کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

معامەلەی قەڕن، ڕێگا چارەی ئەمریکا بۆ فەلەستین

143 1 1

چهارشنبه – ۵ تیر – ۱۳۹۸ , 26 – 06 – 2019

143 1 1

 

لە دوو رۆژی ڕابردودا بە ده‌ست پێشخه‌ری ئەمریکا کۆنفرانسێک لە” مەنامەی” پێتەختی بەحرین لە پێوەند لەگەڵ مەسەلەی فەلەستین لە ئارادا بووە. لەم کۆنفراسەدا دەوڵەتانی میسر، مەراکێش، ئۆردون، عەرەبستانی سعودی، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحره‌ین لە ئاستی وەزیرانی خەزانەداری و ماڵی یان جێگرەکانیاندا ئامادە بوون. وێڕای ئەوان وەزیری خەزانەداری ئەمریکا و سەرۆکی سندوقی نێونەتەوەیی پوڵیش هاتبوون بۆ ئەو کۆنفرانسە. لە لایەکی دیکەوە ئەم کۆنفرانسە بەرەو رووی تەحریم و بایکۆتی سەرجەم سازمانە سیاسیە فەلەستینیەکان و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بویەوە. رۆژی سێ شەممە ٤ ی مانگی پوشپەڕ لە شارەکانی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی خۆپیشاندانی گەورە بۆ مەحکوم کردنی ڕێگا چارەی پێشنیار کراوی ئەمریکا و دەوڵەتانی عەرەبی بەشدار لەم کۆنفرانسەدا بەڕێوەچوو. ئەم دژایەتیانە بوونە هۆی ئەوەی تەنانەت دەوڵەتانی عەرەبی بەشدار لەم کۆنفرانسەشدا لانیکەم روو بە دەرەوە دیفاع لە” پێکهاتنی دوو دەوڵەت لەپاڵ یەکدا” بکەن.

مەحمود عەباس ڕێبه‌ری فەتح و سەرۆکی تەشکیلاتی فەلەستین و محەممەد ئەشتیە سەرۆک وەزیری فەلەستین و ئیسماعیک هەنیە ڕێبەری حەماس ئەم تەرحەیان ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی خەڵکی فەلەستین و هه‌نگاوێكی تر لە درێژەی سیاسەتەکانی دژی فەلەستینی ئەمریکا لە دوو ساڵی ڕابردوودا زانی. لە دوو ساڵی ڕابردودا ئەمریکا بە ئیعتیڕاف بە بەیت الموقەدەس وەک پێتەختی ئیسرایل، گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تل ئاوی وەوە بۆ ئەو شارە، بەڕه‌سمیەت ناسینی مافی حاکمیەتی ئیسرایل بەسەر بەرزاییەکانی جەولاندا، داخستنی دەفتەری نوێنەرایەتی فەلەستین لە واشنگتۆن و بڕینی یارمەتیە ماڵیەکان لە تەشکیلاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین، ئەوانی بۆ قەبوڵ کردنی ئەم گەڵاڵەیە و دەست هەڵگرتن لە داخوازییه‌ سیاسیەکانیان خستۆتە ژێر گوشارەوە.

گرنگ ترین داخوازی سازمانە فەلەستینیەکان کە جێی پشتیوانی دەوڵەتانی عەرەبی و تەنانەت ئوروپاییشە، بریتیە لە تەرح کردنی” پێکهاتنی دوو دەوڵەتی ئیسرایل و فەلەستین” لەپاڵ یەکتردا کە سازمانی ملەل لە ساڵی ١٩٤٨ دا بەڕەسمیەتی ناسیوە. فەلەستینیەکان خوازیاری بەرپا کردنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لە چوارچێوه‌ی سنورەکانی بەر لە شەڕی ١٩٦٧ ی نێوان عەرەبەکان و ئیسرایلن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە پێتەختی دەوڵەتی فەلەستینیش بەیت الموقەدەس بێت. لەگەڵ ئەوەدا خوازیاری مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینیەکانیشن. لە ڕوانگەی ڕێبه‌رانی ڕەوتە فەلەستینیەکانەوە قسە کردن لە یارمەتی ئابووری بەر لە چارەسەر بوونی کێشە سیاسیەکان کە جەوهەری سەرەکی ناکۆکیەکانی فەلەستین و ئیسرائیلن، لە هەر گەڵاڵەیەکدا بێ سودە.

بەڵام تەرحی ٤٠ لاپەڕەیی ئەمریکا کە لە لایەن جرد کوشنیر ڕاوێژکاری ترامپەوە لە کۆنفرانسەکەدا روون کرایەوە، بەشێک لە” معامەلەی سەدەی ناو لێ نراوە کە بریتیە لە معامەلەی دانی پوڵ لە بەرانبەر دست هەڵگرتن لە خاک لە لایەن فەلەستینیەکانەوەیە. ئەم گەڵاڵەیە لە پلەی یەکەمدا شاملی دروست کردنی سندوقێکی سەرمایەگوزاری و کۆکردنەوەی ٥٠ میلیارد دۆلارە لە وڵاتانی عەرەبی دەوڵەمەند بۆ پشتیوانی لە ئابووری فەلەستین تابکرێتە خەرجی عومران ئاوەدانی و دروست کردنی پیشە و بەهێز کردنی بناغەی پیشەسازی و گشتوکاڵ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ڕۆیتێرز، لە سەرچاوەی ئەم ٥٠ میلیارد دۆلارە کە کۆئەکرێتەوە، ٣٧ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن دۆلار لە لێوارەی روباری ئۆردون و لێوارەی غەزە سەرمایەگوزاری دەکرێت. لەم مەبلەغەش ٥ میلیارد دۆلاری بۆ دروست کردنی جادە و ڕێگابان بۆ بەیەکەوە بستنەوەی هەردوو بەشی لێک جیاکراوەی سەرزەمینی فەلەستین لەبەرچاو گیراوە. ٢٢ میلیارد دۆلاری مابەقی بۆ دروست کردنی هەلی کار و باشتر کردنی بەڕێچوونی ئاوارە فەلەستینیەکانی دانیشتوی وڵاتانی میسر، ئۆردون و لوبنان خەرج دەکرێت. هەڵبەت جەخت کراوەتەوە کە پێكهاتنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلستین لەم تەرحەدا باسی لێنەکراوە. بەڵام باقی لایەنە سیاسیەکانی ئەم تەرحە لە داهاتودا و یان ڕەنگە لە مانگی نوامبری ئەمساڵدا و دوای هەڵبژاردن و پێكهاتنی دەوڵەتی نوێی ئیسرائیل ڕوون بکرێتەوە.

زیاتر لە ٧٠ ساڵە کە چەندین نەسڵ لە جەماوەری خەڵکی فەلەستین رۆژانە لە لایەن دەوڵەتی ڕەگەز پەرستی ئیسرایلەوە دەکوژرێن و ئەشکەنجە و ئازار ئەدرێن و سوکایەتییان پێ دەکرێت. باریکەی غەزە لەو دەگمەن سەرزەویانەیە کە ماونەتەوە و لە لایەن ئیسرایلەوە داگیر نەکراوە، ١٠ ساڵە لەژێر حاکمیەتی جەریاناتی کۆنەپەرستی حەماس و جیهادی ئیسلامیدا بەڕێوەدەبرێت. خەڵکی لێوارەی غەزە وێڕای ئەوەی کە بەردەوام دەکەونە بەر هێرشی تۆڵە و وەحشیانەی ئەڕتەشی ئیسرایل و لەژێر گەمارۆدان، لە کەمترین ئیمکاناتی ژیان، خۆراک، بێهداشت و دەرمان و ئاموزش و پەروەرش و ڕیفاه بەهرەمەندن. لاوانی فەلەستینی دانیشتوی لێوارەی غەزە هیچ هیوایەکیان بە هەبوونی ژیانێکی ئاسودە لەژێر ده‌سه‌ڵاتی حەماس نییە لە داهاتودا. ئەو بەشە لە فەلستینیەکانیش کە لە لێوارەی رۆژئاوای روباری ئۆردون لەژێر بەڕێوەبەرایەتی حکومەتی دوفاکتۆی خۆبەڕیوەبەری فەلەستیندان، وێڕای ئەو هێرشانەی رۆژانە لە لایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی ئیسرایلەوە لەدژیان ئەنجام ئەدەرێت، لە بێ کیفایەتی و گەندەڵی تەشکیلاتی خۆ بەڕیوەبەری فەلەستین وەگیان هاتوون و لە هەژاری و نەداری و نا ئەمنیدا دەژین.

دەبێ سەرنج بدرێت کە زیاتر لە ٦ مانگە بەملیۆن کەسی تر لە خەڵکی زۆر لێکراوی فەلەستینیش کە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون، بەرەو رووی کێشەی بەڕێچوون و تەوهین و سوکایەتی بێ ئەژماری ئەو دەوڵەتانە بوونەتەوە. خەڵکی زۆر لێکراو و بێبەشی فەلەستین کە دەیان ساڵە لە وەها فەزایەکی نا ئەمندا لە گەمارۆدان هێجکام لە دەوڵەتانی عەرەبی بە شێوەی واقعی پشتیوانیان ناکەن. دیفاعی ڕیاکارانە و ڕواڵەتیی حکومەتە کۆنەپەرستە عەرەبی و ئیسلامیەکانی ناوچەکە بۆ ئەم خەڵکە زۆرلێکراوە نابێتە نان و ئاو. بەڵام هەن ئەو سازمان و ڕەوت و ئینسانە شەریف و ئازادی خوازانە لەنێوخۆی ئیسرایلدا کە خوازیاری روخاندنی حاکمیەتی دژی ئینسانی و ڕەگەز پەرستی ڕاستی ئیفراتی دەوڵەتی ئیسرایلن و لە مافی خەڵکی ئازار چەشتوی فەلەستین بە شێوەیەکی سادقانە دیفاع و پشتیوانی دەکەن.

له‌ ڕاستی دا تەنیا ڕێگا چارەی ڕێشەیی و ئەساسی بۆ سڕینەوەی بنچینەیی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی فەلەستین و هەوەها ئیسرایل، خەباتی هاوبەشیانە بۆ روخاندنی دەوڵەتی سەرمایەداری و ڕەگەز پەرستی ئیسرایل و دانانی حاكه‌مییه‌تێكی جەماوەری لە جێگای. کە لەودا خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئیسرایل و فەلەستین شان بە شانی یەکتر بۆ بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی شیاوی ئینسان درێژە بە خەباتیان بدەن. بەڵام لە بارودۆخی ئیستادا کە خەڵکی فەلەستین لە بەرانبەر تەرحی ئەمریکادا کەوتونەتە سەر دوو ڕێیانێک، دەستەبەر کردنی هەر ئیمتیازێک بۆ باشتر بوونێکی ڕێژەیی لە بارودۆخی ژیان و بەڕێچونیاندا دەتوانێ کرانەوەیەک بێت لە ڕاستای بەرەپێش چوونی دواتر بۆ دابین بوونی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فەلەستین.