای تورکیە سەدان هزری جۆراجۆری تێدابێت،کە هەشە، بەڵام دەوڵەتی تورکیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتە، ڕاستەوخۆ بایەخ بە سیستەمی تاک نەتەوەیی، تۆتالیتاریسم، ڕەگەزپەرەستی و نەتەوە پەرەستی دەدات، بۆیە هەر کەسێک ئەگەر لەناو ئەو وڵاتە، ئەم بڕیارانەی دەوڵەت لەبەرچاونەگرێ ، ئەوە ڕوبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
پەیوەست بەمەش، فاشیزم ئەو تیئوریانە دێنێتە ئاراوە کە پەیوەندییان بە نەژاد و خوێن و نەتەوەوە هەیە، کە لە گۆشە ترسناکەکانی مێشکی مرۆڤەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەمەش هەست و سۆزی کۆمەڵگا زیاتر دەجوڵێنێت، بە تایبەتی ئەگەر کەسێک لە سوچێکەوە لە کەسێکی تری نەتەوەیەک، دڵی بریندار  کرابێت، بەم پێیە کەسی بریندار دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو کەسانەی کە پێناسەی ڕق و کینە و نەفرەت و نائۆمێدی دەکەن و ڕۆژ بە ڕۆژ رق و کینەیان لە قوڵایی ناخیانەوەزیاتر دەبێت.(فاشیزم کینەفروشە، نەفرەت فرۆشە، عەقڵ فرۆشە و لە هەمانحاڵدا خوێنمژە.) بۆیە ئەم هۆکارانە و هۆکارەکانی تر مرۆڤی ناو کۆمەڵگای  فاشیستی لە ڕاستییەکان و عەقڵانیت دور دەکاتەوە.
نەتەوە پەرەستی:
نەتەوە لە تاکەکەسەکان پێکدێت، واتا کۆمەڵێک تاکەکەس نەتەوە پێکدێنن و هەندێکیش لەو تاکەکەسانە بەقەد نەتەوە گرنگییان بۆ فاشیزم هەیە.کەسێکی فاشیست دەبێت بە شێوەیەک بیربکاتەوە کە نەتوانێت لە دەرەوەی نەتەوە خۆی وێنا بکات و تاکەکەس دەبێت پەیوەندی تەواوی بە نەتەوەوە هەبێت و بەوپەڕی لەخۆبردوویەوە خۆی بکات بە قۆربانی بۆ پێشکەوتن و مەزنیی نەتەوە.
ناسیۆناڵیسم یان نەتەوە پەرەستی، لە واقعیدا هەستی خاوەندارێتی و بەشداری لە خاوەندارێتییەکی گشتییە لە هەمبەر وڵات و نەتەوەدا.
نەتەوەپەرەستی لە ڕاستیدا ئەو هەستە لە ناو کۆمەڵگا بەهێز دەکاتەوە ،  کە نەتەوەی خۆیان بە باڵاترین و مەزن ترین نەتەوە دەدەنە بەرباس و نەتەوەکانی تر بە لاواز یان ژێردەستی خۆیان بە حیساب دێنن.
لەم دۆخەشەدا نەتەوە بەهێزەکان، هەوڵددەن نەتەوە لاوازەکان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.
ئەمڕۆکە ئەو فیکریەتە بە جوانی لەبەرچاومانە و دەیبینین لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا.
(بۆنمونە، دەوڵەتی تورکیە کوردەکان بە نەتەوەی لاواز وەسف دەکات و وا بیر دەکاتەوە کە هیچ خاکێک و دەوڵەتێک بە ناوی کوردستانەوە بوونی نییە و نابێ هەبێت.
کوردەکانیش لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی  تورکیە ڕادەوەستن و پۆل پۆل چەکدار ئەبنەوە تا بەرپەرچی ئەو هێرشانەی تورکیە بدەنەوە. تەنانەت دەیان نەتەوەی هاوشێوەی دیکەش لە ئاستی جیهاندا دەبینین کە ئاوەها لە هەمبەر یەکتر بیر دەکەنەوە).

یان دەتوانین بۆ تێگەیشتنی زیاتر ئاوڕێک لە بۆچوونی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە سەبارەت بەم پرسە، کۆماری ئیسلامی وەکوو دەوڵەتێکی فاشیسمی ئیسلامی بە سیاسەتی پانفارسیستییەوە مافی هەموو نەتەوەکانی تری کۆمەڵگای، زەوت کردووە، بۆنمونە زمانی فەرمی ئێران هەنووکە فارسیە و هیچ نەتەوەیەکی تر بۆی نییە بە زمانی دایکی خۆی لە ئیدارە خسوسی و دەوڵەتییەکاندا بنوسێت و بخوێنێت، تەنانەت دامەزراندنی بنکەکانی خۆێندن و نووسینی زمانی دایکی، لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەرکەس و ناوەندێک وەها بنکەهایەک دابمەزرێنێت، ڕوبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.
ئاوەها سیاسەتێک هایەک، تا دێت مێشکی کۆمەڵگا بەرتەسک دەکاتەوە و مرۆڤ لە مرۆڤایەتی ڕاستەقینە تا ڕادەیەک کە مرۆڤ زانیاریی کۆمڵایەتی لەخوارەوە بێت لە ئۆمانیزم و ئینسان میحوەری دور دەکاتەوە.
دەوڵەتی فاشیستی وا بیر دەکاتەوە کە دەبێت تەواوی داخوازیەکانی جەماوەر لە گەڵ سەرکردایەتیدا ئاوێتە بێت و مرۆڤ بەو قناعەتە بگات کە داخوزیەکانی لە چوارچێوەی خواستەکانی دەوڵەتدا بگونجێت، بە جۆرێک کە جیاکردنەوەیان لە یەکتری مەحاڵ بێت. ئەڵبەتە ئەو وەسفەی کە بۆ دەوڵەتێکی فاشیستی کردم، تەواوی ئاوات و ئامانجی هاوڵاتییەکی فاشیستە. بەڵام ئەوە قورسە هەموو هاوڵاتییەک بتوانێت هەڵگری ئەو بیرکردنەوە بێت و زۆربەی هاوڵاتییان ناتوانن خۆیان لە گەڵ نمونەی نابراودا بگونجێنن.
بۆیە ئەو هاوڵاتییانە هەمیشە دەکەوەنەبەر هێرشی فاشیستەکانەوە و بە ناپاک و خوێن پیس باسیان لێوە دەکرێت و دەوڵەت بە هەموو ئامرازەکانیەوە هەوڵدەدات لە نێویان ببات یان زیندانیان بکات، یان شێوازی بیرکردنەوەیان بگۆڕێت بە قازانجی خۆی.
دوڵەت بۆ قازانجی خۆی لە ئامرازگەلی جۆراوجۆر کەڵک وەردەگرێت، ئەو ئامرازانە بریتین لە:
١: پڕوپاگەندا بۆ بیرۆکەی فاشیستی.٢:سزای سەرپێچکاران (لەوانەکوشتن، زیدانیکردن و…).٣: دژایەتی عەقڵ.٤: بەرتەسک کردنەوەی مێشکی مرۆڤ.٥: هاندانی نەتەوەکان بۆ شەڕ لە دژی یەکتر.٦: بەڵاڕێدا بردنی ڕای گشتی و بیری ئینسانیەت خوازانە لە ناو کۆمەڵگاو….هتد!!
لە کۆتاییدا مێشکی مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و مروڤ تا ڕادەیەکی بەرچاو لە یارمەتیدان بە یەکتر دور دەکاتەوە.

ڕەگەزپەرەستی:
ڕەگەزپەرستی لە ھەموو کۆمەڵگایەکدا ھەیە و بە داخەوە لە ھەندێک لە ولاتاندا بووە بە پیشەی ڕۆژانەی هەندێک لە مرڤەکان. ڕەگەزپەرستی، بەدگومانی و تەنانەت ڕقلێبوونەوەیە لەو مرۆڤانەی، کە لە ئێمە جیاوازن و بە جۆرێکی جیاواز لە ئێمە ھەڵسوکەوت دەکەن. واتا مرۆڤ حەز بە بەدگومانی دەکات، لە بەرانبەر ئەوەی کە لە خۆی ناچێت. بۆ نموونە بەرانبەر کەسێکی بیانی.
منداڵان ڕەگەزپەرست نین. ھیچ منداڵێک وەکو ڕەگەزپەرست لە دایک نابێت. ئەگەر دایک و باوک، یان کەسوکاری منداڵێک، بیرۆکەی ڕەگەزپەرستانەیان نەخستبێتە مێشکی منداڵەکەیانەوە، ھیچ ھۆیەک نییە بۆ ئەوەی مناڵێک ببێت بە ڕەگەزپەرست.
بۆ نموونە: ئەگەر ئێمە ئەوە بخەینە مێشکی منداڵەکەمانەوە کە ئەوانەی پێستیان سپییە باڵاترن لەوانەی ڕەنگی پێستیان ڕەشە، ئەوە منداڵەکانمان کە گەورە دەبن بە جۆرێکی ڕەگەزپەرستانە لە بەرانبەر پێست ڕەشەکاندا ڕەفتار دەکەن.
دەوڵەت هەموو هێزو توانایی ئەخاتە گەڕ تا بیرۆکەی ڕەگەزپەرەستانە پەرەپێبدات لە ناوکۆمەڵگا،  هۆکاری سەرەکی ئەو بیرۆکە کۆنەپەرەستانەیە دەوڵەتە، بە کەڵک وەرگرتن، لە دروشم هایەک، وەکوو، ئێمە سپین، ئەوان ڕەشن، ئێمە خاوەنی کلتوورێکی دەوڵەمەندین، ئەوان جیاوازیان هەیە لە گەڵ ئێمە، ئێمە خاوەن مێژوویەکی دوڵەمەندین، ئەوان مێژوویان کەمڕەنگە و دەیان هۆکاری تر، لەوانە، پڕوپاگاندە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دژ بە ڕەگەزەکانی تر، سیاسەتی شەڕئاژۆی دەرەکی، بەکرێگرتنی کەسانی بیانی و بریندارکردنی دڵی کۆمەڵگا لە لایەن بە کرێگیراوانەوە و….!
بیرۆکەی فاشیستی  پێمان دەڵێت کە ئەگەر پێستت سپی بوو، ئیتر تۆ مەزن و شکۆدارتریت لە پێستە ڕەش یان زەردەکان، بەڵام لە ڕاستییدا ئەم قسەیە هیچ نزیک نییە لە حەقیقەت، چونکە ئەگەر ئێمە لە ڕەنگی پێست جیاواز بین خۆ لە رەنگی خوێن،ددان، چاو، گورچیلە، گەدە و زۆر سیستەمی تری لەشدا هاوشێوەین، بۆیە ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە ناتوانین پێکەوە یەکسان بین.
زۆربەی توێژەرانی مرۆڤناسی و کۆمەڵناسی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە یەکێک لە هەرەگرنگترین ناکۆکی و ململانێە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بە هۆی جیاوازی ڕەنگەکان و نەتەوەکانەوەیە.
لە ڕۆانگەی فاشیزمەوە، نەژاد و خوین و خاک پیرۆزترینن لە هەموو بابەتێکی مرۆڤایەتی، تەنانەت لە نەژادەکانی تریش، بۆیە کۆمەڵگا مەجبور دەکەن کە ئەوپەڕی هەوڵ و توانایی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بیپارێزن و بە پاکی و خاوێنی بیهێڵنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

لەمەڕ مانگرتن

rezan

مێژوو و ئێستای سەلەفیەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

rezan

مارکسیسزم و ئیکۆ سۆسیالیزم

rezan

لووت شکاندن

rezan

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ساڵانەی تەشکیلانی ئاڵمانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

rezan

دەستی ئەردۆغان خۆش بێ، یان ڕووی دیپڵۆماسی دەوڵەتەكان ڕەش بێ؟

rezan