کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مین لەژێر پێی خامنەییدا گەرمداهاتوە!

Untitled 54

  عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بۆ دووهەمین جار لە ماوەی چوار حەفتەی ڕابردودا لەبەرچاوی خەڵک دەرکەوت و لە کاردانەوە بە ئاخێزی سەرتاسەری جەماوەری خەڵک ڕوو بە کاربەدەستانی مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام وتی:” ئاگادار بن خۆتان بە ڕووداوەکانی وەک بشێویەکانی ئەم دواییەوە خەریک نەکەن و هۆشتان نەمێنێ!، کار و ئەرکە سەرەکیەکانتان بیر نەچێت”. ئەو لە درێژەدا وتی:” خۆتان بەم ڕووداوە بچوکانەوە خەریک نەکەن”.

  خامنەیی و هەیئەتی حاکمەی گەندەڵ و جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی چەندین رۆژ و حەفتەی دژواریان نایە پشت سەر. ناڕەزایەتی رۆژ لە رۆژ زیاتری بە ملیۆن کەس لە خەڵکی زۆرلێکراوی ئێران بەرەو ئەوە دەچێت کە ئاست و لایەنی بەرینتر و قوڵتر بەخۆیەوە بگرێت.

  کرێکاران، مامۆستایان، ژنان، وەکیلەکانی دادگوستەری، خوێندکاران، قوتابیان، لاوان، سیما ناسراوەکان و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا زیاتر لە پێشو بە ناڕەزایەتیەکانی سەر شەقامەوە پەیوەست ئەبن.

  سنە لە بەرانبەر دەزگای سەرکوتدا خۆی ڕاگرتوە و خەریکە چوارەمین حەفتەی خۆڕاگریەکەی ئەنێتە پشت سەر، واتە چوار رۆژ زیاتر لە خۆڕاگری خەڵکی سنە لە بەرانبەر حکومەتی ئیسلامیدا لە ساڵی ١٣٥٨ و دوای ڕوخانی ڕژیمی پاشایەتی.

  خامنەیی حەوتویەک لەوە پێش لە کۆبوونەوەی نیزامیەکاندا خەباتی خەڵکی ڕەد کردەوە و خوازیاری سەرکوت کردنیان بوو. ئێستا کە ناڕەزایەتی و هاواری مردن بۆ دیکتاتۆڕی سەجەم شارە گەورە و چکۆکەکانی بیستوە، ڕوو بە مەلا کۆنەپەرستەکانی وەک خۆی سوخەنڕانی دەکات و پێیەوە دیارە کە ترس و نیگەرانی لەسەر تا پێی خۆی و حکومەتە ئیسلامیەکەی دەبارێ، سەبارەت بە درێژەی ناڕەزایەتیەکان. دیکتاتۆڕەکان تا دەقیقەکانی کۆتایی دەسەڵاتیان ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر و داخوازیەکانیان ڕەد، یان ئاوەژوو دەکەنەوە و خامنەییش لەم قاعیدە و یاسایە بەدەر نییە.

  لە حاڵێکدا کە خامنەیی ناڕەزایەتی بەملیۆن کەس بە بابەتێکی نا گرنگ و بێ نرخ دەزانێ، کە دەزگای سەرکوتی ڕژیم تا ڕادەیەکی زۆر ماندوو بێ توانایە، و کوشتنی زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە منداڵان، تازەلاوان و ژنان و پیاوان، بریندار کردنی بە هەزاران کەس و گرتن و زیندانی کردنی بەرین و بەربڵاو بۆ حکومەت هیچ دەردێکی دەوا نەردوە. ناڕەزایەتی لەنێوخۆدا و شەپۆلی ڕوو لە زیاد بوونی ئیدانە کردنەکانی حکومەت لە دەرەوەی وڵات بۆتە کابووسی دەسەڵاتداران.

  لە وەزیر و وەکیلەکانەوە تا فەرماندە جەنایەتکارە نیزامی و ئەمنیەتیەکان بیر لە سبەی رۆژی ڕوخانی حکومەتی ئیسلامی دەکەنەوە. هیچ سیاسەتمەدارێکی ناسراوی پێشوی حکومەتی، بە شێوەی ئاشکرا داکۆکی لە حکومەت نەکردوە و هەر ئەمەش خۆی باس لە کەلێنی بەرین و ناکۆکی لە نێوان دەسەڵاتدارانی ئیسلامیدا دەکات سەبارەت بە چلۆنایەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵک.

  بەرەی لاو و بە تایبەت ژنان قەت ناگەڕێنەوە بارودۆخی بەر لە کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی حکومەت. ئەم خەباتە بە پەیوەست بوونی کرێکاران، وەکیلەکان، فەرهەنگیان، خانەنشینان، خوێندکاران، قوتابیان و خەڵکی گەڕەکە هەژار نشینەکان بەرەو ئەوە دەچێت تا پشتی حکومەتی ئیسلامی بشکێنێت.

  مەلا پەڕتوکاو و کۆنەپەرستەکانی حکومەتی ئیسلامی دەبێ بیرێک لە بە ملیارد دۆلار دەزین و بە تالان بردنی سەروەت و سامانی خەڵک بکەنەوە. هیچ جێگایەکی دنیا بۆ سەرانی ڕژیم ئەمن نابێت و دوور لە چاوەڕوانیە کە مەلاکان لە مۆسکۆ و پەکین جێگایان بێتەوە و قەبوڵ بکرێن.

  خامنەیی زۆر باش لە ئەزموونی لێک هەڵوەشان و ڕوخانی حکومەتی سەڵتەنەتیەوە فێر بووە کە نابێ هیچ پاشکشەیەک لە بەرانبەر خەڵکدا بکرێت. بەڵام بە ملیۆنان کەس لە ناڕازیانی کوردستانی و ئێرانی ئەم مەلا کۆنەپەرست و گەندەڵانەیان لە پاشەکشە و شکست و بە چۆکدا هاتنی کۆتایی نزیک کردۆتەوە.

  زۆری پێناچێت کە سەردێڕی سەرجەم رۆژنانە و ڕاگەیەنەرەکانی دنیا بە هەواڵی ڕوخانی حکومەتی ئیسلامی دەڕازێتەوە. و ئەوەرۆژەش زۆر دوور نییە.