کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەجلیسی خوبرەگانیش چوە ڕیزی داکۆکی کارانی ئاشکرای کوشتاری زیندانیانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧وە

دەبیرخانەی مەجلیسی خوبرەگان لە ڕاگەیەندراوێکدا دیفاعی لە کوشتاری زیندانیان بە حوکمی خومەینی و بە پشتیوانی سەرانی ئەوکاتی حکومەت کرد. رۆژی ٥ ی مانگی خه‌رمانانی ٩٥ ژمارەیەک لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی کە لە مانگی گەلاوێژ و خه‌رمانانی ساڵی ٦٧ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئێعدام کران، لە گۆڕستانی خاوەران مەڕاسمی رێزگرتن لە یاد و بیرەوەری منداڵە خۆڕاگرەکانیان بەڕێوەبرد كه‌ لە سەرویانەوە دایکەکان بوون. ئەم دایکانە ساڵانێکە شێلگیرانە و سەرەڕای کرداری توندتیژانە و سەرکوتگەرانەی مەئمورانی ڕژیم لەم میعادگایەی عەشق و ڕەزمەندەگیەدا ئامادە دەبن و لەسەر داواکاریەکانیان بۆ بە دەستهێنانی زانیاری سەبارەت بە منداڵە گیانبەخت کردووەکانیان، ناساندنی جەنایەتکارانی ڕاستەوخۆ و سزا درانیان، هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام و ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی پێداگری دەکەن. بەڵام ئەم کۆمەڵ کوژیە چۆن زەمینەسازی بۆکرا؟لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ دا و دوای قەبول کردنی قەتعنامەی ٥٩٨ لە ڕێگای خواردنەوەی جامێک ژەهر لە لایەن خومەینیەوە شەڕێکی هەشت ساڵە لەگەڵ عێڕاق کۆتایی هات. شکست لەم شەڕەدا سەرانی ڕژیمی بەتوندی سەبارەت بە ئاخێزی خەڵک لەدژی دام و دەزگای جەهل و جەنایەتیان نیگەران کرد. بۆ بەرگرتن لە وەها ئاخێزێک بەپێی نەخشەیەکی لەپێشدا دارێژراو و بە دەستوری خومەینی لەنێوان ٥ تا ٧ هەزار کەس لە زیندانیانی سیاسی موجاهد و کومونیست، کە محاکمە کرابوون و لە حاڵی تێپەڕ کردنی حوکمەکەیاندا بوون و هێندێکیشیان تەنانەت حوکمەکەیان کۆتایی هاتبوو، دوای ئامادەبون لە دادگایەکی چەند دەقیقەیی و نمایشیدا ئێعدام کران.794

لەسەر بەستێنی کێشمەکێشی باڵەکان رۆژی سێ شەممە ١٩ ی گەلاوێژ، سایتی زانیاری گەیاندنی دەفتەری مونتەزری، فایلێکی دەنگی سەبارەت بە کۆمەڵ کوژیەکەی بڵاوکردەوە کە رێكه‌وتی ٢٤ ی گەلاوێژی ١٣٦٧ ی پێوەیە. مونتەزری لەم تاریخەدا لە دیدار لەگەڵ حسێنعەلی نەییری ( حاکمی شەرع)، موڕتەزا ئیشراقی ( دادستانی ئەوکات)، ئیبڕاهیم ڕەئیسی ( جێگری ئەوکاتی دادستان) و مەستەفا پورمحەممەدی (نوێنەری ئەوکاتی وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئوین)، سەبارەت بە ئێعدامی ئەندامانی زیندانی کراوی سازمانی موجاهدینی خەڵكی ئێران بەتوندی ناڕەزایەتی نیشان ئەدات و ئامادەبوان کە ئەندامانی هەیئەتی هەڵبژێردراو لە لایەن خومەینیەوە بوون، بە ” جەنایەتکارانی مێژوو” ناودەبات.
مونتەزری لەم فایلە دەنگیەدا ئەڵێ:” شەخسی ئەحمەد ئاغا، کوڕی خومەینیش لە سێ چوار ساڵ لەوە پێشه‌وه‌ ئەیوت موجاهدین بە رۆژنامە خوێن و موجەلە خوێن و ئیتلاعیە خوێنیانەوە ئەبێ ئێعدام بکرێن.”
دوای بڵاو بوونەوەی ئەم فایلە دەنگیە هەردوو باڵی ڕژیم بڵاو بوونەوەی ئەم فایلەیان مەحکوم کردوە و چاوپۆشیان لەو ئیتهامە کرد کە مونتەزری ئیمامەکەیانی بە سەفاک و فەتاک ناوبردبوو. لە ناخی شپرزەی جەنایەتکاران و دەست ئەندەرکارانی ئەم باڵانەدا کەم کەم دیفاع لە کۆمەڵ کوژی و حوکمی خومەینی دەستی پێکرد. سەرەتا کوڕەکانی ئەحمەد خومەینی هاتنە قسە و ئیعتیڕافیان کرد کە کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای خوێن ڕشتنی باوکی حوکمی گەورەیان بۆ کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە دەیەی ٦٠ دا و بە تایبەت ساڵی ٦٧ ئیمکانی مانەوەی دەستەبەر کردوە. مستەفا پورمحەممەدی کە سێ ساڵ لەوەپێش دەور و نەخشی خۆی لە ئێعدامەکاندا ڕەد کردەبۆوە لەژێر ئەو گوشارانەدا کە خراوەتە سەری هاتە قسە و وتی کە شانازی بەو جەنایەتە دەکات و لەو تاریخەوە تا ئێستا شەوێکێش بێ خەوی نەکێشاوە.
سەرۆکی قوەی قەزاییە دەڵێ:” ئەوەی لە حوکمی دادگاکاندا لەسەر بنەمای یاساو ڕێسای شەرعی بەڕێوەچووبێت جێگای ئیراد نییە و حوکمی گوروپە محاربەکان بە روونی دیارە”.
ئەحمەد خاتەمی ئیمام جومعەی تاران ئەڵێ:” ئەوەی کە ئیمامی ڕاحل لە ساڵی ٦٧ دا ئەنجامیدا کارێکی فیقهی، قورئانی، شۆرشگێڕانە و خزمەتێکی گەورە بوو بە خەڵکی موسڵمانی ئێران. ئەگەر ئەو رۆژە ئیمام ئەو خزمەتە گەورەیەی نەرکدایە لەمرۆدا گیرۆدەی گەلێک تەنگ و چەڵەمە و گرفتاری بووین.”
عەلی خومەینی نەوی خومەینی لە قسەکانیدا لەم بارەیەوە نیشانیدا کە تا چ ئاستێک چۆتەوە سەر باوەگەورەی و ئەڵێ:” ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ مەرجی سەقامگیر بوونی ئارامی بووە لە ئێراندا ئەمرۆ تاقمێک بوونەتە دڵسۆز و دەڵین بۆچی بەم شێوەیە لەگەڵ ئەمانەدا بەرخورد دەکەن، بۆچی لەگەڵ بێ حیجابی بەرخوردتان کرد، بۆچی لەگەڵ گەمژەکان بەرخوردتان کرد. نیزام لەگەڵ ئەمانەدا چی بکردایە؟ دەبوو خەباتی بکرادایە، زۆریش بە توندی دەبوو بەرخوردی بکردایە. کرا و وڵاتیش ئارام بۆوە.”
سەید حەسەن خومەینی نەوەی دیکەی خومەینی وتویەتی کوشتارەکانی ساڵی ١٣٦٧ بە تەواوی درۆیە و وتی :” ئەو کەسانەی ئەم درۆیانە هەڵدەبەستن، قازانج ناکەن.” لە ” ئیعتیدال گەرا تازە پێگەیشتوانە” ئەپرسم، ئێوە لەم درۆ هەڵبەستنانەدا چ قازانجێک ئەکەن، جگە لەوەی زیاتر ڕیسوا ئەبن.
ڕەفسەنجانیش کە لەگەڵ ئەحمەد خومەینی لە جەریانی کوشتاری زیندانیانی سیاسیدا بوو، بەدوای ئەودا، لەژێر ناوی دیفاع لەو جەللادە دیفاعی لە حوکمی خومەینی کرد. بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کەسانێک کە لە دوو دەیەی دواییدا لیباسی ئیسلاح خوازیانی لەبەر کردوە و خۆیان لە زومڕەی دەست ئەندەرکارانی ئەم جەنایەتە بوون، قسەیان نەکردوە و هەڵبەت لە لایەن باڵی بەرانبەرەوە بۆ هەڵوێست گرتن لەم بارەیەوە لەژێر گوشاردان.
ئەم فایلە دەنگیە ٤٠ دەقیقەییە، کە سەرانی ئوسولگەرای حکومەتی ئیسلامی خستۆتە حاڵەتی دیفاعی و ڕاراییەوە، لە بارودۆخێکی مێژوویی دیاریکراودا بڵاو کراوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ ئەدات بە پەرەدان بە کەش و هەوای ترساندن و زیاد کردنی ئێعدامەکان بۆ مانەوەی خۆی کات بە دەست بێنێ. بەڵام ئەوەی کە سەرئەنجام چارەنووسی ئەم ڕژیمە دیاری ئەکات، قەیرانی ئابووری و خەباتی کرێکاران، ژنان، لاوان و خەڵکی ئازادی خوازە. سەرانی هەر دوو باڵی ڕژیم و سەرمایەداران بۆ باشتر بوونی ئابووریەکەیان هیوایان بە دەوڵەتان و سەرمایەدارانی رۆژئاوایی، و لە سەرویانەوە ئامریکا، بەستووە. نەخشی ڕژیم لە سوریە، عێڕاق، لوبنان و یەمەن و نزیکی لە روسیە دەوڵەت و خاوەن سەرمایەکانی رۆژئاوایی لە یارمەتی نەدانی کۆماری ئیسلامی لە بواری ئابووریدا پێداگر و سوور تر کردوە.
بێ گومان زیندو هێشتنەوەی یاد و بیرەوەری هەزاران و یان تەنانەت دەیان هەزار زیندانی سیاسی و قارەمانی ئێعدام کراو لە زیندانەکانی ڕژیمدا بوار بۆ روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی خۆشتر دەکات. ئیعتیڕافی بێ شەرمانە و لە مەوزعی لەسەر حەق بوونەوە سەبارەت بەم جەنایەتە و یان بێدەنگ بوونی ژمارەیەکی تر لە سەرانی ڕژیم هیچ لە ڕاستیەکانی پێوەندیدار بەو رووداوە جانایەت کارانەیە کەم ناکاتەوە و یان زیاد ناکات.

کۆماری ئیسلامی مانەوەی خۆی لەسەر سەرکوت دامەزراندوە بەڵام ئەگەر سەرکوت لە قۆناغێکدا هەنگاوێک پاشەکشەی خەڵکی بەشوێنەوەبێت، بوارە عەینیەکانی هەڵچونی قین و توڕەیی جەماوەر خۆش تر دەکات و سەرئەنجام ” وەک ئاگری بن خۆڵەمێش” خەباتی ماف خوازانە بڵیسە ئەستێنێ و بە تێکوپێکدانی بینای کۆشکی ستەم و چەوساندنەوەی کۆماری ئیسلامی، زەمینە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و پشت بوستوو بە هێزی ڕێکخراو و یەکگرتوانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوە خۆش دەکات.