کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ماجەراجویی نیزامی کێشە و گرفتە ئابووریەکانی خەڵکی ئێران زیاتر دەکات

شنبه – ۱ تیر – ۱۳۹۸ , 22 – 06 – 2019

 

 

بەدوای پەرە گرتنی ئالۆزی لە ناوچەی کەنداودا، رۆژی پێنجشەممە ٣٠ مانگی جۆزرەدان سپای پاسداران ڕایگەیاند کە پەهبادێکی ئەمریکایی لە ناوچەی هورمزگان بە سامانەی موشەکی داوەتەبەر هێرش و خستویەتە خوارەوە. ئەم هەواڵە دوای روداوەکانی ئەم دوو سێ رۆژە لە پێوەند لەگەڵ هێرش بۆسەر دوو کەشتی هەڵگری نەوت لە دەریای عەممان کە تێیدا کۆماری ئیسلامی وەک هۆکاری ئەم هێرشانە تاوانبار کرا و بەشوێنیدا هەواڵی ناردنی یەک هەزار کەسی تر لە هێزە نیزامیەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەی کەنداو، نیگەرانی لە سەرهەڵدانی تێکهەڵچونێکی نیزامی زیاتر لە پێشو پەرە پێداوە. مەترسی تا ئەو جیگایە چووە پێشێ کە رۆژنامەی تایمز رۆژی هەینی ٣١ی مانگی جۆزردان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دەرچوونی دەستوری ترامپ سەبارەت بە هێرشی نیزامی بۆسەر چەند شوێنێک لە نێوخۆی ئێراندا کرد. بەڵام چەند ساتێک بەر لە دەستپێکی عەمەلیات، دەستوری کتوپڕی ڕاگیرانی لە لایەن ترامپەوە دەرا. هەڵوێستی ترامپ چ لە مساحەبەی مەتبوعاتی لە وڵام بە هەواڵ نێراندا کە وتی” ئەگەری هەیە کەسێک بە هەڵە ئەم کارەی ئەنجام دابێت و لەم عەمەلیاتەدا کەس نەکوژراوە” و چ بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هێرشی نیزامی لە دەقیقەکانی کۆتاییدا، نیشانەی بوونی ئاستێک لە نێوانگیری و وتووێژی پشتی پەردەیە لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا. لە ئاوا حاڵەتێکدا ئەم کردارە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە دەکرێت حه‌ره‌كه‌تێك بوبێت بۆ نیشاندانی توانایی نیزامی لە ڕاستای دەستەبەر کردنی ئیمتیاز لە وتووێژەکاندا.
ئەم تەحریکاتە نیزامیە لە لایەن هەردوو لاوە لە حاڵێکدا بەڕێوەدەچێت کە ئاسەواری تەحریمە سیستماتێک و بەرنامە بۆ داندراوەکانی ئەمریکا لەدژی هەناردەی نەوتی ئێران، ئابووری کۆماری ئیسلامی زیاتر لە پێشو شپرزە کردوە. ئەگەرچی تەحریکاتی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا هەوڵێکە بۆ کەم کردنەوە یان پوچەڵ کردنەوەی کاریگەری تەحریمەکان، بەڵام دەست بردن بۆ ئەم جۆرە چالاکیانە دەتوانێ گەلێک مەترسیدار بێت و برووسكه‌یه‌ك بەسە بۆ کەوتنەوەی ئاگری شەڕێکی وێرانگەر لە ناوچەکەدا کە نە دەستپێک و نە کۆتاییەکەی پێش بینی کردن ناكرێت. دوای دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام و عەمەلیاتی سیاستی” گوشاری بێ ئەوپەڕ” و دامەزراندنەوەی تەحریمەکان، هەناردەی نەوتی ئێرانی لە ناوچەی کەنداو و دەریای عومماندا بە توندی خستبوتە ژێر کونترۆڵەوە. ئەمریکا بە کەڵک وەرگرتن لە ڕاداری سیخوڕی پێشکەوتو، هاتوچۆی سەرجەم نەوت کێشەکانی تۆمار کراو لە سازمانی دەریا نەوەردی جیهانیدا خستۆتە ژێر کۆنترۆڵەوە و ڕەسەدیان دەکات تا ئەو جێگایەی کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ تەحریمەکان تێپەڕێنێ و نەوتی پێویست هەناردە بکات.
رۆژی چوار شەممە ٢٩ ی مانگی جۆزەردان هەواڵنێری فارس قسەکانی بیژەنی زەنگەنەی نامدار، وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی لە پەڕاوێزی کۆبوونەوەی هەیەئەتی دەوڵەتدا بڵاو کردەوە کە تێیدا وتبوی:” ئیستا ئیتر ناتوانین بەناوی ئێران نەوت هەناردە بکەین. بارودۆخەکە تەنانەت دژوار ترە بووە لە دەورانی شەڕی ٨ ساڵەش. لە دەورانی شەڕدا گرفتی هەناردە کردنی نەوتمان نەبوو وە پارەی نەوتەکەمان وەردەگرت. بەڵام ئیستا ئەم ڕه‌وته‌ بە دژواری بەڕێوەدەچێت. ئێستا بەرهەمە نەوتیەکان و بەرهەمی پیترۆشیمی توشی گرفت هاتووە.” لەم کۆبوونەوەیەدا زەنگەنە ڕەخنەی لە بێ تەوەجوهی دەوڵەتانی یەکێتی ئوروپا گرت کە نەیانتوانی تەنانەت سازوکارێکی ماڵی ڕیکبخەن تا زەمانەتێک بێت بۆ کڕینی نەوت لانیکەم لە لایەن شیرکەتە خوسوسیەکانەوە. ئەو ساڵی پاریش وتبوی تەنانەت یۆنان و ئیتالیاش کە لە زومڕەی ئەو ٨ وڵاتە بوون کە لە لایەن ئەمریکاوە سەبارەت به‌ کڕینی نەوتی ئێران بەخشرا بوون، ئامادە نەبوون نەوت لە ئێران هاوردە بکەن و وڵامی پێوەندیەکانمان نادەنەوە.
لە مانگی ڕابردوەوە کە ماوەی معافیەتی ٨ وڵاتەکە بۆ کڕینی نەتی ئێران کۆتایی هات، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ یەک لەسەر پێنج کەم بۆتەوە. ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی خۆیدا لە ٢٤ ی مانگی جۆزردان دا رایگەیاند کە هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی مەی ئەمساڵدا بە بەراورد بە مانگی پێشو ٤٨٠ هەزار بەرمیلی تر کەمی کردوە. لە ڕوانگەی ئەم ئاژانسەوە ئەم ڕێژەیە لە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران کەمترین ئاستی بەرهەمهێنانە لە کاتی شەڕی ئێران و عێڕاقەوە. ئاخرین ڕاپۆرتی سندوقی نێونەتەوەیی دراو لە بەشی خاوەرمیانەش نیشانی ئەدات کە قەیرانی ئابووری لە ئێران توند بۆتەوە و زیاد بوونی نرخی هەڵاوسان ئێرانی له‌باری ته‌وه‌رومه‌وه‌ خستۆتە ڕیزی خراپ ترین وڵاتانی دنیاوە. بەشێوەیەک کە شاخسی نرخی مەسرەف کوننەدە تێیدا لە ٤٩ لەسەدیش واوەتر چووە.
تەحریکات و ماجەرا جویی نیزامی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت دوای ئەوە پەرەی سەندوە کە ئولتیماتۆمی ٦٠ رۆژەی ڕژیم بە دەوڵەتانی یەکێتی ئوروپا بۆ هەنگاوی بە کردەیی و ئەنجامدانی تەعەهودەکانیان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا، لەم ماوەیەدا بەرەو رووی بێ تەوەجوهی ئەوان ببۆوە. لەم دواییانەدا نەتەنیا یەکێتی ئەروپا بەڵکو تەنانەت وڵاتانی روسیە و چینیش سەبارەت بەم ئولتیماتۆمەی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی توندیان پیشاندا و سەبارەت بە پێشێل کردنی تەوافوقی بەرجام، هۆشدارییان دایە ڕژیم. خستنە خوارەوەی پەهبادی ئەمریکا بە موشەکی زەوی بە هەوا، ئەم دەرفەتەی بۆ ئەمریکا فەراهەم کردوە تا بتوانێ دەوڵەتانی یەکێتی ئوروپا و روسیە و چینیش بۆ خستنە ژێر گوشاری زیاتری کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی بەرتەسک کردنەوەی توانایی موشەکی بێنێتە ڕیزی خۆیەوە.
له‌ ڕاستی دا ئەم کێشە دروست کردنانە لە لایەن ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیەوە نە تەنیا هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکی ئێران نییە بەڵکو لەدژی بەرژەوەندی ئەوانیشە. بەرپا بوونی هەر شەڕێک لە ناوچەکەدا ژیان و بەرژەوەندیەکانی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەخاتە مەترسیەوە و بارودۆخی ئابووری و بەڕێچوونیان زیاتر توشی مەترسی دەکات. دەرێژە و توند بوونەوەی تەحریمەکانی ئەمریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش دوکەلەکەی چۆتە چاوی خەڵکی کەم داهاتەوە و دەبێتە هۆی گرانی، بێکاری، هەژاری و فەلاکەتی زیاتری خەڵک. ئەمەش لە هەمان حاڵدا کە بارودۆخی ئابووری شپرزە و لە حاڵی لێک هەڵووشانی زیاتری کۆماری ئیسلامی شپرزە تر دەکات و ئیمکانی ئەوە ئەدات بە کۆماری ئیسلامی کە بە بیانوی بونی تەحریمەکان و مەترسی بەرپا بوونی شەڕ، وەحشیانە تر لە ڕابردو دەست بداتە سەرکوتی هەر دەنگێکی ئازادی خوازنە و ماف تەڵەبانە.

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-