کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەترسیەک کە لە ئێران له‌ کەمینی نەخۆشە تایبەتەکان دایە

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا هەواڵنێری کۆماری ئیسلامی سەرپەرستی ناوەندی پزیشکی تایبەتی “شه‌رق” باسی لە کەم بوونی سیرۆمی نۆرماڵی سالینی تایبەت بە بەشەکانی دیالیز و شیمی دەرمانی کردوە و وتویەتی: ئەگەر بێت و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتودا گرفتی نه‌بوونی ئه‌و سیڕۆمه‌ چارەسەر نەکرێت ژمارەیەک لە ناوەندەکانی دیالیز ناچار دەبن بەشەکانی خۆیان دابخەن. ئەو هۆشداری دا: نەخۆشەکان ئەگەر بێت و بەزویی سیرۆمی دیالیزیان بۆ دابین نەکرێت بەرەو رووی مەترسی گیانی دەبنەوە. بە وتەی سەرۆکی بونیادی کاروباری نە خۆشیە تایبەتەکان لە ئێستادا ٢٥ هەزار نەخۆشی دیالیزی، ٢٤ هەزار پێوەندی کولیە کراو، ٦ هەزار نەخۆشی هموفیلی، ١٩ هەزار نەخۆشی تالاسمی، ٤٥ هەزار نەخۆشی ئێم ئێس و ساڵانە ٩٠ هەزار نەخۆشی سەرەتانی نوێ لە وڵاتدا هەیە. ئەم ژمارەیە تەنیا ئاماری ئەو نەخۆشە تایبەتانەیە کە دەوڵەت شناسایی کردون، لە حاڵێکدا کە چەندین بەرابەری ئەم ڕەقەمە نەخۆشی تایبەت بونیان هەیە کە لە هیچ جێگایەک تۆمار نەکراون و لەژێر هیچ چەشنە چەترێکی پشتیوانیشدا نین. ئەوە لە حاڵێكدایە کە زۆربەی ئەم نەخۆشانە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان بۆ بەڕێچون نییە.گرانی و کەم بوونی درمان لە ئێران بابەتێکی نوێ نییە. ئەوە تەنیا نەخۆشە تایبەتەکان نین کە لەبەر کەمی دەرمان بەرەو رەووی مەترسی مەرگ دەبنەوە. لەم دواییانەدا هەواڵێک بڵاو کرایەوە تێیدا هاتبوو کە نەخۆشە تالاسمیەکان و چەندین جۆری نەخۆشی تایبەتی تر بەرەو رووی کەم بوون و گرانی سەرسوڕهێنەری دەرمان بوونەتەوە. سایتی کەلیمە لە ڕاپۆرتێکدا لەم بارەیەوە ئەنوسێ:787

زۆرێک لەو دەرمانانەی کە نەخۆشە تایبەتەکان پێوستیان پێیانە کەمن یان هەر دەست ناکەون و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە نەخۆشەکان ناچار بە دانی هەزینەیەکی چەند بەرابەر بن بۆ دەستەبەر کردنیان. لە لایەکی دیکەوە بە بەرهەمهاتنی نێوخۆیی بەشێک لەم دەرمانانە هاوردە کردنی جۆری خاریجیەکەی کەم بۆتەوە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە زۆرێک لە پزیشکەکان جەخت دەکەنەوە کە نەخۆشەکانیان لە نمونەی خاریجی دەرمانەکان کەڵک وەربگرن و لەلایەکی تریشەوە تەجروبەی کەڵک وەرگرتن لە نمونەی نێوخۆیی لە هێندێک حاڵەتدا سەلماندویەتی کە نمونەی نێوخۆیی کەیفیەتی دەرمانی خاریجی نییە و ناتوانێ وڵامدەرەوەی پێداویستی نەخۆشەکان بێت.

هەزینەی تەرخان کراو لە بوجەی ساڵی ١٣٩٥ دا بۆ حەوزەی بێهداشت و دەرمان، بە بەراورد بە قەبارەی نیازەکانی بێهداشتی و دەرمانی لە ئێراندا لەڕاستیدا زۆر کەمە. خودی کاربەدەستانی ڕژیمیش دانیان بەوەدا ناوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بودجەی ئۆرگانە زیادی و زیانباره‌كان و ئۆرگانەکانی سەرکوت، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردوە. بڕی هەزار و ١٥٠ ملیارد تمەن لە بوجەی سڵامەت کەم کراوەتەوە و دراوە بە وەزارەتەکانی تر. محەممەد ڕەزا نەورۆزی، ” ئەندامی باڵای شوڕای سازمانی پزیشکی ئێران”، لە سێهەمین کۆبونەوەی زانستی دەرمان سازانی ئێران لەم پێوەندەدا ئەڵێ:” ٨٠ لەسەدی دەرمان سەرپێی لە بەشی تایبەتدا ئەنجام ئەدرێت و تەنیا ٢٠ لەسەدی لە لایەن بەشی دەوڵەتیەوە بەڕێوەدەچێت.”

سازمانی بێهداشتی جیهانیش لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بە بارودۆخی گەلێک نالەباری ئاستی سڵامەت و تەندروستی لە ئێران کردوە و بەپێی بەراوردی ئەم سازمانە، پلەی سڵامەت لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی لەنێو ١٩٢ وڵاتی دنیادا ١٢٣ یە.

لە ئێراندا بۆهەر ٢٥٠٠ کەس پزیشکێک هەیە ئەم ڕەقەمە لە وڵاتێکی وەک کۆبادا بۆهەر ١٧٠ کەس پزیشکێکە. لە ئێران بۆهەر ١٠ هەزار کەس ١٤ تەختی بیمارستانی هەیە لە حاڵێکدا کە مامناوەندە جیهانیەکەی دوو بەرابەر واتە ٢٨ تەختە بۆ هەر ١٠ هەزار کەس و ئەم ڕەقەمەش لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریدا٦٤ تەختە.

هەر ئێستا بەهۆی هەژاری و بەد خۆراکی، بڵاو بوونەوەی هەموو جۆرە نەخۆشیەک، ڕێژەی مەرگ و میری نابەوەخت، رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر دەبێت. کەمبودە پزیشکی و دەرمانیەکان، زیاد بوونی نرخی دەرمان خێرایی ئەم ڕەوتەی زیاتر و زیاتر کردوە.

هەزینەی فراوانی خزمەتگەزاری پزیشکی، گرانی دەرمانەکان لە پاڵ گرانی سەرسوڕهێنەری باقی پێداویستیەکانی تری ژیاندا، بێهداشت و سڵامەتی گشتی کۆمەڵگای دابەزاندۆتە نزم ترین ئاست و بەستێنی زیاد بوونی تەلەفاتی ئینسانی و کەم بوونەوەی ماوەی تەمەنی لەبار کردوە. ئەمە بارودۆخی بێهداشت و دەرمانە لەوڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک لە سەروەتی سروشتی رۆنیشتوە، بەڵام تێیدا دەوڵەتێک لەسەر کارە کە هیچ بایەخێک بۆ گیانی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە دانانێ و هەموو سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەی، تەنیا لە خزمەت مانەوەی خۆیدا دەوێت. ڕژیمێکی کە لە ڕێگای دەزگا نیزامیی و ئەمنیەتییه‌كانه‌وه‌ هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگای خستتۆتە ژێر چنگی خۆیەوە و بەشێکی بەرین لە بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و زەحمەتکێشانی وڵات دەخاتە گیرفانی کۆمەڵێک نیزامی- سەرمایەداری جەنایەتکار و سه‌ركوتگه‌ره‌وه‌ و بەشەکەی تریشی خەرجی تەیار کردنی دەزگای داپڵوسن و ناوه‌ندی بڵاو کەرەوەی جەهل و خورافە دەکات، وه‌ها رژیمێك چ تەعەهودێکی لە بەرانبەر بێهداشت و سڵامەتی خەڵکدا ده‌توانێ هەبێت؟