ماوەی دەسبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “ئارەش منبەری”، “زانیار منبەری”، “سەیوان منبەری” و “میلاد منبەری” خەڵکی گوندی “نییەر”ی سەر بە شاری سنە، بۆ دووهەمین جار درێژ کرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی دووشەممە ٦ی مانگی بەفرانبار، بنەماڵەی ئەو چوار هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای ئینقلابی سنەیان کردووە و پێیان ڕاگەیندراوە کە ماوەی دەسبەسەرکرانی کوڕەکانیان درێژ کراوەتەوە. شایانی باسه ئەمە بۆ دووهەمین جارە کە ماوەی دەسبەسەرکرانی ئەو چوار هاووڵاتییە درێژ دەکرێتەوە، بە وتەی ئەو سەرچاوەیە ئەو چوار هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا تەنیا یەک جار پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە و لە مافی “دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر” و “چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان” بێبەری بوونە