ڕزگار بوون لە کرێ نشینی ئاواتی بە ملیۆن بنەماڵەی ئێرانیە. بە شێوەی مامناوەند نیوەی سەرجەم داهاتی بنەماڵە کرێکاریەکان و چینی مامناوەندی خوارەوە لە ئێران سەرفی کرێ ماڵ دەبێت. ماوەیەک لەوەپێش عەباس ئاخوندی وەزیری ڕێگا و شارسازی کابینەی رۆحانی ئیعتیڕافی کرد کە پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی مەسکەنی هەرزان بۆ توێژە کەم داهاتەکان بە قەولی ئەو بە شێوەیەکی کارەساتبار شکستی هێناوە. ئەو وتی ئەم پرۆژەیە بە سەدان ملیارد تمەن هەزینەی تێدا کراوە و بە هیچکام لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانیشی نەگەیشتوە. ئەو بە دانی ئامارێکی هاکەزایی و نەک زۆر دەقیق وتی کە لە ئێران ١٩ ملیۆن بێ ماڵ و مەسکەن بوونی هەیە و ٩ ملیۆن کەسیش حاشیە نشینن.بەپێی تەرحی مەسکەنی مێهر قەرار وابوو کە خوازیارانی بێ مەسکەن بە کارمەندانی دەوڵەت، کرێکاران و خاوەنانی پیشەی ئازادەوە لە چوارچێوەی تەعاونیەکانی مەسکەن و سازمانی مەسکەن و شار سازی لە ئوستانەکانی وڵاتدا بناسرێن و ئەم سازمانەش زەوی پێویست بە نرخێکی کەم و بە قیستی درێژ ماوە بنێتە ئیختیار تەعاونیەکان. دواتر بانکەکان بە زەمانەتی دەوڵەت دوای ئەوەی کە چەند ملیۆن تمەنیان وەک پێش پەرداخت لە خوازیارانی مەسکەن یان لە شیرکەتە تەعاونیەکان وەرگرت بۆ ئەنجامدانی باقی پڕۆژەکە وام گەلێک بە قیستی کەم بخرێتە ئیختیار تەعاونیەکانەوە و بەم جۆرە قەرار بوو ماڵی ٧٥ میتری هەرزان بۆ خەڵکی کەم داهات دروست بکرێت. بەپێی ئەو ئیدیعایانەی لە سەرەتاوە دەکران قەرار بوو کە لە چوارچێوەی ئەم تەرحەدا، ساڵانە ٨٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون لە سەرتاسەری ئێراندا دروست بکرێت و ئەم ڕەقەمەش لە ٤ ساڵدا بەگشتی بگاتە ٣ ملیۆن یەکە. ماوەیەک کە بۆ تەواو بوونی هەر پرۆژەیەک داندرابوو بە لانی زۆرەوە ٤ ساڵ بەراورد کرابوو. بەڵام لە یەکەم ساڵدا و لە گەرماوگەرمی بهڕێوهبردنی گەڵاڵەکەدا تەنیا کاری بیناسازی ٤٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون واتە نیوەی تەعەهودێکی درابوو، دەست پێکرا و ئەم ڕەقەمەش ساڵ لەگەڵ ساڵ کەمتر و کەمتر بۆوە تا جێگایەک کە لە ئێستادا قسە لە وەرشكستە بوونی بەتەواوەتی تەرحەکە دەکرێت. کار گەیشتۆتە جێگایەک کە عهبباس ئاخوندی دەڵێت هەر ئێستا ١١٧ هەزار یەکەی مەسکەنی مێهر بەبێ داواکار ماونەتەوە. لەبەر ئەوەی توانایی دانی قیستە بانکیەکانیان نییە.
هەبوونی سەرپەنا و ڕزگار بوون لە کرێ نشینی یەکێک لە ئاواتەکانی هەموو بنەماڵەیەکی کرێکاری و دەست کورتە لەم کۆمەڵگایەدا. بەڵام بنەماڵەیەک کە پوڵی سەرەتایی بۆ دەست پێکردنی ئەم پرۆژەیەی نەبێت و یان شیرکەت تەعاونی گهلێك کە زۆربەیان تەنیا لەسەر کاغەز بوونیان هەیە، نەتوانن ڕێگایەک بۆ دابین کردنی ئەم پارەیە بنێنە بەردەم خوازیارانی مەسکەن، بە کردەوە هیوایان بە دابین بوونی مەسکەن لە چوارچێوەی هەر ئەم پرۆژە شكس خواردۆهشدا دانابێت. گەلێک لە خەڵکی کەم داهات بۆ دابین کردنی پارەی سەرەتایی تەنانەت دەستیان داوەتە فرۆشتنی کەلوپەلی ماڵەکانیان.
لەمرۆدا بەشی زۆری داهاتی کرێکاران و خەڵکی هەژار بۆ کرێ ماڵ خەرج دەکرێت و کرێ ماڵیش لە چەند ساڵی ڕابردودا لە سەروی کالا گران بووەکانی پێداویستی خەڵکدا بووە. گەورە ترین دڵەڕاوکێی ئەم بەشە لە خەڵک کە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگای ئێران پێکدێنن هەبوونی سەرپانەیەکی تەنانەت چکۆلە و سەرەتاییە کە بتوانن تێیدا بژین.
کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە و لەژێر کاریگەری فەزای شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگادا لە ئەسڵی ٣١ ی قانونە ئەساسیەکەیدا مافی هەبوونی مەسکەنی بۆ هاووڵاتیانی ئێران بە ڕەسمیەت ناسی. دیارە ئەم ئەسڵە لە لایەن ڕژیمی دیکتاتۆڕی و گەندەڵی حاکم بەسەر ئێراندا وەک باقی ماف و ئازادیە سەرەتاییەکانی خەڵک بەتوندی پێشێل کرا.
زۆربەی خەڵکی هەژار یان بێ ماڵ و مەسکەنن و یان لەو ماڵانەدا دەژین کە بافتێکی کۆنیان هەیە و تەنیا بۆ روخاندن ئەبن. هەموو ئەو ماڵانە لە پاڵ ماڵە تازەکاندا کە یاساوڕیسای ئیمنی لە وڵاتێکی سهر هێڵی بومهلەرزە وەک ئێران تێدا ڕەچاو نەکراوە بە نائەمن بە ئەژمار دێن و لەبەرانبەر هەموو بەڵایەکی سروشتیدا ئاسیب پەزیرن. لە ئێرانی سهر هێڵی بومهلهرزهدا سەرەکی ترین مەرجی ماڵێکی گونجاو، ئیمن بونیەتی. ڕژیم لە هەموو دەوریەکدا بە شێوەیەک خەڵکی بە هیوادار بوون بە بوونە خاوەنی مەسکەنێکی گونجاو سەرگەرم کردوە. تەرحی مەسکەنی مێهر یەکەم پرۆژەی ڕژیم بۆ لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتنی خەڵک نییە و لە ئەگەری مانەوەی حکومەتی ئیسلامیشدا ئاخرینیان نابێت.
له ڕاستیدا تا کاتێکی کە ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی لەسەر کارە نان، کار، مەسکەن و ئازادی خەڵک بە بارمتە دەگرێت. هیچ گەڵاڵەیەک لە بواری خزمەتگوزاری گشتیدا چارەنووسێکی باشتری لە چارەنووسی ” تەرحی مەسکەنی مێهر”ی نابێت. دەزگایەکی ئیداری گەندەڵ کە ئەم ڕژیمە لە داوێنی خۆیدا پەروەردەی کردوە ناتوانێ پرۆژە ئابووریەکانی جێی سرنجی خودی ڕژیمیش بە ئەنجام بگەیەنێ چ بگات بە ئیجرای تەرحەکانی پێوەندیدار بە خزمەتگوزاری گشتی و پێوەندیدار بە کرێکاران و توێژە کەم داهاتەکان. بۆ ئەم ڕژیمە ئەولەویەت، هەمیشە سەرکوتی خەباتی ڕەوا و ئازادی خوازانەی خەڵک و زیندانی کردنی نەیارانی بووە. ئەم ڕژیمە هیچ داواکاریەک بەبێ ئەوەی کە لە لایەن خەڵکەوە بخرێتە ژێر گوشارەوە و هەست بە مەترسی بکات، دابین ناکات. خەڵکی بێ مەسکەن و کرێ نشین بۆ داسەپاندنی داواکاریەکانیان بەسەر ئەم ڕژیمەدا ڕێگایەکیان بێجگە لە خستنە ژێر گوشاری لە ڕێگای حوزوری ملیۆنی خۆیان لە مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتیدا نییە.
بێ گومان لە وڵاتێکدا کە لە باری سەرچاوەی سروشتی و ژێر زەویەوە، لە زومڕەی دەوڵەمەند ترین وڵاتانی جیهانە، ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بکەوێتە دەست خاوەنانی بەر حەق و بەتوانای واتە کرێکاران و شوڕاکانی پێهاتو لە ئیرادەی ئازادی خەڵک، لە ئاوا وڵاتێکدا بەم هەموو سەروەتەوە و بە هێزێکی داهێنەرانەی لەبن نەهاتوو کە لە ناخیداهەیە، گرفتی مەسکەن و گشت ئەو کێشە و گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە ژیانی ئەمرۆی زۆربەی خەڵکی نابود کردوە، چارەسەر دەبن.