کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ماف تەنیا بە هێزی ڕێکخراوبوون بەدەست دێت

6030

لەم دواییانەدا نوێنەرانی مەجلیس لێکۆڵینەوەیەکیان بەمەبەستی پەسەندکران ڕادەستی شۆڕای نیگەهبان کرد بۆ ئەوەی ئەندامانی مافیای گەندەڵی خانووبەرە بتوانن زیاتر لە جاران ملیۆنان کرێکاری بیناسازی بچەوسێننەوە. بێبەشکردنی کرێکارانی بیناسازی لە خزمەتگوزاری بیمە، بەشێکە لە هەوڵەکانی نوێنەرانی مەجلیس بۆ خزمەتکردن بە خاوەنکارەکان. لەو ڕووەوە کە ئەم کرێکارانە وەرزین و زۆربەیان ناویان لە هیچ ناوەندێک تۆمار ناکرێت بۆ ئەوەی لە خزمەتگوزارییە گشتیەکان سوودمەند بن، هەرگیز ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەیان لەبەردەستدا نەبووە. بەڵام هەڵسووڕاوانی سەربەخۆی کرێکاریی دەڵێن کە نزیکەی ٣ ملیۆن کرێکار خەریکی کاری بیناسازین. لەم ژمارە زۆرە کە ٨٠٪یان بۆ مافیای نیشتەجێبوون کاردەکەن، تەنیا ٦٩٠ هەزار کەسیان بیمەیان هەیە. لەو ڕووەوە کە کابینە و بیناکاران پشکی بیمەی ئەو کرێکارانە نادەن، تەنانەت ئەم چەند کەسەش مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە مافی بیمەکەیان لەدەست بدەن. ئەوە لە هەلومەرجێکدایە کە ئەندامانی مافیای نیشتەجێبوون، بەهۆی خۆدەربازکردن و هەروەها بەهرەمەندبوون لە لێخۆشبوونی باج، بۆ هەر یەک ملیۆن تمەن کە لە دروستکردنی خانووبەرەدا هەزینە دەکرێت، لە ڕێگەی فرۆشتنەوە دوو ملیۆن تمەن دەخەنە گیرفانی خۆیانەوە. خاوەنکارەکان سەرەڕای ئەم هەموو داهاتە بە تاڵانبراوە، ئامادە نین شوێنی کاری ئەمن و کەرەستەی سڵامەتی بۆ کرێکارانی بیناسازی دابین بکەن، بەم هۆیەوە ساڵانە ٥٠%ی ڕووداوەکانی کار لە کەرتی بیناسازیدا ڕوودەدەن و لە نێوان ٩٠٠ بۆ ١٠٠٠ کرێکار گیانیان لەدەست دەدەن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئیدارەی کار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕژیم، تاوانی ڕووداوەکان دەخەنە ئەستۆی کرێکاران و بەم شێوەیە مافی بنەماڵەی قوربانییەکە لەدەست دەچێت. پێشێلکردنی مافی کرێکارانی قوربانی و بریندار، کاتێک زۆر بەرچاوتر دەبێت کە قوربانییەکان ئەفغانستانی بن. لە ڕاستیدا چەوساندنەوەی لەڕادەبەدەر و

سەپاندنی بێ مافی بەسەر کرێکارانی بیناسازیدا لەلایەن مافیای نیشتەجێبوونەوە، ئەو کاتە دەگاتە لوتکە کە کرێکاری بێ پشت و پەنای ئەفغانستانی بەکرێ دەگرن.

دەیان ساڵە کە نوێنەرانی مەجلیس کرێکارانی بیناسازییان لە نێوان ترس و هیوایەکی بێ ئاکامدا ڕاگرتووە و ئێستاش هەروا چاوەڕوان ڕایاندەگرن. سەرەڕای ئەو بەڵێنە ناڕاستانەی کە ئەوان و بەرپرسانی دیکە و ئەندامانی ڕێکخراوە زەردەکان و حکوومەت لە ماوەی لانیکەم ١٦ ساڵی ڕابردوودا سەبارەت بە باشترکردنی گوزەران و بارودۆخی کارکردنیان بەو کرێکارانەیان داوە، بارودۆخیان تا هاتووە خراپتر بووە. ئاماده کردنی ئەو لێکۆڵینەوەیە، جارێکی دیکه دەریخست کە نوێنەرانی مەجلیس و باقی بەرپرسە ورد و دەشتەکان زۆر بێ شەرمانە دیفاع لە بەرژەوەندی خاوەنکارەکان دەکەن و بۆ گەیاندنی قازانجی هەرچی زیاتر  پێیان، لە هیچ هەوڵێک درێغ ناکەن.

پێویستە هەڵسووڕاوانی دیفاع لە مافی کرێکارانی بیناسازی لەم هەلومەرجەدا هەوڵەکانی خۆیان لە پێناو دەستەبەرکردنی بژێوی ژیان و دابینکردنی بیمەی ئەو کرێکارانە هەرچی زیاتر پەرەپێبدەن. بەڵام تەنیا ئەوە بەس نییە. پێویستە هاوکات خەبات و تێکۆشانی خۆیان بە ئاراستەی ڕێکخستنی کرێکاران لە ڕێکخراوە سەربەخۆ و ڕادیکاڵەکاندا زیاتر بکەن. یەک ملیۆن و دوو سەد بۆ یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس لە کرێکارانی بیناسازی لە ٤٥٠ ئەنجومەنی دانپێدانراوی وڵاتدا ڕێکخراون. ئەگەر نوێنەری ئەم ئەنجومەنانە خەمخۆر و بەدەروەست بن، دەتوانن هەندێک خزمەتگوزاری بۆ کرێکاران دابین بکەن. ئەوان ئەو بەشە لە کرێکارانیان لە حاڵەتی تاک و پەرشوبڵاویی دەرهێناوە. هەربۆیە دەتوانن لە زۆر بواردا بۆ کرێکاران سوودمەند بن. بەڵام بەهۆی ئەو سەرکوت و ئەزیەت و ئازارە زۆرەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی کارەوە دەکەوێتە سەریان، ئەم کاریگەرییانە سنووردارن. هەر بەم هۆیەوە هەڵسووڕاوانی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی کرێکارانی بیناسازیش لەوە گەیشتوون و هەوڵ دەدەن ڕێکخراوی سەربەخۆ و ڕادیکاڵ بنیات بنێن. گومان لەوەدا نییە کە ئەمجۆرە ڕێکخراوانە لەگەڵ ئاستەنگی جددی بەرەوڕوو دەبنەوە. بێگومان بەربەستی یەکەم بریتییە لە بوونی حکوومەتێکی تا سەر ئێسقان دژە کرێکار و پشتیوانی خاوەنکار و ئیدارە و مەجلیس و ڕێکخراوە زەردەکانی. لە هەمان کاتدا هەژاری لەڕادەبەدەر و پەرشوبڵاویی کرێکارانی بیناسازی، لە زومرەی بەربەستە سەرەکییەکانن. ئەم ئاستەنگانە وایکردووە کە دروستکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆ و خەباتکار لە هەموو بوارە کرێکارییەکاندا و بە تایبەتی لە بەشی بیناسازیدا کە کرێکارەکان وەرزی و ناسەقامگیرن، گەلێک دژوارتر بێت. بێگومان کەم نین ئەو هەڵسووڕاوە  تێکۆشەرە کرێکاریانەی کە ماوەیەکی زۆرە لەم بوارەدا خەباتیان کردووە و هەزینەیان داوە و ئەزموونیان بەدەست هێناوە. ئەوان بەتایبەت لە کوردستان کە کرێکارانی بیناسازی کۆچبەر و غەیرە کۆچبەر بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ ئاستەنگەکانی میلیتاریزم و سەرکوتی نەتەوەییش دەست و پەنجە نەرم دەکەن، لەگەڵ کێشە و گرفتێکی زیاتر بەرەوڕوون. پێویستە ئەو هەڵسووڕاوانە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بە هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ کرێکارانی بەشەکانی دیکە بەرەوپێش ببەن. سروشتییە کە ئەم خەباتە فیداکارانەیە لە قۆناغی ئێستادا لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بەردەوام دەبێت. گومانی تێدا نییە، کرێکارانی بیناسازی کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاستی هۆشیارییان بەرزتر بووەتەوە، لەسەر خەبات و تێکۆشانی خۆیان لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و ئەمنییەتی پیشەیی بۆ کرێکارانی بیناسازی هەروا بەردەوام دەبن. ئەم خەبات و تێکۆشانە بەشێک دەبێت لەو خەباتە بەربڵاوە پڕ لە فیداکاریەی کە لە سەرانسەری ئێران بە مەبەستی لاوازکردن و سەرەنجام لە گۆڕانی کۆماری ئیسلامی، بەڕێوە دەچێت.