دوابەدوای پەرەسەندنی نافەرمانی ملیۆنی بەرامبەر بە حیجابی ئیجباری و هەوڵەکانی ڕژیم بۆ پێشگرتن لە قبوڵکردنی شکست لەو بوارەدا، باسکردن لە منداڵبوونی زۆرەملێ بۆ ماوەیەک کەمتر بۆوە، بەڵام ئێستا تەبلیغاتی ڕاگەیاندنەکان لەم بابەتەوە، دەستی پێکردووەتەوە. ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەز، ڕۆژنامەی دونیای ئیقتیساد، بابەتێکی بەناونیشانی “کووا تورمزی منداڵبوون؟” بڵاوکردەوە: “دابەزینی هاوکاتی ڕەوتی “هاوسەرگیری” و “لەدایکبوون” لە وڵاتدا، کە ساڵی ڕابردوو هەردوو حاڵەتەکە تا ڕادەیەکی زۆر کەم بووەوە، لە ڕوانگەی هەندێک کەسەوە بە هۆکاری گۆڕانی “نۆرمی ژیان” دادەنرێت؛ بەڵام واقیعییەتی هاوکێشەی نوێی دانیشتوان، زۆر ئەولاترە لەو گۆڕانکارییە و “سەرچاوەی ئابووریی” هەیە. لێکۆڵینەوەکانی “دونیای ئیقتیساد” دەریدەخەن کە فاکتەری “تێچووی کڕین و دابینکردنی خانووبەرە” و گرانی لەڕادەبەدەر هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی کە منداڵبوون بەو ڕادەیە کمی کردووە.” هاووڵاتییەک لەم بابەتەوە دەڵێت، “تەنانەت ئەگەر کێشەی ئابووری و بێکاریش لەم وڵاتەدا چارەسەر بکرێت، خەڵک زۆر کەم حەز بە منداڵبوون دەکەن. لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵگای خەمۆک و بێ ئومێد کردووە، هەمووان بیر لە هەڵهاتن لە ئێران دەکەنەوە“. بە قەرزی ئۆتۆمبێل ناتوانیت وا لە کەسێک بکەیت منداڵی هەبێت. من خۆم کوڕێکی ٢٣ ساڵانم هەیە، هەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە کە سبەی ڕۆژ لەم وڵاتەدا چی بەسەر دێت، ئایا بە ڕووداوێک دەمرێت؟ یان بە فیشەکی مەئموورانی سپا دەکوژرێت؟ یان لەوانەیە گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بێت و بێکار و سەرگەردانی سەر شەقامەکان بێت. تەنیا کێشەی ئابووری نییە، خەڵک لەم وڵاتەدا دڵخۆش نین. مێهرداد ئاغا فەزلی باوکی یەلدا ئاغا فەزلی، گیانبەختکردووی تەمەن ١٩ ساڵەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“، لەوەش واوەتر ڕۆیشت و وتی، ئێمە حکوومەتێکی سەیر و سەمەرەمان هەیە، بە زۆر دەڵێ دبێ منداڵتان ببێت، دواتر ناچاری دەکەن وڵات جێبهێڵێت، یان زیندانی دەکەن و یان بینایی لێ دەستێننەوە.
خامنەیی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٦ وتی کە پێویستە ژمارەی دانیشتووانی ئێران تا ١٥٠ میلیۆن کەس بەرز بێتەوە. هەر ئەو کاتە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی دەریخست کە ٧٠٪ی خەڵک دژی ئەو سیاسەت و بەرنامەیەی ناوبراو بوون و ئەم ژمارەیە تا دێت زیاتریش دەبێت. بەڵام وەک هەمیشە هیچ کاربەدەستێکی کۆماری ئیسلامی گرنگی بە بۆچوونی خەڵک نەدا و به پێچەوانەوە دوابەدوای قسەکانی خامنەیی، کۆمەڵێک ڕێوشوێنی هاندان و سزادان گیرایە بەر. بڕیاردرا بەشێوەیەکی ڕواڵەتیش بێت بە پەسەندکردنی “تەرحی گەنج هێشتنەوەی دانیشتووان و بنەماڵە“، بەرگێکی یاسایی بکەنەبەر ئەو ڕێوشوێن و کردەوانەی خۆیان. بەهۆی ناکۆکی ناوخۆییەوە حەوت ساڵی خایاند تا بڕیارەکەی وەلی فەقیه لەلایەن مەجلیسەوە پەسەندکرا. بەڵام بەرپرسە پەیوەندیدارەکان وەک زۆرێک لە پرسەکانی تر چاوەڕێی ئەو یاسا ساختەیە نەبوون و تەرحەکەیان بە کردەوە خستە بواری جێبەجێکردنەوە. نەزۆککردنی ژن و پیاویان بە تاوان لە قەڵەمدا. بودجەی ڕێگری لە دووگیانی بێبەرامبەریان لە ناوەندە پزیشکییەکان بڕی. لەباربردنی کۆرپەلە، جگە لە هەندێک حاڵەتی دەگمەن و هەڵگرتن و دابەشکردنی دەرمانی ئەو بوارەش قەدەغە کرا و بە تاوان لەقەڵەم درا. بابەتی سکرینکردن کە ڕێگە دەدات بزانرێت منداڵەکە لە سکی دایکیدا تەندروستە یان کەمئەندامە، بە کردەوە ئەوەندە سنووردار کرا کە زۆرێک لە ژنان ناچار بە لەباربردنی کۆرپەڵەکەیان بوون. بەو پێیەی کە “٧٠ بۆ ٨٠٪” حاڵەتەکانی لەباربردن لە دەرەوەی ناوەندە پزیشکییەکان ڕوودەدەن، “ئامارێکی ورد سەبارەت بە ڕێژەی لەباربردن” لە ئێران لەبەردەستدا نییە. بەڵام ئەمیرحسێن بانکی پوور سەرۆکی کۆمیسیۆنی تایبەتی دانیشتووان و گەشەی بنەماڵە لە مەجلیس، خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠، ئاماری ڕۆژانەی لەباربردنی کۆرپەڵەی لە ئێران بە نزیکەی دوو هەزار حاڵەت خەمڵاند، واتە ساڵانە نزیکەی ٧٠٠ هەزار حاڵەت بووە. بەهۆی ئەوەی ڕێگا یاسایی و تەندروستییەکانی لەباربردنی کۆرپەڵە لەلایەن ڕژیمەوە داخران، ژنان ناچاربوون لە ڕێگەی مەترسیدار و نا زانستییەوە ئەو کارە بکەن، ئەمەش زیانی جددی جەستەیی و دەروونی بەدواوە بووە. بەڵام ڕژیم هەر بەوەوە نەوەستا، لەباربردنی کۆرپەڵەی بە تاوان ناساند و سزای تووند و تەنانەت لەسێدارەدانی بۆ دیاریکرد. سەرەڕای هەر ڕێوشوێنێکی هانداندەرانە و سزادانی دیکتاتۆریانەی، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، خەڵک بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵسوکەوتیان کرد و سەرجەم هەوڵەکانی ئەوانیان لەگەڵ شکست بەرەوڕوو کردەوە.
مەسەلەی گەنج هێشتنەوەی دانیشتووان، بە ڕەچاوکردن و پاراستنی هەموو مافە پاڵپشت و دێموکراتیکەکانی هاووڵاتیان، پرسێکی پێویستە. بەڵام کۆماری سەرەڕۆ و سەرمایەداری ئیسلامی، هاوشێوەی فاشیستەکانی ئاڵمانی نازی و ئیتالیا لە ساڵەکانی دەیەی سی و چلی زایینی، دەیهەوێ دانیشتووانی وڵات گەنج ڕابگرێت تا بە کەڵک وەرگرتن لە خوڕافاتی ئایینی، منداڵان، گەنجان و تازەلاوان بەمەبەستی کارکردن بۆ سەرمایەداران، بەسیج، سپا، دام و دەزگا هەواڵگرییەکان و شانۆگەری مانگەکانی موحەڕەم، بار بهێنێت. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەنیاز بوون و هەن کە لە جەستەی ژنان و خزمەتی ئاشقانەی دایکان لە بواری منداڵبوون و بەخێوکردن و بارهێنانیان، وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە دژە ئینسانییەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن. تەرح و هەوڵەکانی ڕژیم لەم بوارەدا، لە درێژماوەدا ستراتژیک و لە کورت ماوەدا سەرکوتگەرانەن. هاووڵاتیانی ئێران و لە پێشەوەی ئەوان ژنان و لاوان، لە مانگی بەفرانباری ٩٦و خەزەڵوەری ٩٨ و بە تایبەتی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، نیشانیان دا کە ستەم و سەرەڕۆیی چە لە فۆرمی دیکتاتۆریەتی ڕەها و یان سەرمایەداریدا تەحەموول ناکەن. ژنان و پیاوانی خەباتکار و شۆڕشگێڕ، بە پشت بەستن بە خەبات و ئیرادەی لێبڕاوانەی خۆیان و بە حوکمی مێژوو، ئەم ڕژیمە، بە حیجابی ئیجباریی، منداڵبوونی ئیجباریی، کاری ئیجباریی و دانپێدانانی ئیجباریی و هەموو جەبرەکانییەوە، بەگۆڕدەسپێرن و بە جێگای ئەو، حکوومەتی خۆیان، واتە حکوومەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دادەمەزرێنن. لە وەها حکومەتێکدا کە خەڵک بەسەر چارەنووسی خۆیاندا زاڵن، هیچ چەشنە ئیجبارێک بوونی نامێنێت.