کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

منداڵان قوربانیانی نادیاری بەرژەوەندییەکانی ڕژیمی ئیسلامی

10880 996

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای کرمان، ژمارەی منداڵانی قوربانی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانبار لە شاری کرمان، گەیشتووەتە ٢٢ کەس. بەشی پێوەندییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگای کرمان ڕایگەیاند کە ١١ کەس لەو قوربانیانە کچن و ١١ کەسیشیان کوڕن. ئیدارەی پەروەردەی پارێزگای کرمان سێ ڕۆژ پێش لە ڕێوڕەسمی یادی قاسم سولەیمانی، سەرجەم قوتابخانەکانی داخستبوو بۆ ئەوەی قوتابیان لە کاروانەکانی خوێندکاراندا لەژێر ناویزیارەتکاری بەهەشتلە کرمان بەشداری بکەن. ئەم مەسەلەیە بەپێی نامەی جێبەجێکاری ئەسغەر باقرزادە، جێگری پەروەردەیی و فەرهەنگیی پەروەردە و بارهێنان، بەرێوەچووبوو. ناوبراو لە نوسراوەکەدا داوای کردبوو کە بەمەبەستی بەشداریکردنی هەرچی زیاتری خوێندکاران وەک سەرەکیترین و کاریگەرترین توێژ و هەروەها بەشداری هەمەلایەنەی بەڕێوەبەران و مامۆستایان و دایک و باوکی خوێندکارەکان لە مەراسیمی فەرماندەی پێشووتری قودس، ئیمکاناتی پێویست دابین بکرێت. بەرپرسی یەکێتیی ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی پارێزگای کرمانیش بەڵێنی دابوو بەو خوێندکارانەی کە سەردانیگۆڵزاری شوهەدای کرماندەکەن، کە دواتر دەشیانبەن بۆ شاری یارییتاما“. سەرەڕای تەواوی ئەم بەڵگانە، ئاژانس و هەواڵنێرییە گوێڕایەڵەکان، ئیدیعای ئەوە دەکەن کە خوێندکارە قوربانییەکان لە نێو بەشداربووانی کاروانەکەدا نەبوون و لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەشداریی مەراسیمەکەیان کردبوو. شۆڕای هەماهەنگی ڕێکخراوە سنفییەکانی فەرهەنگیان، لە بەشێک لەو بابەتەدا کە لە کەناڵە تێلێگرامییەکەی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، نووسیویەتی: ئامادەبوونی زۆربەی هەرەزۆری خوێندکارانی قوربانی، بەپێی پلانی قوتابخانەکان و بەشی پەروەردە و بەبێ حزووری دایک و باوکەکانیان بەڕێوە چووە. ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕژیم تا ئێستا ناوی ٢٢ منداڵیان بڵاوکردووەتەوە کە لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە تەمەنیان بکەن. شایەتحاڵە ڕەخنەگرەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەموکوڕییە بە ئانقەستە، نووسیویانە کە تەمەنی زۆرێک لە خوێندکارە قوربانییەکان زۆر کەمتر لەوە بووە کە بەشداری لە مەراسیمێکی سیاسی، تەبلیغاتی و حکوومەتیدا بکەن، ڕێوڕەسمێکی کە پێشوەختە دەکرا ئەگەری مەترسییەکانی ناو ئەو پرۆسەیە پێشبینی بکرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک کە ئامادە نەبوو قوتابییەکانی ژێر سەرپەرشتی خۆی بنێرێت بۆ مەراسیمی سولەیمانی، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: پەیڕەویکردن لە ڕێنماییە نوێیەکەی ئیدارەی پەروەردەی کرمان، بەواتای ناردنی منداڵەکان بوو بۆ ناو گەرووی ئەژدیهای مەرگ. ئەو هەروەها دەڵێت لە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەرەوە لە هەموو ڕاگەیاندنەکانیانەوە تەبلیغی ئەوەیان دەکرد کە دەبێت ئەم بۆنەیە بە شێوەیەکی شکۆدار بەڕێوەبچێت. لە درێژەی ئەو پڕوپاگەندەیەدا، بەشێک لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان بۆ خۆ شیرین کردن، دەستیانکردبوو بە هەندێک کاری تەبلیغی گاڵتەجاڕانە. مامۆستایەکی ڕەخنەگر لەم بارەیەوە نووسیویەتی: “هەفتەی ڕابردوو خوێندکارانی قوتابخانەیان ناچار کرد لە نمایشێکی گاڵتەجاڕانەدا، ڕێز لە وێنەی قاسم سولەیمانی بگرن.

کاتێک چوومە ناو قوتابخانەکە مێزێکم لە هۆڵی پێشوازیدا بینی کە وێنەی ناوبراوی لەسەر دانرابوو و قوتابییەکان ڕیزیان گرتبوو بۆ ئەوەی چەپکە گوڵ دابنێن، جێگری قوتابخانەکەش بە مۆبایلەکەی خەریکی وێنەگرتن بوو. کاتێک پرسیارم کرد، وتیان لەسەرەوە دەستوورمان بۆ هاتووە کە ئەم مەراسیمە ئەنجامبدەین و فیلم و وێنەی لێ هەڵبگرین و بە دۆکیۆمێنتی بکەین و بۆیان بنێرین.

ئەو تەبلیغات و ڕێوشوێنانەی کە بۆ قوربانیانی ڕێوڕەسمی قاسم سولەیمانی فەراهەم کرابوو، درێژەی هەوڵ و چالاکییە دژە ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامییە بە درێژایی ٤٥ ساڵی ڕابردوو لە دژی منداڵانی قوتابی. تاوانەکانی ئەم ڕژیمە بەرامبەر بە منداڵانی خوێندکار، لیستێکی دوور و درێژ لەخۆدەگرێت. پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە حکوومەتی ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە، دەستیکرد بە لەسێدارەدانی ئەو خوێندکارە کەم تەمەنانەی کە لە ژێر کاریگەری کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەی ئەو ڕۆژانەدا، بەشدارییان لە خۆپیشاندانە دژە حکوومەتییەکاندا کردبوو یان هەندێک نووسراوەیان بڵاو کردبووە. دوای ئەوە نۆرەی بەشداریکردنی منداڵان هات بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ بەسیجی خوێندکاریی، ناردنیان بۆ بەرەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق کە تیایدا لانیکەم ٣٥ هەزار منداڵ بوونە قوربانی و بنەماڵەکانیان ماتەمبار بوون. لەهەمانکاتدا تەبلیغی خوڕافات، سەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر کچان و سزادانی قوتابیان لە قوتابخانە و بنەماڵە مەزهەبییە کۆنەپەرستەکاندا، ئازار و موسیبەتەکانی منداڵانی زیاتر کرد. بێبەشبوون لە خوێندن، پەرەسەندنی هەژاریی منداڵان و ڕەوانەکردنی بە ملیۆنان کەسیان بۆ سەر شەقام و ناو بازاڕی بێبەزیی کار، هاوسەرگیریی لە تەمەنی منداڵیدا، پەروەردەکردن و ڕاکێشانی منداڵان بۆ ناو دام و دەزگا سیخوڕی و سەربازییەکان و بڵاوکردنەوە و گیرۆدەبوونی هەرچی زیاتر بە ماددە هۆشبەرەکان لە ناویاندا، لە زومرەی تاوانەکانی دیکەی ڕژیمن لە دژی منداڵان. لە چوارچێوەی ئەم هەموو تاوانانەدا، منداڵانی قوتابی لە مەراسیمە جۆراوجۆرە دەوڵەتییەکاندا بوونەتە قوربانی. خوێندکاران هیچ کات تەسلیمی ئەو چارەنووسە نەبوون کە ڕژیم بۆی دیاری کردوون و بەردەوام ناڕەزایەتیان دەربڕیوە. لوتکەی ئەم ناڕەزایەتیانە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیدا خۆی نیشاندا. خۆپیشاندان و شێوازە جۆراوجۆرەکانی ناڕەزایەتی منداڵانی قوتابی، بە بەشداری و ڕۆڵی سەرەکی کچان، بووە ئیلهامی پەرەسەندنی خەبات و ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. خوێندکاران لەسەر بەستێنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، وشیارتر و ڕێکخراوتر و بوێرتر بوون و دەستبەسەرکرانی هەزاران کەسیان و گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٧٠ منداڵ و ژەهراوی کردنی کلاسەکانیان، نەیتوانی زەڕەیەک لە ورە و ئازایەتی ئەوان کەم بکاتەوە. لەم ڕۆژانەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کارەساتی ڕێوڕەسمی قاسم سولەیمانی، ئەوان و دایک و باوکەکانیان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، ئەو قسەیەی باوکی خوێندکارێکی کرمانی دووپات دەکەنەوە کە ڕۆژی ١٣ی بەفرانبار و کاتی تەقینەوە تیرۆریستییەکان وتی: “ئەم تاقمە نالایق و هیچ و پووچە، شایستەی ئەوە نین کە حوکڕانیمان بەسەردا بکەن.