لە بارودۆخێکدا کە نرخی مادەی خۆراکی و کالاکانی جێی پێداویستی خەڵکی ئێران بە هۆی توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری و دابەزینی ئەرزشی ڕیاڵ رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرز دەبێتەوە، نرخی مادەی هۆشبەر بەرز بوونەوەیەکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینی. رۆژی چوارشەممە سەرۆکی کارگوروپی کەم بوونەوەی داخوازی کۆمیتەی بەناو” سەربەخۆی خەبات لەدژی مادەی هۆشبەری مەجلیسی ناسینی بەرژەوەندیەکانی نیزام” ڕایگهیاند کە وێڕای بوونی هەڵکشان و داکشانی نرخی ئەرز، قیمەتی مادەی موخەدیر ئەوتۆ بەرز نەبۆتەوە. بۆ نمونە نرخی تریاک تەنیا کەمێک زیادی کردوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە تەنانەت ڕاگەیەنەرە دەوڵەتیەکانیش باس لە بەرز بوونەوەی سەرسوڕ هێنەری نرخی باقی مادەکانی جێی پێداویستی ژیانی خەڵک دەکەن لە ماوەی دوو مانگی دواییدا. تا ئەو جێگایەی کە ” ئیلنا” هەواڵنێریی کاری ئێران، باسی لە بەرز بوونەوەی نرخەکان وەک ڕەگباری موسیبەت بۆ حەقوقبگیران کردوە و سەرچاوە هەواڵیەکانی ڕژیم باس لە بەرز بوونەوەی ١٤٠ لەسەدی هەزینەی مەسکەنی خەڵک دەکەن. لەم ماویەدا نرخی گۆشتی سور کە هەڵبەت نایەتە سەر سفرەی کرێکاران و خەڵکی کەم داهات، ٨٠ لەسەد و قیمەتی مریشک ٥٠ لەسەد و هەزینەی هاوتوچۆ ٥٣ لەسەد زیادیان کردوە.
ئەگەرچی کۆمیتەی بەناو “خەبات لەدژی مادەی هۆشبەری ناسینی بەرژەوەندیەکانی نیزام”، ڕیاکارانە کۆمەڵێک هۆکاری بە لاڕێدا بەری بۆ بەرز نەبوونەوەی تایبەتی نرخی مادەی موخەدر ڕاگەیاندوە، بەڵام کێ هەیە نەزانێ قاچاغی پڕ داهاتی مادەی موخەدر لە ئێران لە پاوانی مافیای سپای پاسداران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دایە؟ ئەوانن کە کۆنترۆڵی سنورەکان و بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکانی وڵاتیان لە ئیختیار دایە. ئەوانن کە هاوردە و هەناردە کردن، بڵاو کردنەوەی نێوخۆیی و تەنزیمی نرخی مادەی هۆشبەریان لە ئەستۆیە و تا ئێستا لەم ڕێگایەوە بە میلیارد دۆلار پارەیان خستۆتە گیرفانیانەوە و کەسیش ناتوانێ لێیان بپرسێتەوە. لە پێوەند لەگەڵ قەبارەی مۆعامڵهی مادەی هۆشبەر، وتەبێژی ستادی خەبات لەدژی مادەی هۆشبەر دانی پێدا دەنێت کە ٣٠ لەسەدی سەرجەمی ئەم کالایە بەرەو مەقسەدی ئوروپای رۆژهەڵات و باڵکان لە ئێرانەوە دەڕوات. دەفتەری بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ مادەی هۆشبەری سازمانی ملەل چوار ساڵ لەوەپێش لە ڕاپۆرتێکی هەمەلایەنەدا ئاشکرای کرد کە ٧٤ لەسەدی تریاكی دهست بهسهردا گیراو و ٢٥ لەسەدی هێڕۆئینی دهستبهسهردا گیراوی دنیا لە ئێرانەوە بەڕێ کرا بوو. بەم جۆرە، ئایا ئیمکانی هەیە دەوڵەت و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لەوەها ترانزیت و کەشفیاتێکی گەورەی مادەی هۆشبەر کە ساڵانێکە لە ئێران لە ئارادایە ئاگادار نەبن؟ بە پێی ئاماری ناوەندە سەربەخۆکانی چالاک لە بواری خەبات لەدژی مادەی هۆشبەردا، ئێستا نزیکەی ٨ ملیۆن و دوسەد هەزار کەس واتە زیاتر لە دە لەسەدی خەڵکی ئێران گیرۆدەی مادەی هۆشبەرن و بنەماڵەکانیان توشی رۆژڕەشی بوون. بێگومان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی ئیعتیاد و بە دیهێنانی ئەم کارەساتە ئینسانیەیە لە ئێران. قاچاغی مادەی هۆشبەر یەکێک لە کاناڵەکانی دەست ڕاگەیشتنی بەرپرسان، فەرماندەکانی سپا، ئاغازادەکان و کاربەدەستانی پلە بەرزی ڕژیم و ئەو سەروەتە زۆرەیە کە بە پێی وتەی سەرۆکی پێشوی بانکی ناوەندی ڕژیم، پارەیەک لە حیسابی ٥ هەزار کەس لە ئاغازادەکان دایە زیاترە لە زەخیرەی ئەرزی ئێران لە دەرەوەی وڵات.
یەکێک لە شگردەکانی ڕژیم بۆ بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی لەم گەندەڵی و خراپکاری و جەنایەتەی باندەکانی مافیای دەسەڵات لە ئێران ئەوەیە کە هەر جار ناجارێک لە مەڕاسمێکدا دەست ئەدەنە پیشاندانی مادە دۆزراوەکان و سوتاندنیان. کۆماری ئیسلامی تا ئێستا بۆ داپۆشینی ڕواڵەتی ڕاستەقیتنەی مۆرە سەرەکیەکانی قاچاغی مادەی هۆشبەر کە هەمان بەرپرسان و سەرمایەدارانی ڕانت خۆری ئاڵقەی نیزامی ئیسلامی و دەور و بەریانن، بە هەزاران ئینسانی گیرۆدە بوو یان ئەو وردە فرۆشانەی کە خۆیان و بنەماڵەکانیان کەوتونەتە داوی مافیای قاچاغی مادەی هۆشبەرەوە و قوربانین وەک قاچاغچی مادەی موخەدر ڕاگەیاندوە. بەڵام ئاشکرا بوونی دەستی کۆماری ئیسلامی و گوشاری ڕای گشتی لەنێو خۆ و دەرەوەی وڵات، ڕژیمی وادار کرد تا چەند مانگ لەوەپێش تەرحی کەم کردنەوەی مجازاتی ئێعدامی تاوانبارانی مادەی موخەدر دوای ساڵانێک کوشتن و ئێعدام، لەژیر ناوی ئەوەی کە ” ئێعدامەکان لە کەم کردنەوەی تاوانەکانی مادەی هۆشبەردا کاریگەرییان نەبووە”، پەسند کرد. هەڵبەت کە کرداری دەژی ئینسانی ئێعدامی گیرۆدەبوان بە مادەی هۆشبەر و دەستفرۆشانی دەستی چەندەم، لەم سێ دەیەی دواییدا نەیتوانیوە لە کەم کردنەوەی پەرەسەندنی مادەی هۆشبەردا کاریگەر بێت. وێڕای دهركردنی گەلێک حوکمی ئێعدام بە بیانوی گیرۆدە بوون، ژمارەی گیرۆدەبوان بە مادەی هۆشبەر بە تایبەت لەنێو ژناندا زیادی کردوە و مامناوەندی تەمەنیشیان دابەزیوە. تا ئێستا کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی بەرگرتن لە پەیوەست بوونی لاوان بە ناڕەزایەتیەکانەوە لەدژی ڕژیم بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیەکانیشیان، لە سیاسەتی بڵاو کردنەوە و پەرەدان بە مادەی هۆشبەر لە نێو لاواندا کەڵکی وەرگرتوە. گیرۆدە بوون وەک یەکێک لە موسیبەتە کۆمەڵایەتیەکانی نیزامی سەرمایەداری ڕیشەی لە نا ئەمنی پیشەیی، نا روون بوونی چارەنووسی داهاتوو، گوشاری زۆری کاریی، بێکاری، هەژاری و سوکایەتیدا دایە.
نابێ چاوەڕوان بین کە کۆماری ئیسلامی وەک ڕژیمێکی پشتیوان و خزمەتگوزاری سەرمایە دەست بداتە ڕیشە کێش کردنی ئەم گرفتە بنەڕەتیە لە کۆمەڵگادا و لەدژی پەرە گرتنی مادەی هۆشبەر کارێک بکات. لە وەها بارودۆخێکدا پێویستە هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیتوی ئێران زۆر ترین دەور و نەخش لە خەبات لەدژی ئەم موسیبەتە کۆمەڵایەتیە وەئەستۆ بگرن. دەبێ لەبیریان بێت کە خەبات لەدژی گیرۆدە بوون ڕێگا چارەی تاکە کەسی نییە و بۆ بەرەنگار بوونەوەی دەبێ بە شێوازی بە کۆمەڵ و ڕێکخراو دەست بدەنە پیکهێنانی ستاد وناوەندی خەبات لەدژی مادەی هۆشبەر. لەقاودانی سیاسەت و شگردەکانی ڕژیم ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ گیرۆدە بووندا یەکێک لە پێویستیەکانی هەمیشەیی بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ ڕژیمە لەم بوارەدا.