پاش ئه‌وه‌ی به‌ندكراوێكی سیاسی به ناوی “هۆگر باتو” مانگرتنی له‌خواردن ڕاگه‌یاند و ئێستا ٦٥ ڕۆژه مانگرتنی به‌رده‌وامه، دوو زیندانی دیكه له زیندانی “ئیلگدیر” به ناوه‌كانی “فۆرات گورگلی” و “مه‌زهه‌ر مه‌تین” بو ماوه‌یه‌كی نادیار مانیان له خواردن گرت.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، “هۆگر باتو” خه‌ڵكی ماردینه و له كاتی حكوومه‌ت نیزامی له شاری “نه‌سیبه‌ین”ی سه‌ر ئۆستانی ماردین ده‌ستبه‌سه‌ر و به زیندانی هه‌تا هه‌تایی مه‌حكووم و ڕاگوێزی زیندانی “ئیلگدیر” كرا. ناوبراو له ماوه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كرانی‌دا چه‌ندین جار له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیاوه به سه‌ختی ئه‌شكه‌نجه و ئازار دراوه و له مانگی سه‌رماوه‌زه‌وه ده‌ستی داوه‌ته مانگرتن. “مه‌زهه‌ر مه‌تین” و “فورات گورگلی” دوو به‌ندكراوی سیاسی دیكه‌ی ئه‌و زیندانه‌ش بۆ پشتیوانی له “هۆگر باتو” و له ناڕه‌زایه‌تی به هه‌ڵسووكه‌وتی نایاسایی به‌رپرسانی زیندان مانیان له خواردن ڕاگه‌یاند.