کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

منداڵان بێمافترین و ستەملێکراوترین بەشی کۆمەڵگای ئێرانن

working child

 منداڵان لە ئێران بێمافیترین وستەملێکراوترین بەشی کۆمەڵگای ئێرانن. بەڵام پشکی سەرەکی ئەم ستەم و بێمافییە بەر منداڵی بنەماڵە کرێکاریی و کەم داهاتەکان دەکەوێت. هەژاریی بنەماڵە هەر لە سەرەتای شکڵگرتنی منداڵ لە سکی دایکیدا و پێش لە دایکبوون دەست پێدەکات. کاتێک دایکێک لە کاتی دووگیانیدا لەو خۆراکە تایبەتانە بێبەشە کە پێویستن بۆ گەشە و تەندروستی منداڵەکە، کاتێک دایک لە کاتی دووگیانیدا پێویستی بە چاودێری پزیشکی تایبەت دەبێت و دەستی پێناگات و کاتێک بەردەوام لە خەمی داهاتووی منداڵە هێشتا لە دایک نەبووەکەیدایە، بە کردەوە هەژاری و کەموکوڕییەکانی خۆی دەگوازێتەوە بۆ کۆرپەڵەکەی ناو سکی. لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵ، کێشەی نوێ دەست پێدەکات. لە ئاکامی بەرزبوونەوەی نرخی شیر و خۆراکە پێویستەکان، شیری دایک دەبێتە تاکە سەرچاوەی خۆراک بۆ منداڵ. بەڵام دایکێک کە بۆخۆی تووشی بەدخۆراکییە و ماددە پێویست و بەسوودەکان بە جەستەی ناگات، چۆن دەتوانێت لە ڕێگەی شیرەکەیەوە پێداویستییە خۆراکییەکانی منداڵێکی کە لەحاڵەتی گەشەسەندندایە دابین بکات؟ بەم شێوەیە کەمی ویتامین و ماددە خۆراکییەکان کە دایک لێی بێبەش دەبێت، ڕاستەوخۆ بۆ منداڵەکەش دەگوازرێتەوە. ڕێژەی مردنی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتە دواکەوتووە سەرمایەدارییەکانی دیکە زۆرە و بە پێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی ٣٪ی منداڵان لە ئێران هەرگیز شانسی گەیشتن بەو تەمەنەیان نابێت.

منداڵێکی کە لەو تەمەنەدا لە چنگی مەرگ ڕزگاری بوو، ئەمجار دەبێتە هاوبەشی هەژاری و بێبەشی بنەماڵەکەی و بەکردەوە ڕووبەڕووی هەموو ئەو ئازار و گرفتانە دەبێتەوە کە بنەماڵەکەی لەگەڵیدا بەرەوڕوون. نەبوونی باخچەی ساوایان، چاودێری و ئاگالێبوونی ڕۆژانەی منداڵان بە تەواوی دەخاتە سەر شانی دایک و باوک و ئەندامانی بنەماڵە. بەڵام ئەوانەی بۆخۆیان گرفتار و سەرقاڵی کار و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی بنەماڵەن، نەک هەر دەرفەتی وەڵامدانەوە بە پێداویستییە جەستەیی و دەروونییە بەردەوام ڕوو لە زیادبوونەکانی منداڵیان نییە، بەڵکوو ماندوێتی و شەکەتی و تووڕەییەکانی ڕۆژانەی ململانێ لەگەڵ ژیانیشدا، دەگوازنەوە بۆ منداڵەکە. منداڵیی، بریتییە لە سەردەمی گەشەکردنی جەستە و دەروونی مرۆڤ. بەڵام پێویستییەکانی ئەم گەشەکردنە، بریتییە لە بەهرەمەندبوون لە تەندروستی و خۆراکی گونجاو و پەروەردە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و مافەکانی تری مرۆڤ. یاریکردن و کات بەسەربردن و هەبوونی ئیمکاناتی پێویست بۆ ژیانێکی خۆش لە چوارچێوەی ماڵدا کە یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی منداڵ، بۆ زۆربەی هەرەزۆری منداڵانی بنەماڵە کرێکار و زەحمەتکێشەکانی شار و گوندەکان، ئاواتێکیە کە هیچکات بەدی نایەت. لە دۆخێکی وادا منداڵ بە ناچاری ڕوو لە کوچە و شەقامەکان دەکات و تێکەڵ بە هاوتەمەن و هاوچارەنووسەکانی دەبێ و جەستەی ناسکی، لەگەڵ مەترسی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان بەرەوڕوو دەبێتەوە. دوای تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پڕ لە دژوارییە، دەگەنە تەمەنی چوون بۆ قوتابخانە. کەم نین ئەو بنەماڵە زەحمەتکێشانەی شار و گوندەکان کە ناتوانن پێداویستییەکانی چوونی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە دابین بکەن و ڕێگای فێربوون و بەدەستهێنانی پیشەیەک بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویان فەراهەم بکەن. کەم نین ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی ١٠بۆ١٢ ساڵیدا ناچار دەبێ بۆخۆیان لە فکری دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیاندا بن و تەنانەت ئەرکی دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەشیان دەکەوێتە ئەستۆیان. منداڵانی گوندەکان لەو تەمەنەدا ئەرکی بەڕێوەبردنی بەشێک لە کاروبارەکانی ناو ماڵ و مەزرایان دەکەوێتە سەرشان. کارکردن لە ناوەندەکانی فەرش چنین، کارکردن لە کارگە بچووکەکان، کارکردن لە مەزراکان، دەستفرۆشی، و بۆیاغچێتی و هتد، لە زومرەی دیاردە زۆر باوەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداریی ئێرانن.

بەڵام منداڵان لە قوتابخانەش، هەڕەشەی مەترسی تریان لەسەرە. کچانی کەم تەمەن هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە دەبێت سەرپۆش بەسەردا بدەن و لە کوڕانی هاوتەمەنی خۆیان جیابکرێنەوە. فێری ئەوە دەکرێن کە پێوەندی و هەڵسوکەوت لەگەڵ کوڕان کارێکی خراپە. هاوکات لەگەڵ حیجاب و بێبەشبوونی کچان و کوڕان لە یاریکردنی لەگەڵ یەکتر، پەروەردەی ئایینی دەست پێدەکات. کتێبەکانی خوێندن پڕن لەو جۆرە فێرکاریانە و منداڵان ناچارن لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە ڕێوڕەسمە ئایینیەکان ئەنجام بدەن و بەشداری لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا بکەن. بەم شێوەیە ڕێگە نادەن منداڵان بەبێ گوێدانە بیروباوەڕ و خوڕافاتە ئاینییەکان، پەروەردە بکرێن و فێری زانست بن و بتوانن لە داهاتوودا بیروباوەڕ و شێوازی ژیانی خۆیان، بۆخۆیان دیاریبکەن. منداڵان لەو پۆلانەدا کە زۆربەیان تەنگ و قەرەباڵغن و لە هەوایەکی پاک و تەندروست بێبەرین، دادەنرێن. ئەوان دەبێ گوێ لە قسەی ئەو مامۆستایانە بگرن کە زۆرجار بەهۆی کێشەی بژێوی ژیانیانەوە، تاقەتی ئەوەیان نییە بەشێوەی پێویست دەرس بە مناڵەکان بڵێنەوە و بەردەوام چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی کاتی دەوامن. جگە لەو هەموو بێبەشی و بێمافییە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، هاوسەرگیری کچانی کەم تەمەن، پرسێکی شەرعی و یاساییە. کەمنینئەوبنەماڵانەیکەتواناییوئیمکانیدابینکردنیبژێویژیانیکچەکەمتەمەنەکانیاننییەوبەناچارڕازیدەبنکچەکانیانلەگەڵکەسانێکهاوسەرگیریبکەنکەزۆرلەخۆیانبەتەمەنترنوزۆربەیانتەنانەتلەتەمەنی

تازە لاویدا، دەبنە خاوەنی منداڵ. ئەم دۆخە جێگەی شەرمەزارییە کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بە واتای دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و بە تاوانێکی قورس دادەنرێت، لە ئێرانی ئەمڕۆدا، پرسێکی یاسایی و ئاساییە. ئاشکرایە کە منداڵان بۆخۆیان توانایی گۆڕینی ئەو بارودۆخە ترسناکانەیان نییە و هیچ مرۆڤێکی شەریفیش نایەوێت منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە دۆخێکی ئاوا مەینەتباردا ببینێت و خوازیاری گۆڕینی ئەو دۆخە نەبێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا دەگوزەرێت، چارەنووسێکی چارەهەڵنەگری منداڵان نییە. ئەم دۆخە دەتوانێت و دەبێ بگۆڕێت. بۆ گۆڕینی ئەم هەلومەرجە و ڕزگارکردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە ئاوا چارەنووسێک، هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لە خەبات و یەکگرتوویی لە دژی ئەو ڕژیم و نیزام و پەیوەندیانەی کە منداڵانی بێتاوانی ئێمەی ئاوا بێبەزەییانە لە مافە سەرەتایی و ئینسانییەکانی خۆیان بێبەش کردووە.