یکشنبه – ۲ تیر – ۱۳۹۸ , 23 – 06 – 2019
ئاڵۆزی لە پێوەندی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا بەردەوامە. نێوبژیوانەکان دێن و دەڕۆن. دەزگا تەبلیغاتیەکان لە هەمولایەکەوە سوکایەتی بە شعوری سیاسی ئینسانەکان دەکەن. ڕیاکاری و درۆی، مانۆڕ و فریو، لەژێر ناوی” هەوڵی دیپلۆماتیک بۆ چارەسەری ئاشتیانەی قەیرانەکە” دەرخواردی ڕای گشتی ئەدرێت. ترامپ لە کۆماری ئیسلامی لەبەر ئەوەیکە لە نێوان فرۆکەی بێ فرۆکەوان و فرۆکەی سەرنشیندار دا یەکەمیانی خستۆتە خوارەوە، تەشەکور دەکات! هەواڵی نیگەرانی ترامپ بۆ گیانی پاسدارانی ئێرانی کە قەرار بووە لە هێرشی هەوایی ئەمریکادا بکوژرێن، لە کۆشکی سپیەوە دەدرێتە دهرهوه و دەبێتە سەردێڕی ڕۆژنامهكان له ههموو جیهان. ئیمکان ئەدرێت بە کۆماری ئیسلامی تا” توانایی تێکنولۆژی نیزامی” خۆی نومایش بدات. وا دهگوترێ كه گۆیا ئەم” هێز نواندنه” بۆ باشتر بوونی مەوقعیەتی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژەکاندا پێوست بووە. لە ڕاستیدا هەموو لایەنەکان درۆ دەکەن. هەمویان دەستی یەکتریان خوێندۆتەوە و ڕای گشتییان بە یاری ناسراوی” کێ بوو کێ بوو من نەبووم”، ەوە سەرگەرم كردووه، تا لەپشتی پەردەوە ئەوەی کە بە پێویستی دەزانن، جا ئەگەر شەڕە یان وتووێژ یان نه شهڕه نه وتووێژ، هەرچیەک بێت دوور لە چاوی خەڵک ئامادەکاری بۆبکەن. بەڵام لە پشت تەپەتۆزێکەوە کە لە هەموو لایەکەوە بەرپایان کردوە سهرئهنجام ڕاستییهكان دهردهكهون.
یەکەم، کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری ئابووریدا، نە ڕێگای بەرەو پێشەوە هەیە و نە ڕێگای بهرهودوا. “خۆڕاگری” لەم بوارەدا لە درۆیەک زیاتر نییە و خەڵکی وەگیان هێناوە. توانایی نیزامی ڕژیمی ئێران لە بەرانبەر هێزی نیزامی و تێکنولۆژی ئەمریکادا قسەیەکی بۆ وتن نییە. هاویشتنی گوللە خۆمپارەیەک بەرەو باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کە لە مەودای یەک کیلۆمیتری ئامانجی دیاری کراو دەکەوێتە خوارێ، هەڵگری هیچ پەیامێک نیە بێجگە لە نیشاندانی داماوی و نەبوونی جسارەت و بوێری کرداری لەم بوارەدا. حەرەکەتێک کە تەنانەت ئەو شەوە باڵویزی ئەمریکای لە عێڕاق لە خەویش هەڵنەستاند. توانایی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە معامەلەیهكدا كه له ڕێ دایه، هیچ جێگایەکی نییە و تەنیا خاسیەتی خۆش کردنی ڕێگایە بۆ سیاسەتێک کە پێی دەڵێن سازشێکی ئابڕومەندانە.
مانۆڕە دیپلۆماتیکەکانی کۆماری ئیسلامیش بێ خاسیەت تر لەوەن کە یارمەتی دەری باشتر کردنی مەوقعیەتی ڕژیم لەم کێشمە کێشانەدا بن. دیاری کردنی زەربوالئەجەل بۆ دەرچون لە بەرجام یەکێک لەو خاڵانەیە. دەوڵەتانی ئوروپایی وڵامی خۆیان داوەتەوە و ڕایانگەیاندوە کە پێشێل کردنی ڕێككهوتنی بەرجام لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە روانگەی ئەوانەوە جێگای قەبوڵ کردن نییە. بەم جۆرە لە حاڵێکدا کە نەفسی تەرح کردنی بابەتەکە، بۆ کۆماری ئیسلامی بە بارودۆخی شپرزەی ئابووری ئێستایەوە هیچ واتایەکی کرداری نییە، بەڵام بەرەی دەوڵەتانی ئوروپایی و ئەریکا لەدژی ڕژیمی ئێران لە یەکتر نزیکتر دەکاتەوە.
لەمەش بی بنەماتر ئەوەیە کە گۆیا کۆماری ئیسلامی چاوەڕێی ئاکامی هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە و هیوادارە کە ترامپ هەڵنەبژێردێتەوە و تەوافوقی بەرجام بێتەوە سەر جێگای خۆی. یەکەم، ههموان دەزانن کە گوشاری ئابووری بۆ سەر کۆماری ئیسلامی وێرانگەر تر لەوەیە کە ڕژیم بتوانێ تا هەڵبژاردنی داهاتوی ئەمریکا لەژێریدا دەوام بێنێت. دووهەم، روون نییە کە ئاکامی ئهم ههڵبژاردنهش بە دڵی کۆماری ئیسلامی دەبێت. هەوڵدان بۆ کردنەوەی جێگا پێیەک لە کەلێنی نێوان چین و روسیە لەگەڵ ئەمریکاشدا، بۆ کۆماری ئیسلامی بێ ئاکامه. هەردووی ئەم زل هێزانە بە ڕژیمی ئێرانیان وتووە کە لە پێوەند لەگەڵ سزا ئابووریەکانی ئەمریکادا هیچیان لەدەست نایەت. هەڕەشە بۆ داخستنی تەنگەی هورمزیش بێ ناوەرۆک تر لەوەیە کە کەس بەجیدی وەربگرێت. بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەوانە، کۆماری ئیسلامی چارەیەکی نییە بێجگە لە دانی ئیمتیازاتی جیدی لە هەموو ئەو بوارانەدا کە ئەمریکا دەیەوێ. وتووێژی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەۆ بێت، بە ئاشکرا یان شاراوە بێت، ناتوانێ بە ئاکامێک بێجگە لە سەرشۆڕی کۆماری ئیسلامی بگات و ئەمەش جامێک ژەهری ترە کە ڕژیم دەرەنگ یان زوو دەبێ بەسەریەوە بنێت.
دووهەم، درۆکردن و حهكایهت خوانی دەوڵەتی ئەمریکاش لەم بوارەدا دەستی کەمی لە کۆماری ئیسلامی نییە. ترامپ باس لە هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی بهرانبهر بە پاراستنی گیانی ئینسانەکان دەکات و دەڵێ ههر لەبەر ئەوە چەند شەو لەوەپێش فەرمانی هێرشەکەی خۆی وەرگرتۆتەوە. گۆیا ئەو بۆمبانەی کە لە ئەفغانستان و سوریە و یەمەن و عێڕاق لە لایەن ئەمریکا و هاوپێمانەکانیەوە بەسەر خەڵکی بێتاواندا دەبارین و وێرای نەیارانی ئەمریکا، بە هەزاران منداڵ و پیر و لاویان خەڵتانی خوێن دەکرد، لەبیر چوونەتە؟ یان ئەویکە گۆیا دەوڵەتی ئەمریکا چاوەڕێی دابین بوونی کۆدەنگیەکی نێونەتەوەییە بۆ هێرش کردنە سەر ڕژیمی ئێران. پێشینەی ئەمریکا لە دەورەی سەرۆک کۆمارە جۆراو جۆرەکاندا نیشانی ئەدات کە کاتێک لە ناوەندە سەرەکیەکانی بڕیارداندا لە ئەمریکا سیاسەتێک بوو بە خاوەنی ئەولەویەت، نە تەنیا چاوەڕیی کۆدەنگی نێونەتەوەیی بەڵکو بۆ بهڕێوهبردنی تەنانەت چاوەڕێی کۆدەنگی نێوخۆییش نابن.
سێهەم، هاندهر و پاڵنەرە واقعیەکان لە پێوهندی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا دەبێ لە جێگایەکی تر و لەولاوەی ئەم مانۆڕ و فریوکاریانەدا بۆی بگەرێیت. سیاسەت گوزارانی کەڵان لە ئەمریکا بیر لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر شەڕ بەرپا بێت و کۆماری ئیسلامی بە سڵامەتی ڕزگاری نهبێ، چی بەسەر ئێراندا دێت؟ سیاسەتمەدارانی ئەمریکا نە ئێستا متمانەیان بە لیبڕاڵەکانی لایەنگری رۆژئاوا هەیە و نە ٤٠ ساڵ لەوەپێش لە جەریانی روخانی ڕژیمی شادا متمانەیان پێیان هەبوو تا سوکانی ئەم وڵاتەیان كه لە باری ژیئۆپۆلتیکهوه، گهلێك بۆیان هەستیاره، بدەنە دەستیان. مغازلەی جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی ئەمریکا لەگەڵ موجاهیدینی خەڵکیش بێجگە لە مانۆڕێک بۆ گوشار هێنان بۆسەر کۆماری ئیسلامی بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی جیدی هیچی تر نییە. لە ئاوا بارودۆخێکدا باشترین بژاردە بۆ ئەمریکا بە سەرەوەنانی جامێک ژەهری ترە لە لایەن ئەم حاکمیەتەی ئێستای ئێران و سازش کردنه لەگەڵی. رەنگە ئەم واقعیەتە سەیر بێت کە دەوڵەتی ئەمریکا وەک ئیسلاح خوازانی حکومەتی نیگەرانی داهاتوی کۆماری ئیسلامیە. لەم روەوە بژاردهی دواتریان ئیسلاح خوازانی حکومەتی دەبێت. نیشانە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە پاسدارەکان بە تیرۆریست ناوبراون، تا ڕێگا بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ڕێفۆرمخوازان خۆش بکەن. دەوڵەتی ئەمریکا ئەگەر ئیرادەی بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی ئێران لەم باڵەدا ببینێ، ئەگەر پێویست بکات لە وەشاندنی گورز لە سپای پاسداران بۆ خۆش کردنی ڕێگا بۆیان هیچ دوودڵیەکی نابێت و هەڵبەت ئەمجارە نیگەرانی ژمارەی کوژراوەکانیش نابێت. ئەو پەیامانەی کە لەم رۆژانەدا لە لایەن ئیسلاح خوازانەوە دەدرێتە واشنگتۆن، نیشانی ئەدات کە ئەوان هەستیان بە بوونی ئەو زەرفیەتە لە خۆیاندا بۆ دەوڵەتی ئەمریکا کردوە.
چوارەم، بەڵام لەم نێوانەدا روخاندنی شۆڕشگێرانەی کۆماری ئیسلامیش، ئاڵترناتیوێکە کە کەس ناتوانێ لەبەرچاوی نەگرێت. کۆمەڵگای ئێران ئەوەندە بێدەنگ و بێتەفاوەت نییە کە کۆنەپەرهستان و باڵە جۆراو جۆرەکانی بۆرژوازی نێوخۆیی و ئیمپڕیالیزم، بتوانن لە سەروی جهماوهری تینوی ڕیفاه، ئازادی و یەکسانی، هەر سیاسەت و بەدیلێک کە بیانەوێ دایسەپینن. ئاخێزێک کە بۆیان کۆنترۆڵ نهكرێ نیگهرانی هاوبهشی ڕێبهرانی كۆماری ئیسلامیی و سیاسەت گوزارانی ئەمریکاییە.