کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نابێ بە بەشداری کردن لە شانۆگەری هەڵبژاردندا ره‌واێی بدریی بە ڕژمێکی ناره‌وا

لە هەمان کاتەوە کە مەسەلەی بەڕێوەچوونی شانۆگەری هەڵبژاردن کەوتوەتە دەستوری کاری تەقریبەن هەموو سەرانی ڕژیم، لەهەر باڵ و بلوکێک، بەردەوام داوا لە خەڵک دەکەن کە “نابێ لە سندوقەکانی دەنگادان بتۆرێن”. ئەوان بە بیانوی جۆراو جۆر بەردەوام دوپاتی دەکەنەوە کە ” بەشداری کردنی بەرینی خەڵک، نیزام بیمە دەکات”. ئەگەر ئەم قسه‌یه‌ ڕاستە کە بەشداری خەڵک لەم بەناو هەڵبژاردنەدا به‌ووته‌ی ئەوان نیزام بیمە دەکات، کەوایە رێك بەم هۆیەوە خەڵکێک کە لەم ڕژیمە بێزارن نابێ لەم شانۆگەریەدا بەشداری بکەن و ئەم نیزامە دژی خەڵکیە بیمە بکەن. هەڵبەت سەرانی ڕژیم لە ڕێژەی بێمەیلی خەڵک بۆ بەشداری کردن لەم شانۆگەریەدا ئاگادارن و هەموو ئەم هەوڵانەش بۆ ئەوەیە کە بە ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان حاكمیه‌تی خۆیان لەم ڕێگایەشەوە بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا داسەپێنن.لەم رۆژانەدا سەرجەم باڵەکان و جەریاناتی شێوە ئوپوزسیۆن و ڕاگەیەنەرە فارسی زمانەکانی سەربە زل هێزەکان، بە بۆمبارانی تەبلیغاتی خۆیان کەوتونەتە گیانی خەڵک و بەردەوام ئەوان هان ئەدەن بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا. ئەم گوروپە فریوکارانە ئیدیعا دەکەن کە گۆیا ماهیەتی ڕژیم و بارودۆخی دژی دیموکراتیکی حاکم بەسەر ئەم هەڵبژاردنەدا دەناسن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەشداری نەکردن وەک هەڵوێستێکی ئینفیعالی لە بەرانبەر ” روداوێکی گرنگی سیاسی، و بێ تەفاوەتی خه‌ڵك لە بەرانبەر به‌” دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیان” لە کۆمەڵگادا دەناسێنن. بەم جۆرە ئەم ڕەوتە شێوە ئوپوزسیۆنە لە نێوخۆ و دەرەوە بە پاساوی جیاواز، لە ڕاستای ئامانجگه‌لێكی بێ بایه‌خ كه‌ به‌شونیه‌وه‌ن، بوونەتە ئاگر خۆشکەری تەنوری ئەم شانۆگەریە. ئەوان بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەشداری کردن باس لە پێویستی گرتنەپێشی تاکتیکی چالاکانە دەکەن سەبارەت بەم ” هەڵبژاردنە”.628

لە وڵام بەم فریوکارانەدا دەبێ بوترێت، بایکوت کردنی ئەم شانۆگەری هەڵبژاردنە لە راستیدا خۆیدا تاکتیکێکی سیاسی چالاکانەیە. و ئەوەی ئەوان دەیڵێن ئینفعال و تەسلیم بوونە لە بەرانبەر بارودۆخێکدا کە خۆشیان بەشەرمەوە باس لە ڕاستیەکانی دەکەن. خەڵکێک کە نایانەوێ بە چوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان بە دەستی خۆیان مۆری تەئید بدەن لە بوونی ڕژیمێک کە سەرەتایی ترین ئازادی و مافە ئینسانیەکانیان بە توند ترین شێوە پێشێل دەکات، لە ڕاستیدا تاکتیکێکی فەعالیان گرتوەتە پێش. بەشداری نەکردن لەم شانۆگەریەدا وڵامی ڕەد دانەوەیە بە داواکاری حکومەتێک کە داوای مەشروعیەت لە خەڵک دەکات و لە هەوڵی ڕاکێشانیان دایە بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان تا له‌م ریگه‌یه‌وه‌ دەسەڵات و توانایی خۆی بە رووی خەڵکدا بدات و ئەوان چاو ترسێن بکات و مافەکانیان بخاتە ژێر پێ.
له‌ راستی دا، لە دنیای ئەمرۆدا هەر رژیمێکی دیکتاتۆڕی ناچارە کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی وا پێشانبدات کە خاوەنی پشتیوانەی دەنگی خەڵک و پشتگیری زۆرینەیە. ئەمە سەبارەت بە دیکتاتۆڕی مەزهەبی ئیسلامیش ڕاستە. ئەمرۆ دوای تێپەڕبوونی٣٧ ساڵ حاکمیەت و بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ گەلێک گیروگرفتی سیاسی و ئابووری، ئەم ڕژیمە لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە دەنگی خەڵکە كه‌ لە ڕێگای بەرپا کردنی وەها شانۆیەکەوە ده‌سته‌به‌ری كات. بەشداری بەرینی خەڵک لەم بەناو ” هەڵبژاردنەدا” ئەم پشتیوانیە دابین دەکات و ڕژیم دەبوژێنێتەوە.
لەبیرمانە کە ساڵی ١٣٩٢ لە بارودۆخێکدا کە باڵی خامنەیی و سپای پاسداران پێویستیان بە وتووێژ و داخستنی پەروەندەی قەیرانی هەستەیی هەبوو، ئەو کات لازم بوو کە به‌ زل هێزەکان نیشان بدەن کە دەنگی خەڵکیان لە پشتە لەبەر ئەوەی دەیانویست لە پێگەیه‌یكی بەهێزەوە بچنە نێو وتووێژەکان. زۆر تر بەم هۆیەوە بوو كه‌ مەیدانی مانۆڕیان بەباڵی ڕەفسەنجانی و ڕۆحانی دا. بەڵام لە شانۆگەریەکدا کە قەرارە ٧ ی مانگی ڕەشەمە بەڕێوە بچێت سەرلەنوێ گەڕاونەتەوە بۆ دۆخی ساڵی ١٣٨٨، ئەمجارە بەجێگای تەقەلوب و گۆڕینی بە ملیۆن دەنگ، دەستیان داوەتە لادانی بەرینی ڕەقیبە حکومەتیەکانیان، تا هه‌م ده‌ستی ره‌كابه‌ره‌كانیان له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات كورت كه‌نه‌وه‌ و هه‌م بە ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکان مەشروعیەتی خۆیان بۆ درێژەدان بە جەنایەت و سەرکوت و بێ مافی بۆ چەند ساڵێکی دیکەش بەدەست بێننەوە. لەم روەوە بەشداری کردن لە شانۆگەری هەڵبژاردن لەژێر پەردەی دەخاڵەتی “چالاکانە” بە کردەوە کەوتنە داوێکەوەیە کە ڕژیم ناویەتەوە و بەناوی هەڵبژاردن خەریکە بەرەو پێشی دەبات. ئاشکرایە کە نابێ وەها ئیمکانێک بۆ ڕژیمی ئیسلامی فەراهەم بکرێت، بایکوت کردنی هەڵبژاردن نا یەکی گەورەی خەڵکی بێزار لە حاکمیەتێکی ئیسلامیە کە دەتوانێ بواری هه‌ڵگرتنی هەنگاوی گەورەتر بۆ دەستەبەر کردنی مافە پێشێل کراوەکان فەراهەم بکات.
ڕاستیدا بایکوت کردنی شانۆگەری هەڵبژاردن لەنێو خەڵکێکدا کە دڵێکی خۆشیان لەم ڕژیمە نییە خاوەنی زەمینەیەکی بەرینە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕژیم شانۆگەریەکەی خۆی لەپێشدا موهەندیسی کردوە و بەڕێوەشی دەبات. ئاكامی ده‌نگدان، هه‌ر به‌و جوره‌ ده‌بێت كه‌ خۆیان ده‌یان هه‌وێت. ئه‌وه‌ی كه‌ رژیم ده‌ی هه‌وێت كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ریزی به‌رده‌م سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌. نه‌بوونی خه‌ڵك به‌ ئامرازی وه‌ها نودایشێك به‌ خۆ پاراستن كه‌ كۆبوونه‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدان، رژیم ئیسلامی له‌ده‌ی ئێستا هه‌یه‌ لاوازتر ده‌كات.