به‌پێی هه‌واڵی ڕێكخراوی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له وڵاتی فه‌نلاند، هاوڕێ “مسته‌فا قادری”، كادری له‌مێژینه‌ی كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، له وڵاتی فه‌نلاند، ماڵئاوایی له ژیان كرد.
هاوڕێ “مسته‌فا قادری” وه‌كوو كرێكارێكی ووشیار، ماوه‌ی 42 ساڵ ته‌مه‌نی خۆی بۆ خه‌بات له دژی كۆماری ئیسلامی و شوێن گرتنی ئامانجی هاوچینه‌كانی تێپه‌ڕ كرد. هاوڕێ مسته‌فا ماوه‌ی ده ساڵ له ناوچه‌كانی بانه و شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، وه‌كوو پێشمه‌رگه‌یه‌ك و ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی ڕێكخستن شیلگێڕانه و جه‌سوورانه ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ ده‌كرد و باقی ژیانی خه‌بات كارانه‌ی خۆی له وڵاتی فه‌نلاند تێپه‌ڕكرد. له‌م ماوه‌یش دا، هاوڕێ مسته‌فا سه‌ره‌ڕای ته‌مه‌نی له‌سه‌ره‌وه‌ی، به‌رده‌وام له ڕێزی پێشه‌وه‌ی هه‌ر ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و ئاكسیۆنێك دا ده‌بیندرا.