ناڕەزایەتی کرێکاری بۆ بەرگرتن لە داخرانی کارگا و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بەشێکی بەرچاو لە خەباتی کرێکاری ئەمساڵ لەخۆی دەگرێت. ناڕەزایەتیەک کە مەعمولەن بە ئاکامێکی هەست پێکراو ناگەن و لە باشترین حاڵەتدا تەنیا حقوقە دواخراوەکانی کرێکاران پەرداخت ئەکرێت. ڕەوتی وەرشکست بوونی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی لە ئێران خێرا تر بووە و کۆماری ئیسلامی ئاگاهانە ئابووری ئێرانی بەرەو ئەم ئاڕاسەتەیە هیدایەت کردوە.کاتێک کالا چینیەکان بە نرخێکی کەم تر لە کالا نێوخۆییەکان دەخرێنە بازاڕەوە، ناوەندی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی توانایی ڕقابەت کردنی نابێت. ئەمرۆ لە ئێران لە زنجیری سینە زەنی و مۆرە و تەسبێح و مەقنەعە و بەردی قەبری حازر و ئامادەوە بیگرە تا کالا سەنعەتی و مەسرفیەکان بەگشتی بە نرخێکی کەمتر لەوەی کە لە بازاڕی نێوخۆییدا بەرهەمدێن لە وڵاتی چینەوە هاوردە دەکرێن. سەرمایەدارانی ئێرانی فێر بوون کە ئەم بەرهەمانە بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی کاری هەرزان لە چین بەرهەمبێنن و بیانخەنە بازاڕی ئێرانەوە.
بەڵام ئەمە بەشێک لە واقعیەتی ئابووری کۆماری ئیسلامیە. بەشەکەی دیکەشی ئەو ڕاستیەیە کە لە پاڵ وەرشکست بوونی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری تایبەتدا، شاهیدی قەبەتر بوونی رۆژ لە رۆژ زیاتری بەشە ئابووریەکانی ژێر دەست و کۆنترۆڵی سپای پاسدارانین.
ئیلنا هەواڵنێری کاری کۆماری ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکدا کە بەشێکی وتووێژێکە لەگەڵ کارشناسێکی ئابووری نزیک لە ڕژیم ئەم ڕاستیەی لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی درێژ ماوەی ڕژیم و سەرمایەدارانی ئێرانەوە بەم شێوەیە باس کردوە:
” حوزوری هێزە نیزامیەکانی وەک قەرارگای خاتەم ئەنبیا لە پرۆژە نەوتیەکاندا بۆ سازەندەگی و پێشکەوتنی وڵات مەترسیدارە. هێزی نیزامی دەتوانێ لە ناوچەی بێبەش و سنوریدا جادەسازی بکات و یان کاری عومرانی ئەنجام بدات بەڵام ئەوەی بچێتە نێو کاروباری ئابووریەوە، بانک دابمەزرێنێ و لە جێگایەک کە تێکنولۆژی لێنیە ئامادە بێت کەرتی تایبەت توشی کێشە و گرفت دەکات وەک ئەوەی دەشبینین کارەکان ئەداتە پەیمانکارانی دەستی دووهەم و سێهەم. حوزوری قەرارگا لە پیشەسازی نەوتدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە شیرکەتە ئێرانیەکان لەم پیشەسازیەدا شکڵ نەگرن و ئەم بابەتە لە درێژ ماوەدا مەترسیدارە. بۆ نمونە هێزی ئینتیزامی لە پرۆژەکانی پێوەندیدار بە ئاو و ئاوەرۆدا ئامادەن بەڵام دروست کردنی پاسگاکانی خۆیان دەدەن بە کرتی تایبەت. کەم بوونی سەرمایە و تێکنولۆژی لەو هۆکارانەن کە پێویستە ئێمە کەڵک لە حوزوری خاریجیەکان وەرگرین. لە بارودۆخی ئێستای ئابووری ئێراندا و بەپێی بەرنامەی شەشەم ئێمە پێویستیمان بە سەرمایەگوزاری ١٣٤ ملیارد دۆلاری لە پیشەسازی نەوتدا هەیە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە سەرجەم سەرچاوەی شیرکەتی میللی نەوت و شیرکەتەکانی سەربەو نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلارە، بەم پێیە پیشەسازی نەوت پێویستی بە ٧٤ ملیارد دۆلار سەرمایەی خاریجی هەیە کە دەبێ لە ڕێگای کەرتی تایبەتەوە سەرمایە گوزاری بکرێت کە تا ئێستا تەنانەت یەک دۆلاریش سەرمایە گوزاری نەکراوە.”
قەبارەی سەرمایە گوزاریەکان و ئەو دامەزراوانەی لەژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران و بونیادە جۆراو جۆرەکانی وەک ئاستانی قودسی ڕەزەوی، بونیادی جانبازان، سەرمایە گوزاریە سەربەخۆکانی بەیتی خامنەیی و هیتردان نیشانی ئەدات کە باڵی زاڵ لە دەزگای ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیدا پەرەگرتنی ئابووری شێوە دەوڵەتییان وەک ڕێگا چارەی ڕزگار بوونی ئابووری ئێران لە بونبەستی ئێستایان گرتۆتە پێش. کۆسپ خستنە بەردەم ئیجرای ناوەرۆکی تەوافوق نامەی ئەتۆمی و هەڵخراندنی بە ئانقەست و ئاگاهانەی دەوڵەتانی رۆژئاوایی بۆ ئیجرا نەکردنی ئەم تەوافوق نامەیە، ڕەنگدانەوەی وەها سیاسەتێکە لە لایەن باڵی زاڵ لە کۆماری ئیسلامیدا.
بەڵام ئەم سیاسەتە ئابووریە لە دوو دەیەی یەکەمی حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا کەم زۆر تاقی کراوەتەوە و بونبەستی سیاسەتەکانی یەک لەدوای یەک ئاشکرا بوون. لە پێوەند لەگەڵ بێتوانایی و ناکارایی ئەم سیاسەتانەدا بۆ ئابووری سەرمایەداری ئێران بووە کە خاتەمی وەک ڕیفۆڕم خوازێکی حکومەتی هاتەسەر کار و کۆمەڵێک هەوڵی سەرەتایشی بۆ لادانی کۆسپەکانی بەردەم بەستنەوەی ئابووری ئێران بە بازاڕی ئازادەوە ئەنجامدا. بەشە جۆراو جۆرەکانی سەرمایەدارانی ناڕازی و توێژێک لە چینی مامناوەند، بوونە پێگەی کۆمەڵایەتی ئەم ڕەوتە. دوای ماوەیەک سستی لە دەورەی دەوڵەتی ئەحمەدی نیژاد دا، دەوڵەتی رۆحانی بەم ئاڕاستە گرتنەوە هاتە سەرکار. بەڵام باڵی دەسەڵاتدار هەموو توانایی خۆی خستەکار تا پێش بەم سیاسەتەی دەوڵەتی رۆحانی بگرێت.
بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە ئەگەر سیاسەتی ئابووری پشت بەستو بە پاوان خوازی دەوڵەتی و نیزامی، ناتوانێ ئابووری سەرمایەداری ئێران لە بونبەستێکی تێیکەوتوە ڕزگار بکات، لە بارودۆخی ئێستادا و لە هاوسنگیەکی واقعی نێوان باڵەکانی حاکمدا، ” ڕێگا چارەی” دەوڵەتی رۆحانی و ئەوانی وەک ئەویش هیچیان لێ سەوز نابێت. بەم جۆرە کۆماری ئیسلامی لە باری سیاسەتی ئابووریەوە بە بازنەیەکی بەتاڵدا دەخولێتەوە.
لە ئاوا بارودۆخێکدا هەوڵی کڕێکارانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی وەرشکست بوو، بە ئامانجی بەرگرتن لە داخرانی ئەم یەکانە، هەوڵێکە کە پشتیوانی شەرمنانەی باڵێکی داماوی حکومەتیشی لە پشتە، بەهیچکوێ ناگات.
گرفتی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرچون لە قەیرانی ئابووری ئێستا گرفتێکی سیاسی و نەبوونی سیاسەتێکی ئابووری کارایە. گرفتی چینی کرێکار ئێران، دیکتاتۆڕی حاکم، هەژاری زۆر، پڕژوبڵاوی و نە ناسینی هێزی مێژوویی خۆیەتی وەک چینێک. ئابوری کۆماری ئیسلامی و سەرمایەداری ئێران ڕەنگە رۆژێک لە رۆژان، بە فەراهەم بوونی پێداویستیە سیاسی، ئابووری و حقوقیەکانی تێکەڵ بوونی لەگەڵ بازاڕی سەرمایەی جیهانی لەم بونبەستەی ئێستای ڕزگار بێت و بەرژەوەندیەکانی بە هەوراز و نشیوەکانی سەرمایەی جیهانیەوە گرێبدرێت. بەڵام چارەسەری گرفتی چینی کرێکار لە هەموو حاڵەتێکدا، سەرمایەداری لە قەیراندا بێت یان نا، لە گرەوی گرتنی ڕێگای دروست کردنی تەشەکولە چینایەتیەکان، کۆبونەوە لە دەوری حیزبی سیاسی شایستەی خۆیان و گەڵک وەرگرتنە لە هاوپشتی جیهانی کرێکاری.