چهارشنبه, اکتبر 20, 2021
کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نانیش گران بوو

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە شارەکانی ئێران هەموو جۆرەکانی نان گران بوون. بە وتەی مستەفا کێشتگەر، سەرۆکی ئیتحادیەتی نانەوایان لە شاری مەشهەد، نرخی نان لەم شارە ٤٣ لەسەد چووەتە سەرێ. هاوکات بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی “مێهر”، بە وتەی ژووری پیشەکانی تاران، نانەواکان ڕەزایەتی دەوڵەتیان بۆ گران کردنی نرخی نان، بۆ نزیک ٥٠ لەسەد بەدەست هێناوە. محەممەد جەواد کەرەمی لە بەرپرسانی ژووری پیشەکانی تاران سەبارەت بە هۆکارەکانی گرانیی نان وتوویەتی کە: “هەزینەی بەرهەمهێنان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چووەتە سەرێ، کەوابوو ئاساییە کە شایەدی چوونەسەرەوەی قیمەتی نان بین”. گرانیی بەردەوامی کاڵا ئەساسییەکانی خەڵک، ژیانی ملیۆنان کەس لە هەژاران و بێبەشانی ئێرانی سەخت و سەختتر کردووەتەوە. لە باروودۆخێکدا کە بێکاریی بەرین، نائەمنی شوێنی کار، لەخوارێ بوونی حەقدەستەکان، چوونەسەرەوەی هەزینەی ئاو، بەرق، گاز، مەسکەن، پۆشاک، دەرمان، خواردەمەنی، توانای کڕینی زۆربەی خەڵکی هێناوەتە خوارێ و سەبەدی بژێوی خەڵک چکۆلە و چکۆەتر بووەتەوە، هەواڵی گران بوونی نانیش کە خۆراکی سەرەکیی خەڵکە، نیگەرانی و کێشەکانی زیاتر کردووە. خەڵک بۆ دابین کردنی پێداویستی سەرەتایی خۆراکیی خۆیان، ناچاربوون ئەو کاڵایانەی کە پێیان دەوترێ لۆکس، بەکاری نەهێنن. ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک بەجۆرێک گران بوون کە لە مانگدا یەک دوو جار دەکڕدرێن، یان بەگشتی لەسەر سفرەکان نەماون و یان ئەگەریش مابن بۆ پای مریشک کەم کراوەتەوە. بەهۆی گران بوونی نرخی هێلکە، تەنانەت ئەم کاڵا سەرەکییەش بۆ زۆرێک لە خەڵک بەزەحمەت دابین دەکرێت. حکوومەتی ئیسلامی کە خۆی بەرپرسی سەرەکیی هەژاریی خەڵک و گرانیی کۆنتڕۆڵ هەڵنەگری ئەمڕۆیە، بەنیازە بە خەتابار نیشان دانی نانەواکان، لەژێر باری بەرپرسایەتی شانی لابەرێت و ناڕەزایەتیی خەڵک دژبە گرانی و بەتایبەت گرانیی نان بەرەو نانەواکان بەرێت و خەڵک لەگیانی یەکتر بەردات. نانەواکان ڕەنگبێ تا ڕادەیەک لێرەولەوێ بەرپرسی ئەم گرانییە بن، بەڵام گرانیی بەردەوامی پێداویستییەکانی خەڵک و چکۆلە بوونەوەی سفرەی کرێکاران و خەڵکی بێبەش، لە سیاسەتی کۆنەپەرستانەی حکوومەتی ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێت. نانەوایەک بە هەواڵنێریی ئیمنای وت: “قیمەتی نان بۆ بەکارهێنەران گرانە و ئێمە خۆشمان ئەم بابەتەمان قەبووڵە بەڵام نانەناواکانیش دەبێ دەلیلێکیان بۆ درێژەی چالاکیی خۆیان هەبێت. چونکە هەزینە برژاندنی نان، لە ئاو و بەرقەوە بگرە تا حەقدەست و ئیجارەی دووکان، هەر هەمووی بارێکی قورسە لەسەر شانی نانەواکان و قیمەتی ئێستا وڵامدەرەوە نییە”. ئەم نانەوایە لەدرێژەدا دەڵێ: ” خەرجی بنەماڵەش لەوێ ڕاوەستێ کە هەموو ڕۆژێ گرانتر لە ڕۆژی پێشوویە. کەوابوو بەم حاڵەوە نانەواکان چوون ئیمکانی درێژەی چالاکییان هەبێت. هەربۆیە چالاکانی ئێمە بڕیاریان دا کە داوای بردنەسەرەوەی ٥٠ لەسەدیی قیمەتی نان بکەن”. حکوومەتی ئیسلامی بە سیاسەتی هەڵە و ناکارناسانە لە بەشی کشت و کاڵ و ئاوداشتندا، زەربەی قورس و قەرەبوونەکراوەی لە ژینگەی ئێران و سەرچاوەکانی ئاو داوە و خاکی لەناوبردووە. هاتنە خوارەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی گەنم نموونەیەکیانە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە سفرەی خەڵکەوە هەیە. جێگری سەرۆکی “بۆنیادی میلیی گەنمکارانی ئێران” باسی لە هاتنەخوارەوەی ٣٠ لەسەدیی بەرهەمهێنانی گەنم لە ئێران و نیوەبوونی ئاستی کرینی زەمانەتیی گەنم لە کەشاوەرزان کرد. ئەم بەرپرسە دەڵێت: “پێشبینی دەکرێت کە ئاستی نیهایی بەرهەمهێنانی ساڵانەی گەنم بگاتە ٥ ملیۆن تۆن”. ئاستی بەکارهێنانی ساڵانەی گەنمی ئێران نزیکەی ١٣ ملیۆن تۆنە و هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت دەوڵەت ناچار بە هاوردەکردنی ٨ ملیۆن تۆن گەنم لە ساڵی ١٤٠٠دا بێت. ناوبراو هاتنە خوارەوەی لەڕادەبەدەری بەرهەمهێنانی گەنم بۆ کەم بارانی دەگەڕێنێتەوە. بێگومان حکوومەتی ئیسلامی بەرپرسی ڕاستەوخۆ و سەرەکیی کێشە وگرفتی کاری، بژێوی، دەرمانی و ژینگەیی خەڵکی ئێرانە و نابێ ڕێگە بدرێت بەرپرسانی جەنایەتکاری ڕژیم ئاکامی کردەوە و سیاەسەتی کۆنەپەرستانە و دژە جەماوەریی خۆیان بخەنە ئەستۆی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا و بەڵا سرووشتییەکانی وەک کەم بارانی. ڕژیمی ئیسلامی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران دەکاتە خەرجی سەرکوت و دیکتاتۆری لە ناوخۆ و تیرۆریسم و ماجەراجویی لە دەرەوەی وڵات، شەڕنانەوە و میلیتاریسم لە کوردستان، تاڵانکاریی بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتی ڕژیم، پەرەپێدان و بەهێزکردنی تۆڕ و ناوەندە مەزهەبییەکان و ڕاهێنانی سەدان هەزار ئاخوندی بێ خاسییەت و مفتەخۆر. هەربۆیە سفرەی خەڵک هەموو ڕۆژێ چکۆلە و چکۆلەتر دەبێتەوە. ئەگەر خەڵک بۆ درێژەی ژیانی خۆیان ناچارن ماسی و مریشک لەسەر سفرەکانیان لابەرن، لەگەڵ گرانبوونی ٥٠ لەسەدیی نان بەڕاستی دەبێ چ بکەن و کامە کاڵای دیکە بخەنە جێگای؟ مانەوەی ڕژیمی ئیسلامی یانی لۆکس بوونی نان و ماسی و هێلکە لەسەر سفرەی خەڵک. ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی نیزامێکی ئازاد، دیمۆکراتیک، خۆشبژێو و بەرابەر کە سەروەت و سامانی وڵات بۆ رێفاه و گەشەی کۆمەڵ بخاتە گەڕ و زانست و تێکنۆلۆژی بخاتە جێگەی خورافاتی مەزهەبی، پتر لە ڕابردوو بووەتە بابەتێکی یەکجار گرینگ لەپێناو ڕێفاه و ژیانی ئینسانیی خەڵکی ئێران.

بابەتی پەیوەندیدار

پەرەسەندنی منداڵ هاوسەری لە ئێران و پێویستیی دیفاع لە مافی منداڵان

rezan

چل ملیۆن هەژار لە ئێران بە ڕەوایەتی کارگێڕانی ڕژیم

rezan

خەبات دژبە هەژاری لە ڕێگەی خەباتی ڕێکخراو

rezan

سەربازانی بێ ناو و نیشانی ئیمامی زەمان، تیمەکانی تیرۆر و مرۆڤ ڕفاندن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات

rezan

دابەزینی لیرەی تورکییه و ماجەراجوویی ئەردۆغان لە کوردستانی سووریە و عێراق

rezan

چاوخشاندنێک بەسەر کێشەکانی نابینایان و کەم بینایان لە ئێران

rezan