کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مانەوەی کۆماری ئیسلامی مه‌ترسیدارترین خەساری کۆمەڵایەتی لە ئێران

رۆژنامەی ئیبتیکار ی چاپی تاران وتاری سەرەکی رۆژی شەممە ٥ ی مانگی گەلاوێژی خۆی بۆ بابەتی هه‌ڵسووكه‌وتی ڕژیم لەگەڵ خەسارە کۆمەلایەتیەکان تەرخان کردوە. هەواڵنێری ئەم رۆژنامەیە دەنووسێ:” کۆکردنەوەی موعتادەکان، کۆکردنەوەی کارتۆن خەوەکان، کۆکردنەوەی ژنانی خیابانی، کۆکردنەوەی منداڵانی کار” ،ئەمانە ناوی ئەو تەرحە جۆراو جۆرانەن کە هەر جارناجارێک لە لایەن ناوەندە بەرپرسەکان لە حەوزەی خه‌ساره‌ کۆمەڵایەتیەکاندا تەرح دەکرێن، بەڵام هیچکام تا ئێستا وڵامیان وەرنەگرتۆتەوە. لە ڕاستیدا گەلێک لە کۆکراوەکان لەم تەرحانەدا، دوای دەورانێک له‌و شوێنه‌ كه‌ بۆیان دیاری كراوه‌، لەگەڵ هه‌مان باروودۆخی پێشوو و یان تەنانەت ڕەنگە خراپتر لە پێشو، بەهۆی خەساری دەرونی، بە هۆی بێ هیوا بوون لە یارمەتی، دەگەڕێنەوە بۆ خیابانەکان. هەمیشە ئەم پرسیارە دێته‌ گۆرێ کە بۆچی سیاسەتی<< کۆکردنەوە>> وڵام ناداتەوە؟ لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا باسی نمونەیەکی سەرنەکەوتو سەبارەت بە تەرحی کۆکردنەوەی منداڵانی کار و خیابانی دەکات کە بە وتەی گوزارشگەری رۆژنامەی ئیبتیکار، لەم رۆژانەدا پەڕاوێزی زۆری لێکەوتۆتەوە و دەنووسێ:” ئەم تەرحە زیاتر لە ٣٠ به‌ڕێوه‌چووه‌ و شكستی خواردووه‌.”

ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە به‌ڕێوه‌بردنی تەرحی گرتنی منداڵان، ژنانی خیابانی، گیرۆدەبوان، کارتۆن خەوەکان، کە وەک تەرحەکانی “کۆکردنەوە” ناویان ئەبەن، لە راستیدا بە کۆیلە کردنیان و شاردنەوەیانە لە لەبەرچاوی کۆمەڵ. هەڵبەت تەنانەت ئەم ئامانجەی ڕژیمیش به‌دی نایه‌ت. لەبەر ئەوەی یەکەم، هەژاری زۆر لە کۆمەڵدا بەردەوام ئەم خەسارە کۆمەڵایەتیە بەرهەم دێنێتەوە. کۆماری ئیسلامی بە به‌ڕێوه‌بردنی ئەم جۆرە تەرحانە نەک لەگەڵ هەژاری بەڵکو لەدژی قوربانیەکانی هەژاری كار دەکات. دووهەم خودی ئەم کەسانەش دوای ماوەیەک بە شێوەی جۆراو جۆر، بە زەربەی ڕەوانی و جەستەیی توندتر کە دیتوویانه‌، دەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان.

رۆژنامەکە ئاماژە بە ڕاپۆرتێک دەکات کە یەکێک لە هەڵسوراوانی مافی مندالان لە جەریانی چاوپێكه‌وتنی خۆیدا لە یەکێک لە ناوەندەکانی راگرتنی ئەو منداڵانەی کە لەسەر شەقامەکان گیراون، ئامادەی کردوە.” لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە هێندراون بۆ ئەم ناوەندە، وەک زیندانی هەڵسوکەوت دەکرێت. نەفسی دەست بەسەرکرانی ئەوانیش شیرکەتێکی خوسوسی وەئەستۆی گرتوە. لەم ناوەندەدا لە ماوەی حه‌فته‌یه‌كدا تەنیا دوو کاتژمێر ڕێگه‌ی حوزور لە فەزای ئازاد و هەوا خۆری بە منداڵەکان ئەدرێت. ئەم مندالانە لە باقی رۆژەکانی حەفتەدا تەنیا سەرگەرمی و کایەیان ئەوەیە کە بە ته‌مه‌شای تەلەویزیۆنێکی چکۆلەوە خەریک بن کە بە میچی ژوورەکەوە قایم کراوە. مەدەدکارەکان لە منداڵەکان ئەدەن. کاتێک کە سەبارەت بەم هەڵسوکەوتە لەگەڵ منداڵان ناڕەزایەتی نیشان ئەدرێت، دەڵێن ئەم منداڵانە شانسیان هێناوە لێرە کەس دەستدرێژیان ناکاتە سەر! لەم ناوەندەدا لە مەدەدکارانی مەشق پێ کراو و شارەزا، لە چاوه‌دێریی ده‌روون ناسانه‌ و جەستەییدا، له‌ فێر كردن و بارهێنان خەبەرێک نییە. لە ڕاستیدا ئەوان لەم ناوەندەدا رادەگیرێن تا ئەو کاتەی کە سەرپەرستێک دەچێت بەلایانەوە. گەڕانەوە بۆ ژینگەی بنەماڵەش واتە دووپات بوونه‌وه‌ی هەمان بارودۆخ کە پێشتر ناچار ببوون لەبەر ئەو ماڵەوە بەجێبێڵن، واتە هاتنەوە سەر بارودۆخی پێشتر.

کاری منداڵان لە ئێران گەلێک جۆراو جۆر و بەرینە، هەرکام لەو کارانەی کە منداڵان ئەنجامی ئەدەن، سەختی و کێشەی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام یەکێک لە دژوارترین جۆری کاری منداڵان، گه‌ڕان نێو زبڵدا گەڕان و جیاکردنەوەیانە. لە شارێکی وەک تاران رۆژانە ٩ هەزار تۆن زبل بەرهەم دێت. لەم نێوانەدا تەنیا ٣ لەسەد لە زبڵەکان لە شوێنی یەکەم جیا دەکرێنەوە و مابەقی جیا کردنەوەیان لە ئەستۆی منداڵانێکە کە لە نیوانیاندا لە منداڵانی ٦ تا ١٨ ساڵ دەبیندرێت. جیا کردنەوەی زبڵ لە هەر ناوچەیەکدا ئەدرێت بە پەیمان کارێک کە لەگەڵ شارەداریەکانی ناوچه‌كه‌ قەراردایان هەیە. کاری جیاكردنه‌وه‌ی زبڵ لە کارێژەکاندا زیاتر لە دەوروبەری شارەکاندان، کە ئەساسەن لە لایەن منداڵان لە تەمەنی جۆراو جۆردا بەڕێوەئەچێت.

منداڵانێک كه‌ لەنێو زبڵدا دەگەرێن تەرحی” کۆکردنەوە”ی شارەداری نایانگرێته‌وه. ئه‌وان‌ چارەنوسیان بە شێوازێکی تر دیاری دەکرێت. لەبەرانبەر دانی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تمەندا شارەداری بۆ ئەوان” کارتی پشکنینی زبل” سادر دەکات. ئەوان لە راستیدا مندالانی کار یان کۆیلەکانی شارەداری و مافیای کۆکەرەوە و جیا کەرەوەی زبڵن. گەڕان بەنێو زبڵدانەکاندا لە نێو شارە گەورەکانی ئێران و لەوانە لە تاران یەکێک لە پڕ ئازار ترین دیمه‌نه‌كانی کاری منداڵان پیشان ئەدەن. ئەم کارگایانە کە پەیمانکارانی شارەداری بۆ جیاکردنەوەی زبڵ کەڵکیان لێوەردەگرن بە شێوەی ئاسایی ئەو کارێژانەی دەوری شارەکانن کە بەبێ کەم ترین ئیمکاناتی بێهداشتین و منداڵانی جیاکەرەوەی زبڵ تێیاندا لەبەرده‌م مەترسی هەموو جۆرە نەخۆشیەکی عفونی و گراندان.

ئەمە گۆشەیەک لە سیمای ژیان لە وڵاتێکدایە کە لەسەر دەریایەک لە سەروەتی سروشتی ڕۆنیشتوە. لە وڵاتێک دایه‌ کە تێیدا بە ملیۆن ئینسانی کرێکار، رۆژانە سەروەت و نێعمەت بەرهەم دێنن و خۆیان لە دەستڕەنجی کاریان بێگانەن. لە ئاوا وڵاتێکدا بە سەدان هەزار کەس لە مندالەکانی ناچارن نانی رۆژانەی خۆیان و بنەماڵەکانیان بە جیا کردنەوەی زبڵ دابین بکەن. دەبێ منداڵانی کرێکاران و چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا بێبەش لە سەرەتایی ترین ئیمکانات، زبڵدانەکانی کوچە و کۆڵانەکان بگەڕێن و زبڵەکان کۆبکەنەوە و شەو لە چارداخێک لە پاڵ زبڵەکاندا بمێننەوە.

با لە بەکار هێنانی وشەی” کۆکردنەوە” و لایەنی سوکایەتی ئامێز و نا ئینسانی ئه‌و وشه‌یه‌ كه‌ ناوی تەرحەکانی ڕژیمیان له‌سه‌ر داناوه‌، وڵامی راستەقینە بەم پرسیارە کە بۆچی ئەم تەرحانە توشی شکشت دێن، نە لە زمان مەتبوعاتی سانسۆڕ کراوی ئێران و نە لە زمان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیەوە نابیستی.

بەڵام لە ڕاستیدا وڵامەکەی روونە. کۆماری ئیسلامی بە گشت دامودەزگا و ناوەندەکانی سەرکوتیەوە، بە ئیدئۆلۆژی و باوەڕەکانیەوە، بە ئابووری و سیاسەتیەوە، وێرانگەر ترین خەساری کۆمەڵایەتی لەم کۆمەڵگایەدایە. تا ئەم خەسارە کۆمەڵایەتیە مابێتەوە، سەرجەم خەسارە پڕ ژانە کۆمەڵایەتیەکانی تر درێژە بە حەیاتی خۆیان ئەدەن.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بەبایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێران

-

گرفت لە بێتوانایی سیستەمی سەرمایەدارییە، نەک جەماوەری بەساڵاچوو

-

ئاڵوگۆڕی زیندانیان، یان سات و سەودای قێزەونی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی سوئێد؟

-

چڕکردنەوەی سەرکوت لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردن، سیاسەتێک لەڕووی داماوییەوە

-

کاری منداڵان برینێکی بە ئازار لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی

-

ناڕەزایەتیی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی بەرامبەر بە کەمتەرخەمی ڕێکخراوی جیهانی کار، لە ئاست مافی کرێکارانی ئێران

-