جێگری سه‌رۆكی یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٨ی مانگی خاكه‌لێوه ڕایگەیاند: له‌کۆی هەزار و ٢٨٠ کۆمپانیای ناوخۆیی لە سنووری سلێمانی، ٨٠٠ تا ٩٠٠ کۆمپانیایان مایەپووچ بوون و نزیكه‌ی هه‌زار پرۆژه لە سنووری سلێمانی وەستاون و كه‌سیش خۆی ناكات به خاوه‌نیان.
به وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئیداره‌ی سلێمانی، خراپی باری ئابووری به دوای شه‌ڕێ داعش، هاتنی وایرۆسی كۆرۆنا و گه‌نده‌ڵی له سیسته‌می ئابووری و ناكۆكی نێوان ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هۆكاره‌كانی سه‌ره‌كی مایه‌پووچبوونی زۆربه‌ی كۆمپانیاكان له هه‌رێمی كوردستانه. ناوبراو هه‌روه‌ها وتی، ته‌نیا له سلێمانی ١٧٤ كۆمپانیا هەن، کە پاره‌یان لای حكومه‌ته و لە سنوورى سلێمانیش نزیكه‌ی هه‌زار پرۆژه هه‌یە، بەڵام لەئێستادا کارکردن لە هەمویاندا وه‌ستاوە. ڕاوه‌ستانی پرۆژه‌كان گه‌وره‌ترین بێكاریی دروستكردووه، چونکە پێشتر لە هەر پرۆژهیەکدا ٢٠ بۆ ٣٠ كه‌س وەک ئەندازیار و کرێکار كاری تێدا ده‌كرد، بەڵام ئێستا هه‌موویان ده‌ركراون و ته‌نها یه‌ك پاسه‌وان له‌وێ كار ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كان نه‌دزرێت.