ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١١ی مانگی به‌فرانبار، بازاڕیان له شاره‌كانی جوانڕۆ، كرماشان، تاران و مه‌ریوان له ناڕه‌زایه‌تی به سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی كۆماری ئیسلامی و خراپی دۆخی ئابووری مانیان گرت.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان،بازاڕیانی پاساژی بازاڕی “ئیمامزاده حه‌سه‌ن” له تاران و گه‌ڕه‌كی ده‌وڵه‌ت ئاوای كرماشان له ناڕه‌زایه‌تی به به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار و خراپی دۆخی ژیان مانیان گرت و بازاڕیانی جوانڕۆ و مه‌ریوان له‌ناڕه‌زایه‌تی به سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی كۆماری ئیسلامی مانیان گرت و دووكانه‌كانیان نه‌كرده‌وه. به‌پێی زانیارییه‌كان، پاش خۆپێشاندانه‌كانی ڕۆژی شه‌ممه‌ی شاری جوانڕۆ و گیان له‌ده‌ستدانی هاووڵاتییه‌ك و برینداربوونی چه‌ندین كه‌س، خه‌ڵكی ئه‌و شاره به ته‌واوه‌تی مانیان گرتووه و ڕاپۆرته‌كان باس له بڕانی ئینترنێت و میلیتاریزه كردنی جوانڕۆ و هێرش بۆ سه‌ر ماڵی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه برینداریان هه‌یه.