ڕۆژی سێشەممە ٥ی مانگی ڕێبەندان، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی “سنوور تامارا”خەڵکی باکووری کوردستانیان کە سزای دە ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە بانگ کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیە دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، “ناسر عەتبانی” سەرۆکی گشتی زیندانەکانی ئۆستانی ورمێ، هاوکات لەگەڵ سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئەو بەندکراوەیان بانگ کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە بە زوویی دیپۆرتی تورکیە دەکرێتەوە و ئەمەش ناڕەزایەتی “سنوور تامارای” لێ کەوتووەتەوە.
سنووری تامارا پاییزی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ورمێ دەستبەسەر و دوای شەش مانگ ڕاگیران لەو ناوەندە ئەمنییە، بەهاری ئەمساڵ بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.