کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ناسیۆنالیستە توندڕەوە ئێرانیەکان لە دەرەوەی وڵات تۆوی دوو بەرەکی دەچینن

photo 2023 02 01 11 06 57

لە حاڵێکدا کە خەڵکی ئێران لە کوردستانەوە تا سیستان و بەلوچستان، لە سنەوە تا تەورێز لە هەموو شوێنێک شان بەشانی یەکتر دروشمی ئازادی و یەکسانی دەڵێنەوە و عەزمیان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەک کە تێیدا خەبەرێک لە ستەمگەری و دیکتاتۆڕی و پشێلکرانی مافە سەرەتاییەکانی ئینسان نەبێت جەزم کردوە، چەند هەزار کیلۆمیتر لەولاترەوە ناسیۆنالیستە توندڕەوە ئێرانیەکان لە خۆپیشاندانی خیابانی ئێرانیانیەکاندا، کەف دەچڕێنن و لەدژی خەڵکی کوردستان دروشم دەڵێنەوە. لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردودا هەردوو نیزامی سەڵتەنەتی و ئیسلامی هەرچیەکیان لەدەست هاتوە، لە خەڵکی کوردستانیان دریغ نەکردوە. لەشکرکێشی نیزامی، میلیتاریزەکردن، ئەمنیەتی کردنی سەرجەم بوارەکانی ژیان، دەستبەسەرکردنی بەرین، ئەشکەنجە و ئێعدام، تیرۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا، هەژارکردنی ئاگاهانە و پلان بۆ داڕێژراو، پێشێلکردنی سەرجەم مافە دیموکراتیکەکانی خەڵک لەوانە مافی سەرەتایی ئاموزش بە زمانی دایکی، کارنامەی حکومەتە سەڵتەنەتیەکان و ئیسلامی بووە.

ئێستا و لە ناخی شۆڕشێکدا کە چەخماخەکەی لە کوردستانی شۆڕشگێڕەوە لێدرا، ئوپوزسیۆنی ڕاستی کۆماری ئیسلامی کە لە دەرەوەی وڵات بە پارە و دۆلاری باد ئاوەردە چەندین تەلەویزیۆن و ڕەسانەیان وەڕێخستوە، ڕاست بە پێچەوانەی ئاڕاستەیەک کە خەڵک لە مەیدانەکانی بەرەنگاربوونەوەیەکی چارەنووس ساز لە نێوخۆی وڵاتدا گرتویانەتە بەر، لە دەرەوەی وڵات تۆوی نەفرەت و دوو بەرەکی دەچێنن. بەشی زۆری ڕاگەیەنەرە فارسی زمانەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەوان بە بانگهێشت کردنی کاربەدەستانی ئەمنیەتی پێشو، بەرپرسانی وەلانراو، یان خانەنشین کراوی هەردوو ڕژیمی پەهلەوی و ئیسلامی، بە دانی میکڕۆفۆن بەدەست هەر مۆرەیەکی گوماناوی و فرەوێژ لە ژێر ناوی پسپۆڕ، کارناس، مامۆستای زانکۆ، چالاک نەتەوەییمەزهەبی، سەڵتەنەت خواز، حەوت ڕۆژی حەفتە هاو جیهەت و هاوئاهەنگ لەگەڵ دەزگا تەبلیغاتیەکانی کۆماری ئیسلامی، خەریکی بڵاوکردنەوەی درۆ و تەبلیغاتی ژاراوین لەدژی خەڵکی کوردستان.

لەم تەبلیغاتە ڕێکخراوانەدا بوونی نەتەوەی جۆرا جۆر لە جوغڕافیای ئێراندا ڕەد دەکەنەوە، زمانی کوردی بۆ لەهجە و زاراوە دادەشکێنن. فەرهەنگ و مێژووی خەڵکی کوردستان ئاوەژوو دەکەنەوە. واتە هەموو ئەو کردەوانەی کە کۆماری ئیسلامی ئەنجامی ئەدات و ئه‌نجامی داوە. ئاشکرایە کە ئەگەر قەرار بێت کەسانی وەک ئەم کۆنەپەرستانە کاربەدەستانی حکومەتی دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی بن، لە هیچ ڕادەیەک لە جەنایەت و وەحشیگەری وەک ئەوەی کە لە هەردوو ڕژیمی سەڵتەنەتی پەهلەوی و ئیسلامیدا دژبە خەلکی کوردستان ئەنجام دراوە چاوپۆشی ناکەن و بۆ سەرکوتی نەتەوە مافخوازەکان لە ئێراندا ڕوباری خوێن دەخەنەڕێ. بەڵام ئەوەی کە مایەی دڵخۆشی و هیوایە ئەم ڕاستیەیە کە دەنگی ئەم جۆرە ڕەگەزپەرستانە لە نێوخۆی وڵاتدا دەنگدانەوەیەکی نییە و خەڵکی یەکگرتو شان بەشانی یەکتر تا دابینکردنی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی، تا دابین بوونی ئازادی و یەکسانی، دامەزراندنی یەکێتیەکی دڵخوازانە و ژیانێکی باشتر درێژە بە خەبات و تێکۆشان ئەدات.

  بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دامەزراندنی حاکمیەتی جەماوەری کە لەسەر سڕینەوەی هەموو ئاسەوارە کارەساتبارەکانی حکومەتی پاشایەتی و ئیسلامی لە ڕواڵەتی ئەم کۆمەڵگایە جەخت دەکاتەوە و لە بەرنامەی حیزبی کومونیستی ئێرانیشدا لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوه‌کانی دانیشتوی ئێران و یەکێتی دڵخوازنەیان پێداگری کراوە، بە یەکەوە ژیانی خەڵکی هاوچارەنووس دابین و زەمانەت دەکات. قەبوڵکرانی مافە ئینسانی و دیموکراتیکەکانی خەڵکی کوردستان و باقی نەتەوەکانی دانیشتوی ئێران، بەشداری لە چوارچێوەیەکی ئازاد، یەکسان و سیکۆلار کەم ئازارترین  و ئینسانی ترین ڕێگا چارەیە بۆ ژیانی نەتەوەکانی دانیشتوی ئێران لە پاڵ یەکتردا. تەنیا بە دابین بوونی وەها بارودۆخێکە کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە کوردستان و سەرجەم ئێران ئیمکانی ئەوەیان دەست دەکەوێ بیر لە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی بکەنەوە کە تێیدا خەبەرێک لە چەوساندنەوە و ستەم بوونی نەبێت.