کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مێژووی ئیستبداد و سەرکوت لە ساڵی ١٣٥٧ وە دەست پێناکات

images 2

  مێژوو گۆیا بوونەوەرێکی بێ ئازارە کە هەر کەس دەتوانێ بە پێی بەرژەوەندی و مەسڵەحەتی ئەمرۆی خۆی لە هەر کاتێکدا بێت یاری پێبکات و وێنایەکی نا ڕوونی لێ پیشان بدات. لەمڕۆدا دوو دەستە لە بازیگەرانی گۆڕەپانی سیاسەت لە ئێران زیاتر لە هەر ڕەوتێک لە هەوڵدان تاریخی هاوچەرخی ئەم وڵاتە بە قازانجی بەرژەوەندیەکانی ئەمڕۆیان مەسخ و ئاوەژوو بکەنەوە.

  سەڵتەنەت تەڵەبە توندڕەوەکان لە سەرودەمی ٤٤ مین ساڵی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧، ساڵی ڕوخانی سەڵتەنەت و دەستپێکی دامەزرانی کۆماری ئیسلامی، سەردەمی سەڵتەنەتی پەهلەویەکان ئاوەژوو بکەنەوە و پیرۆزی بکەن و دەستپێکی ئیستبداد و دواکەوتویی بگێڕنەوە بۆ دوای ساڵی ١٣٥٧ و ڕوخانی ڕژیمی پاشایەتی. بەڵام ئەو ڕاستیانەی کە بوونە هۆکاری ڕاپەڕینی ملیۆنی خەڵک، بوونە هۆی ناڕەزایەتی بەرین و مانگرتنی سەرتاسەری، پێچەوانەکەی دەسەلمێنن. سەرەڕای گەشە و بەرەوپێش چوونێک کە لەسەردەمی پەهلەویەکاندا ڕوویدا و تەنیا تایبەت بە ئێرانیش نەبوو، گەشەی ئابووری لەگەڵ ئیستبدادی تاکەکەسی، لەگەڵ کۆنتڕۆڵی ساواک بەسەر گیان و ماڵی خەڵکدا، وێڕای قوڵتر بوونەوەی کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت، گەندەڵی نجومی دەربار و تاڵان کردنی سەروەتی گشتیشی لەگەدا بوو. ئازادی بەیان و ئازادی ئەحزاب بوونی نەبوو. ڕاگەیەنرەکان لە کۆنتڕۆڵی ساواکدا بوون و بە سەدان نووسەر و مامۆستای زانکۆ، بە هەران نەیاری سیاسی لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە و هێندێک  جار ئێعدام دەکران. کەلێنی چینایەتی و هەڵاواردنی سیستماتیک لە ناوچەکانی وەک کوردستان و بەلوچستان، هەژاری بێ ئەوپەڕ بەسەر ژیانی خەڵکی ئەو ناوچانەدا داسەپا بوو. لەسەر وەها بەستێنێک بوو کە خەڵکی ئێران لەدژی ڕژیمی شا ڕاپەڕین و ڕوخاندیان.

  لەگەڵ هاتنەسەرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کارەساتی قورس تر بەسەر بەشێکی گەورە لە کۆمەڵدا هات. هەژاری و سەرکوت پەرینتر بۆوە. شەڕی ئێران و عێڕاق، شەڕی حکومەتی ئیسلامی لەدژی خەڵکی کوردستان، کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە دەیەی ٦٠ دا، سەرکوتیان گەیاندە ئاستێکی تر. هەڵاواردنی سیستماتیک لەدژی ژنان و کەمینە نەتەوایەتی و مەزهەبیەکان، دەژمنایەتی لەگەڵ زانست و زانیاری و پەرەدان بە خورافە و نەزانی بوون بە سیاسەتی ڕەسمی هەیئەت حاکمەی ئیسلامی. لە وەها بارودۆخێکدا بوو کە پاشماوەکانی سەڵتەنەتی ڕوخاو کەڵکیان لە بارودۆخی خراپی خەڵک وەرگرت و حکومەتی پەهلەویەکان بە خزمەتکار و ڕزگاریدەر خەڵک ناساند.

  بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە سەرەڕای شەڕی تەبلیغاتی نێوان ئەم دوو هێزە کۆنەپەرستە، گەلێک هاوبەشی لە نێوان دوو ڕژێمی سەڵتەنەتی و ئیسلامیدا بوونی هەیە. سەڵتەنەت و دەزگای دین هەردوکیان هۆکاری سەرەکی بوون لە دروست بوونی بارودۆخی خراپ و نابەسامانی ژیان و بەڕێچوونی ئێستای بەشی زۆری خەڵک، هاتنە ئارای نیزامێکی ئیستبدادی بێ سنور، پێشێل بوونی مافە سەرەتاییەکانی تاکەکەسی، سیاسی و کۆمەڵایەتی ئینسانەکان لە کۆمەڵگای ئێراندا.

  مێژووی زیندو و هاوچەرخی ئێران ناکرێت بە هیچ ڕادەیەک لە تەبلیغات و پاساوی درۆینە ئاوەژوو بکەیتەوە. دەربار و دەزگای ڕۆحانیەت هۆکارە سەرەکیەکانی ئیستبداد، دواکەوتویی و لەنێو چوونی کۆمەڵگای ئێران و ئێش و ئازارەکانی خەڵکن. شەڕی ئەم دوو هێزە هیچ پەیوەندیەکی بە قازانج و بەرەژەوەندی خەڵکەوە نییە. بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، بەرابەر، پێشکەوتو و پڕ لە ڕێفاه پێویستە دەستی ئەم دوو هێزە کۆنەپەرستە لە سەر ژیان و چارەنووسی خەڵک کورت بکرێتەوە.