کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لە ١٦هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەک لە دوای یەک لە ئێران

حکومەتی ئیسلامی لەگەڵ گەورەترین قەیران لە مێژووی ٤٤ ساڵەی خۆیدا بەرەوڕوو بووەتەوە. لە زیاتر لە ١٤٠ شاری ئێران و لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی جیهان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژبە تاوانەکانی ڕژێمی ئیسلامی بەردەوامە.

ناڕەزایەتییەکان سنووری جوگرافیایی ئێرانی تێپەڕاندووە و تەنیا ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەر لە نزیک بە ١٥٠ شاری جیهان بە لە ئاستێکی جەماوەریدا بەڕێوە چوو. لە وڵاتەکانی عێراق و لوبنان کە کۆماری ئیسلامی بە ناوەندی دەسەڵاتی ناوچەیی خۆی لە قەڵەم دەدا، خۆپێشاندان دژی کۆماری ئیسلامی و بەرگری لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوە چوو.

بەرپرسانی حکوومەت کە توانایی سەرکوتی ملیۆنی خەڵکیان نییە، بێدەنگیان هەڵبژاردووە و عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ماوەی دوو هەفتەیە دەنگی دەرنەهاتووە. ئاخووندە دەم شەڕەکان و ئیمام جومعەکان دوو هەفتەیە خۆیان لەچاوی خەڵک شاردووەتەوە. ڕق و تووڕەیی خەڵک لە ئاخووندەکان و حکوومەتی ئیسلامی بەوپەڕی خۆی گەیشتووە. کار گەیشتۆتە ئەو جێگایەی کە ئەم ڕۆژانە هیچ ئاخووندێک بە جل و بەرگی مەلایەتییەوە لەناو خەڵکدا دەرناکەون. تاکتیک و سیاسەتی سەرکوتکردنی ڕژیم وەک جاران کاریگەر نین. وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە ڕیزەکانی حکومەت خێراتر و بەربڵاوتر بووە. هێزەکانی ماندوو بوون و  ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لەپێ دەکەون.  نموونەگەلێک لە سەرپێچی و نافەرمانی لەناو ڕیزی هێزە نیزامییەکاندا بەدی کراوە. قورئانیان سوتاندووە و مزگەوتەکانیان وێران کردووە و شوێنە ئاینییەکانیان تێکداوە و چیتر کەس فریو نادەن.

هێرشی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و تاوانه‌ی ڕۆژی هه‌ینی له‌ به‌لوچستان ڕوویدا نه‌یتوانی خه‌ڵك چاوترسێن بکات یان بۆشایی له‌ یه‌كگرتوویی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر ڕژێم دروست بكات. ئه‌مڕۆ ئیتر که‌متر هونه‌رمه‌ند و چالاکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌رزشوان و که‌سایه‌تی ناودار هەیە که‌ سه‌رکوت و تاوانه‌کانی ڕێژیمیان مه‌حکووم نه‌کردبێت.

  بەرپرسانی ڕێژیم شکستەکانیان پەردەپۆش دەکەن و پڕوپاگەندەکانیان لە پێداهەڵگوتن  بەسەر ” هێز و دەسەڵاتی حکومەتە”وە گۆڕدراوە بۆ هەڵوێستێکی بەرگریکارانەی “ناڕوخێین”. گەشتی ئیرشاد ڕووبەڕووی شکست و ڕسوایی بووەتەوە، هەزاران ژنیش بەبێ باڵاپۆش لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا دەردەکەون.  دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و “حکومەتی ئیسلامیمان ناوێت” لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکاندا زیاتر بەرچاو دەکەون.

کۆمەڵانی خەڵک تامی یەکڕیزی و هاوخەباتییان چەشتووە و بە گڕ و تینێکی شۆڕشگێڕانە و ئیرادەیەکی بەهێزترەوە بەرەو پێشەوە دەڕۆن. دەسەڵاتداران بە شپرزەیی و و نائومێدییەوە چاودێری پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیەکان دەکەن. خەڵکی کوردستان کە پێشەنگی ناڕەزایەتییەکانی ئەم قۆناغە بوون، لە ماوەی دوو هەفتەدا دووهەمین مانگرتنیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا. ئیستا ئیتر خەریکە ئەزموونی مانگرتنە سیاسییە سەرکەوتووەکانی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران پەیڕەو بکرێت.

  زۆرێک لە بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمە بە خێراترکردنی پرۆسەی ناردنی منداڵەکانیان و سامانە بەتاڵان براوەکان بۆ دەرەوەی وڵات، خەریکی هەڵسەنگاندن و هەزمکردنی ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لەباری دەروونییەوەن. بەپێچەوانەوە جەماوەری دڵخۆش به‌ هێزی یه‌كگرتوویی خۆیان، ئیمکانی ڕووخانی حكومه‌تی كۆماری ئیسلامی، هەڵدەسەنگێنن و دەروونەن هەزمیدەکەن. خامنەیی و بەرپرسانی ڕێژیمەکەی لەگەڵ خەڵکێکی ئاگا و خاوەن ئیرادەی پتەو بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامی بەرەوڕوو بوونەتەوە و دوور نییە ئەو ڕۆژەی کە بە تاوانی چل و چەند ساڵ جینایەت لە دادگای عادڵانەی خەڵکدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و وڵامدەرەوە بن.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕەوتی لێک هەڵوەشانی حکومەت و سەرلێشێواوی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی 

-

کۆماری ئیسلامی بە ئاڕاستەیەکی بێ گەڕانەوەدا

-

  بەیانیەی حیزبی کومونیستی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە ١٦ سەرماوەز رۆژی دانشجو

-

ماتەمی کۆماری ئیسلامی و شادمانی خەڵک لە پەڕاوێزی دەرچوونی تیمی کۆماری ئیسلامی لە کێبەرکێکانی جامی جیهانی

-

   سەرکەوتنی شۆڕش لە گرەوی هەتنە مەیدانی کرێکاران، وەک چینێکی کۆمەڵایەتی دایە

-

    ئیبتیکاری عەمەل لەسەر شەقام و لە سۆشیال مێدیا بەدەست خەڵکەوەیە 

-