دوای یه‌ك ساڵ هه‌وڵی ئاشكرا و شاراوه، سه‌رئه‌نجام له ڕۆژه‌كانی شه‌ممه و یه‌كشه‌ممه واته ٦ و ٧ی مانگی ڕه‌زبه‌ر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٢٨ و ٢٩ی سێپتامبری ٢٠١٩ی زایینی، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له بینای “ئێمپێریال كالێج”ی له‌نده‌ن “شۆرای مۆدیریه‌تی گۆزار” یان به واتایهكیتر “شۆرای به‌ڕێوه‌به‌ریی تێپه‌ڕین” مه‌وجوودیه‌تی خۆی ڕاگه‌یاند. حه‌سه‌ن شه‌ریعه‌تمه‌داری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌م “شۆرا”یه له پێناساندنی ئه‌م دامهزاراوهیهدا وتی: “ئه‌م شۆرایه چه‌ترێكی گشتگیره بۆ هه‌موو ئه‌و ئێرانیانه‌ی كه سه‌ره‌ڕای ئاسۆی جیاوازی سیاسی و كلتووری، خوازیاری تێپه‌ڕبوونی بێ شه‌رت و مه‌رجن له كۆماری ئیسلامی و هی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه دڵیان بۆ سه‌قامگیری ئازادی و مافی مرۆڤ له وڵاته ئازیزه‌كه‌مان واته ئێران لێده‌دات.” هه‌رچه‌ند له به‌ڵگه‌كانی ئه‌م شۆرایهدا هاتووه كه” له نیزامی دیمۆكراسی ئه‌واندا، مافی ده‌سه‌ڵات نه ئێرسییه و نه ئیلاهی و نه سه‌رچاوه‌گرتوو له هیچ مه‌كته‌ب و ڕێباز و ده‌سه‌ڵاتێكه له ده‌ره‌وه‌ی ئێراده‌ی هاووڵاتیان”. به‌ڵام به وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌م شۆرایه، دژایه‌تی به‌ڵگه‌كه له‌گه‌ڵ مافی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی به‌میرات گه‌یشتوو یان “ئێرسی” له پێكهاته‌ی سیاسیی داهاتووی ئێران‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ك به مانای پاڕاوێز خستنی سهڵتهنهتخوازهكان له “شۆرای مۆدیریه‌تی گۆزار” نییه و ئه‌وان له‌م شۆرایهدا به‌شدارن. له ڕاستیدا بنه‌ماڵه‌ی سه‌ڵته‌نه‌ت و پاشایه‌تی كه به لۆژیكی ئینقلاب و ئیراده‌ی هاوڵاتیان له گۆڕه‌پانی سیاسیی ئێران سڕدرانه‌وه، له كه‌ناڵی “شۆرای مۆدیریه‌تی گۆزار”ه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه ئه‌م مه‌یدانه. حزووری سه‌ڵته‌نه‌تخوازان و كه‌سانێك وه‌ك “سازگارا” و كه‌سانی وه‌ك ئه‌و له ناو “شۆرای مۆدیریه‌تی گۆزار” و ڕاگه‌یاندنی ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه له كاتێكدا كه ده‌وڵه‌تی ترامپ باس له زۆرترین گوشار بۆسه‌ر كۆماری ئیسلامی ده‌كات، تا ڕاده‌یه‌ك ناوه‌رۆك و كرده‌وه و ئه‌رزشی مه‌سره‌فی ئه‌م به‌دیله تازه‌یه ئاشكرا ده‌كات. ڕاگه‌یاندنی ئه‌وه‌یكه “ئه‌م شۆرایه به زوویی نوێنه‌رانێك بۆ وڵاتانی دراوسێی ئێران، ئۆرووپا و ئه‌مریكا ده‌نێرێت تا باروودۆخ و په‌یوه‌ندی ئێرانی دوای ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵیان باس كات و هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م شۆرایه له نه‌قشی ده‌وڵه‌تێكی ته‌بعیدی، هیچ شكێك ناهێڵێته‌وه كه “شۆرای مودیریه‌تی گۆزار” بۆ گه‌یشتن به دسه‌ڵاتی سیاسی، به پشتیوانی كام هێز دڵی خۆش كردووه.
هه‌رچه‌ند له‌م وتاره كورته‌دا، ده‌رفه‌تی پێڕاگه‌یشتن به به‌ڵگه‌كانی ئه‌م به‌دیله تازه‌یه نییه، به‌ڵام چاوخشاندنێكی كورت به‌سه‌ر بهڵگهكانیدا، ناوه‌رۆكی ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته زیاتر ئاشكرا ده‌كات. “شۆرای مۆدیریه‌تی گۆزار” ئه‌گه‌رچی ئامانجی هاوبه‌شی خۆی “ده‌سته‌به‌ر كردنی ئازادی، دێمۆكراسی، عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاسایش و ئه‌منیه‌ت له ڕێگه‌ی به‌هێزكردن و په‌ره‌پێدانی یه‌كگرتوویی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و خه‌باتی مه‌ده‌نی و دووری كردن له توندوتیژی” پێناسه كردووه و له‌سه‌ر به‌رابه‌ری مافی ژن و پیاو و ئازادیی سیاسی جه‌خت ده‌كات، به‌ڵام به گرتنی هه‌ڵوێستی بێده‌نگ بوون له به‌رامبه‌ر به‌رنامه ئابووریه‌كانی، كه له ڕاستیدا درێژه‌ی هه‌مان به‌رنامه‌كانی ئابووری نێئۆلیبڕالی و خسووسی سازییه گۆیا به به‌ڕێوه‌به‌ریی باشتره‌وه، بێ ناوه‌رۆك بوونی به‌رنامه ڕفاهیهكانی خۆی ده‌خاته ڕوو. له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، ئاكامی وێرانكه‌ری سیاسه‌تی نێئۆلیبرالی كه له ده‌وره‌ی ڕه‌فسه‌نجانیه‌وه پایه ڕێژی كرا و هه‌تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه، زیاتر بۆ كرێكاران و توێژه‌كانی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ئاشكرا بووه و ژیانی ملیۆنان كرێكار و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی له ناوبردووه و له ڕاستیدا ئه‌ندامانی ئێستای ئه‌م شۆرایه‌ش له پشتیوانانی ئه‌م سیاسه‌ته ئابووریه‌ن. له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو، هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی كه ئه‌مڕۆ له ناو “شۆرای مۆدیریه‌تی گۆزار”دا كۆبوونه‌وه، میحوه‌ری تهبلیغاتهكهیان ئه‌وه بووه كه نه‌ك ماهیه‌ت و جه‌وهه‌ری به‌رنامه‌ی نێئۆلیبڕالی و خسووسی سازی، به‌ڵكوو ئه‌وه ناكارامه‌بوون و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی به‌رنامه‌كانه له نیزامی كۆماری ئیسلامی‌دا كه ئێرانی به‌م ڕۆژه گه‌یاندووه! به‌رنامه و ستراتێژی “شۆرای مۆدیریه‌تی گوزار”، تێپه‌ڕینی ئاشتیخوازانه‌یه له ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به یارمه‌تیی به‌شێك له به‌ده‌نه‌ی ئه‌م ڕژیمه جهنایهتكارهیه تا په‌یوه‌ندیه‌كانی نیزامی سه‌رمایه‌داری له به‌رامبه‌ر مه‌ترسیی “ئینقلاب”دا بپارێزی. له حاڵێكدا كه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی وێڕای هه‌موو جه‌نایه‌ته‌كانی ڕابردووی خۆی ، خه‌باتی مافخوازانه‌ی كرێكار و توێژی سته‌ملێكراوی كۆمه‌ڵگا به سه‌ركوت و زیندان و شهللاق وڵام ده‌داته‌وه و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران بۆ وه‌رگرتنی حه‌قده‌سته دواخراوه‌كانیان به خوێن ده‌كێشێ، جه‌ختی “شۆرای مۆدیریه‌تی گۆزار” له‌سه‌ر “موبارزه‌ی دوور له توندوتیژی” بۆ تێپه‌ڕینی ئاشتی خوازانه له كۆماری ئیسلامی، ناوی ڕه‌مزی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئینقلابه!
جه‌خت له‌سه‌ر خواستی ئازادیی بیروڕا ده‌ربڕین، مافی پێكهێنانی ڕێكخراوی سیاسی، سه‌ندیكایی و سینفی له بهڵكهگانی “شۆرای ئه‌منیه‌تی گۆزار”دا، له حاڵێكدایه كه زیاتر له نیوه‌ی حه‌شیمه‌تی ئێران له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، سۆنامی بێكاری له هه‌موو لایه‌كه‌وه ده‌بیندرێ، له كۆمه‌ڵگایه‌ك كه گۆرچیله فرۆشتن په‌ره‌ی سه‌ندووه و دیارده‌ی منداڵانی سه‌رشه‌قام ته‌نیا یه‌كێك له كاره‌ساته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه، ئاشكرایه كه، به بێ پێكهێنانی پێداویستیی مادیی كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئازادیه‌كان، قسه له‌سه‌ر ئه‌م ئازادیانه شتێك نییه جگه له فریوی ئاشكرای خه‌ڵك. له ئێرانێك كه هه‌موو ئیمكاناتی به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌ی له ساڵۆن و بیناكان و ئامرازی مادی و فه‌نی و گرینگتر له‌وانه‌ش هه‌موو ده‌رفه‌تێك بۆ به‌شداری یان به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م كۆبوونه‌وانه له‌ده‌ست خاوه‌نانی سهروهتدایه، كرێكارێك كه ناچاره له به‌یانی تا شه‌و كار بكات و ئه‌گه‌ریش بێكار بێت هه‌موو ڕۆژه‌كه‌ی به‌دوای دیتنه‌وه‌ی كاره، چۆن ده‌توانێ له ئازادیی به‌یان و به‌ڕێوه‌بردنی میتینگ و كۆبوونه‌وه كه‌ڵك وه‌رگرێ؟ تا كاتێك كه هه‌موو ئامرازه‌كانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه و گه‌وره‌ترین چاپخانه‌كان و ئه‌نباری كاغه‌زه‌كان و میدیاكان له‌ده‌ست سه‌رمایه‌داران دایه، دیاره كرێكاران و توێژی هه‌ژاری كۆمه‌ڵگا هیچ سوودێك له ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ئازادیی نووسین و میدیا وه‌رناگرن. ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی باس له‌سه‌ر دابین كردنی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نییه، پێش له هه‌موو شتێك پێویسته ئیمكاناتیی مادیی یه‌كسان بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م ئازادیانه دابین بكرێت. ئه‌گه‌ر ده‌مانهه‌وێ به‌ڕاستی كرێكاران و خه‌ڵكی ئاسایی له ئازادی قه‌ڵه‌م و ئه‌ندێشه و چاپه‌مه‌نی به‌هره‌مه‌ند بن، به‌ر له هه‌ر شتێك ده‌بێ ئیمكانی به‌كرێ گرتنی قه‌ڵه‌م و نووسه‌ر، به‌كرێ كردنی ڕۆژنامه نیگاری و چاپه‌مه‌نی له سه‌رمایه‌داران و خاوه‌ن هێزه‌كان زه‌وت بكرێت. چۆن ده‌كرێ باس له ئازادی قه‌ڵه‌م و میدیا بكرێت، كاتێك كه سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان به ئیمكاناتێك كه له ده‌ستیان دایه ڕۆژانه فكر و زه‌ینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له ماڵه‌كانیاندا له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه تلویزیۆنیهكان به‌لاڕێدا ده‌به‌ن و ئه‌وان و بیروڕایان به‌ره‌و وه‌دی هاتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان هان ده‌ده‌ن. له كۆمه‌ڵگایه‌ك كه یاسای سه‌ره‌كی سه‌رمایه‌داری خراوه‌ته گه‌ڕ، له كۆمه‌ڵگایه‌ك كه هه‌موو شتێك مۆری چینایه‌تی بوونی پێوه‌یه، كرێكاران به بێ ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داران، به بێ پێكهێنانی فه‌راغه‌ت و وه‌ختی ئازاد و هێنانه‌وه خوارێی سه‌عاتی كار، ناتوانن باروودۆخی كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م ئازادیانه بخۆڵقێنن.
سه‌باره‌ت به به‌رابه‌ری ژنان و پیاوان، به‌ر له هه‌موو شتێك پێویسته به‌ستێنه ئابووریه‌كانی ئه‌م به‌رابه‌ریه خوڵقابێت. به‌و مه‌به‌سته پێویسته به‌رابه‌ری ژن و پیاو له دامه‌زراندن، حه‌قدسه‌تی یه‌كسان بۆ كاری یه‌كسان، و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رابه‌ر دابین بكرێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت یارمه‌تیی پزیشكی و كۆمه‌ڵایه‌تی و چاوه‌دێری تایبه‌ت بۆ پێش‌گرتن له دووگیان بوون و هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ری پاراستن و ئامووزش و په‌روه‌رشی منداڵان نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ناكرێ باس له ئازادیی سه‌ربه‌ستیی دایك و باوك بۆ به‌دونیا هێنانی منداڵیش بكرێت. هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه پێویستیان به هه‌زینه‌ی ئابووری هه‌یه، ئایا ده‌كرێ به بێ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر خاوه‌ندارێتیی تایبه‌ت و هێنانه خوارێی قازانجی سه‌رمایه‌داران كه ئه‌ندامانی “شۆرای مۆدیریه‌تی گۆزار” لایان مۆقهدهسه، ئه‌و هه‌زینانه دابین بكرێ؟ كاتێك كه له پلاتفۆرمی “شۆرای مۆدیریه‌تی گۆزار”دا هێچ باسێك له به‌رنامه‌ی ئابووری نه‌كراوه، له ڕاستیدا هه‌موو ئه‌و هه‌وڵه ڕفاهیانهی كه تێیدا نووسراوه، ئاواژوو و بێ ناوه‌رۆك ده‌بێت و ئه‌مه‌ش خۆی یه‌كێكه له به‌رچاوترین پارادۆكسه‌كانی پلاتفۆرمی ئه‌م شۆرایه.
“شۆرای مۆدیریه‌تی گۆزار” هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه له‌سه‌ر” نه‌مانی هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵاواردنێك و بهڕهسمیهت ناسینی مافی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریی گرووپه قه‌ومیه‌كان” جه‌خت ده‌كاته‌وه، پێبه‌ندبوون به “پاراستنی سه‌روه‌ری خاك و یه‌كپارچه‌یی وڵاتی ئێران” ی وه‌ك مه‌رجی په‌یوه‌ست بوون به‌م شۆرایه دیاری كردووه. ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه كه ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كوردستان له دواڕۆژی نه‌مانی كۆماری ئیسلامی به به‌ڕێوه‌بردنی ڕێفراندۆمێك ڕه‌ئیان به جیابوونه‌وه له ئێران دا، ئه‌مجاره‌یان به ناوی دیفاع له سه‌روه‌ری خاك و یه‌كپارچه‌یی وڵات ده‌كه‌ونه به‌ر هێرشی هێزه‌كانی “شۆرای مۆدیریه‌تی گۆزار”. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، په‌یوه‌ست بوونی چه‌ند هێزێكی ناسیۆنالیستی كوردستان به‌م شۆرایه و حزووریان له ناو ناسیۆنالیستانی پاوان خوازی ئێرانی، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه حیزبه ناسیۆنالیسته‌كانی كوردستان له ژێر ناوی خه‌بات بۆ نه‌مانی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، بۆ به‌شداربوونیان له ده‌سه‌ڵات، له هه‌موو ده‌رگایه‌ك ده‌ده‌ن!