ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٩ی جۆزه‌ردان، “ژاکان باران”، شاعیری خەڵکی “مەلەکشا” سەر بە شاری ئیلام، “سەعدی مەحموودی”، “فەردین گرامی”، “جەعفەر مستەفازادە” و “ئاکۆ ئەڵڵامورادی”، په‌نابه‌رانی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، لە ناڕەزایەتی بە وڵامنەدانەوەی ده‌فته‌ری نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر له ئاست داخوازییەکانیان، ده‌ستیان دایه مانگرتن و لێوی خۆیان دوورێوە.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، پەناخوازانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ سێهەمین جار، لەبەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی UN لە هەولێر، خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانیان بوون. ئه‌م پەناخوازانە لە بەیانییەیەکدا داخوازییەکانیان لە ۹ مادە دا ئامادە و ڕادەستی نوێنەرایەتیی UN لە هەولێریان کردووە و جه‌غتیان كردووه کە هەتا ئەو کاتەی کە وڵامی ویست و داخوازییەکانیان نەدرێتەوە، دەست لە مانگرتن هەڵناگرن.