یەکەم رۆژەکانی مانگی خهرمانان هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی شەپۆلی دووهەمی کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا. ٢٨ ساڵ لەوەپێش لەم رۆژانەدا دوای ئەوەی کە هەیئەتی مەرگ، دیاریکراو لە لایەن خومەینیەوە کوشتاری ئەندام و لایەنگرانی سازمانی موجاهدینی خەڵکیان کۆتایی پێهێنا، چونە لای خومەینی و داوای تەکلیفیان لێکرد خومەینیش بەوپەڕی بێ ڕەحمیەوە داعش ئاسا خۆی فتوای کوشتاری کومونیستەکانیشی دەرکرد. هەڵبەت لە هەموو ماوەی ساڵەکانی دەیەی ٦٠ دا ماشێنی کوشتاری کۆماری ئیسلامی بۆ ساتێکیش ڕانەوێستابوو. بەڵام ئەمجارە خومەینی حوکمی كوشتنی کەسانێکی دەر ئەکرد کە گشتیان تا لێواری مردن ئەشکەنجە درابوون و دوای ئەوەی لە بێدادگاکانی ڕژیمدا محاکمە کرابوون لە حاڵی تێپەڕاندنی دەورانی مەحکومیەتیاندا بوون. جیاوازی دیکەی ئەوە بوو کە ئەمە کۆمەڵ کوژیەکی بە تەواو مانا بوو وە دەبوو لە کەمتر لە مانگێکدا کۆتایی بێت.کوموسیۆنی مەرگ، پێکهاتو لە نەییری، ” قازی سەرع، ” ئیشراقی” دادستانی تاران و ” موسەوی ئەردەبیلی” دادستانی گشتی وڵات، دوای وەرگرتنی فەتوای خومەینی، رۆژی ٥ ی مانگی خهرمانان مەئموریەتەکەیان لە زیندانی گەوهەردەشتەوە دەست پێکرد و هەیئەتەکانی هاوشێوەیان لە زیندانی باقی شارەکانی ئێراندا پێکهێنان.
ئەگەر توانیان ئەم جەنایەتە مەترسیدارە لەو رۆژانەدا لە ڕای گشتی لە ئێران و دنیا بشارنەوە، لەمرۆدا ئیتر تەپڵی ڕیسوا بوونی ڕژیمی ئیسلامی لە هەموو جێگایەک لێدراوە و دەیان جڵد کتێب و سەدان وتار و هەزاران بەڵگە لەم بارەیەوە بڵاو کراونەتەوە. لەم بوارەدا ڕەنگە زۆر قسەی نەوتراو نەمابێتەوە و ئەوەی کە پێویستە بەردەوام و لەم بۆنەیەشدا ڕێزی لێ بگیرێت، یاد و بیرەوەری ئەو ئینسانە هەڵکەوتوانەیە کە سەریان لە ڕێگای ئاڕمانەکانیاندا دانا و تەسلیمی کۆنەپەرستانی جەنایەتکار نەبوون. بەڵام لەگەڵ گشت ئەمانەدا پەروەندەی ئەنجامدەرانی ئەم جەنایەتە دانەخراوە. تارمایی ئەم رووداوە بەسەر سەری سەرجەم عاملین و ئامرین زیندو و مردوی ئەم رووداوەوە، دهسوڕێتهوه. ئەوان لە داوەری و له وەرگرتنی سزای شیاوی خۆیان ڕزگاریان نابێت.
لەم رۆژانەی دواییدا بە بۆنەی بڵاو بوونەوەی نەوارێکی دەنگی مونتەزری سەبارەت بەم ڕوداوە، هێندێک لە کاربەدەستانی ڕژیم کە تا ئێستا بێدەنگ بوون، هاتنە قسە. وتەکانی ئەم جەنایەتکارانە نیشانی ئەدات کە خاوەنی چ زەرفیەتێکی زۆرن لە وەحشیگەری و دڕندە خوویی.
سەرۆکی قوەی قەزاییە ئەڵێ:” ئەوەی لە ئەحکامی دادگاکاندا بەپێی یاسا و ڕێسای شەرعی و قانونی بەڕێوەچون جیی ئیراد نین و حوکمی گوروپەکانی محارب بە تەواوی روون و ئاشکرایە.”
ئەحمەد خاتەمی ئیمام جومعەی تاران دەڵی:” ئەوەی ئیمامی ڕاحل لە ساڵی ٦٧ دا ئەنجامیدا کارێکی فێقهی، قورئانی، شۆڕشگێڕانە و خزمەتێکی گەورە بوو بە میلەتی موسڵمانی ئێران. ئەگەر لەو رۆژەدا ئیمام ئەو خزمەتە گەورەی ئەنجام نەدابا لەمرۆدا گیرۆدەی گەلێک گیروگرفت دەبووین.”
عەلی خومەینی نەوەی خومەینی لە قسەکانیدا لەم بارەیەوە نیشانی داوە کە تا چ ڕادەیەک چۆتەوە سەر باوک و باوەگەوەرە جەنایەتکارەکەی: ئەو ئەڵێ:” ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ مەرجی دامەزراندنی ئارامی لە ئێراندا بووە لەمرۆدا هێندێک کەس بوونەتە دڵسۆز و دەڵێن بۆچی واتان لهگهڵ كردن، بۆچی واتان لەگەڵ بێ حئیجابی کرد، بۆچی واتان له نەفامەکان کرد. چی بکردایە نیزام لەگەڵ ئەمانەدا؟ دەبوو بەرەنگاریان بێتەوە، زۆر به توندیش ئهو كاره بكات. ئهوهیش کراو وڵاتیش ئارامی بەخۆیەوە بینی.”
سەید حەسەن خومەینی نەوەی دیکەی خومەینی وتویەتی کوشتارەکانی ساڵی ١٣٦٧ بە گشتی درۆیە و لە درێژەدا ئەڵێ:” ئەو کەسانەی کە ئەم درۆیانەیان ههڵبهستووه، قازانج ناکەن.” لەم ” ئیعتیدال گەرا تازە پێگهشتووهی، شوێن كهوتووی رۆحانی ، ئهپرسین ، كه ئێوە لەم درۆ ئاشکرایهی کە ههڵی دهبهستن و ئێبتكاری واقعییهتێكی وا روون دهكهن چیتان دەست ئەکەوێ، بێجگە لە ڕێسوا بوونی زیاتر.
ئەمرۆ لە بارودۆخێکدا ڕیز لە یاد و بیرەوەری گیان بەختکردوانی ساڵی ٦٧ دەگرین، کە کۆماری ئیسلامی هێشتا لەسەر کارە و داسی مەرگی ئەم ڕژیمە لە زیندانەکاندا بە درێژایی ٣٨ ساڵی حاکمیەتە جەنایەتکارانەکەی، هەروا لە حەرەکەتدایە. لەم ماوەیەدا لە پاڵ بەساتی سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و خەڵتانی خوێن کردنی هەموو ناڕەزایەتی و دەنگێکی ئازادی خوازانە، سزای ئێعدامی وەک كوشتنی به ئانقهست و رێکخراو بۆ لەبەین بردنی نەیارانی سیاسی، ناڕازیانی کۆمەڵایەتی و قوربانیانی ئەم نیزامە زاڵمانەی سەرمایەداری، لە خزمەت بە پێكهێنانی فەزای ترس و نیگەرانی و بێدەنگ کردن و مل کەچی لە کۆمەڵگەدا بەکار هێناوە. سزای ئێعدام وەک جەنایەتێکی سازماندراو لە هەمان سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیەوە تا ئێستا یەکیک لە پایەکانی حاکمیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک. لەم حەفتانەی دواییدا دەیان زیندانی سیاسی لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی ئێران ئێعدام کراون. لە پاڵ ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسیدا دەزگای قەزایی ڕژیم هەر لەم ماوەیەدا ٧٦ حاڵەتی ئێعدامی زیندانیانی جورمە عادیەکانیشی بە کردەوە دەرهێناوە. ئەندامێکی کوموسیۆنی حوقوقی و قەزایی مەجلیس باسی لە بوونی چوار هەزار و ٥٠٠ ” مەحکوم بە ئێعدامی بیلاتەکلیف” کردوە لە زیندانەکانی ڕژیمدا.
کۆماری ئیسلامی مانەوەی خۆی به سهركوت كردن دابین دهكات، بەڵام ئەگەر سەرکوت لە قۆناغێکدا هەنگاوێک پاشەکشەی خەڵکی بەدواوە بێت، بوارە عەینیەکانی هەڵچوونی قین و توڕەیی جەماوەر توند تر و خێرا تر دەکات و سەرئەنجام ” وەک بورکانێکی ژێر خۆڵەمێش” خەباتی مافخوازنە بڵێسە ئهستێنی و بە تێکدانی بناغەی كۆشكی ستەم و چەوساندنەوەی کۆماری ئیسلامی بوار بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و پشت بەستو بە هێزی ڕیکخراو و یەکگرتوی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی چەوساوە خۆش دەکات.