رۆژنامەی سوبحی چاپی تاران لە ڕێکەوتی ٣٠ مانگی خاکەلێوەیدا سەردێڕی” دەوڵەتی ڕوو لە نێوچوون“ی لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا زەق کردبۆوە. ئەم رۆژنامەیە لە ژێر ئەم سەردێڕەدا نووسیویەتی:” دەوڵەتی ڕەئیسی کە بە کردارە لاوازەکانی تا بە ئەمڕۆ نیشانەی ناکاراترین دەوڵەتی دوای شۆڕشی بۆخۆی دیاری کردوە، بۆ کەمکردنەوە لە نیگەرانی بە وتەی خۆی، رۆژنامەی” دڵسۆزان” و هەروەها بۆ ئەوەی کە بە ڕای گشتی پیشان بدات هێشتا شیرازەی کاری لەدەست دەرنەچووە، دەستی بە پیادەکردنی پیاوانی کابینەکەی کردوە، تا کار گۆیا نەگاتە لێپرسینەوە لەلایەن مەجلیسەوە. پێشبینی دەکەین ئەگەر دەوڵەتی سیزدەیەم، هەنگاوی جیدی و بنەڕەتی هەڵنەگرێت، بێ گومان هەوڵی بۆ هەڵوەشانەوەی خۆی داوە” و لە کۆتاییدا بەو ئاکامە دەگات کە” زۆبەی کۆبوونەوە ئابووریەکانی دەوڵەتی سێزدەیەم لە ماوەی ٢٠ مانگەی تەمەنیدا، زیاتر بۆ ئەوە بووە کە ڕای گشتی سەرگەرم بکات و هیچ دەرهاویشتە و ئاکامێکی ئەرێنی بۆ خەڵک نەبووە.”
نووسەری ڕۆژنامەکە لەم بابەتەدا بە دەربڕینی کۆمەڵێک لە ڕاستیەکان و بە گەورەکردنەوەی ئاگاهانە دەیەوێ هەموو ڕاستیەکانی پەیوەندیدار بە هۆکاری قەیران لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێراندا بشارێتەوە. بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە ئەم جۆرە هەوڵانە لە پێشترەوە ڕیسوا بوون و ناتوانن ڕێگا چارە بن، لەبەر ئەوەی خەڵکی وشیار و چاوکراوەی ئێران دوای ٤٤ ساڵ حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی دەزانن کە هەموو ڕاستیەکان، ڕاستیەکی کە لەمڕۆدا بوونەتە هۆکاری لەنێوچوونی ژیانیان واوەتر لە ناکارایی ئەم یان ئەو بەڕێوەبەرە و بە لابردن و هێنانی کەسەکان، کێشەکە چارەسەر نابێت و گۆڕانی جیدی لە ژیانی ئەواندا بەدی ناهێنێت. خەڵک دەزانن کە دەوڵەتی سیزدەیەم، هەمان دەوڵەت کە لەمڕۆدا یەک لەدوای یەک کارگوزارانی دەکرێنە قوربانی و هێدی هێدی خۆیشی ڕەنگە ببێتە قوربانی، بەشێکی جیانەکراوە لە سەرجەم دامودەزگای حاکمیەتی کۆماری ئیسلامییە. لەم ڕوەوە بە تەنیا ڕاستیی دەوڵەتی ڕوو لە نابوودی نییە، بەڵکو بەرەو نابوودی چوونی سەرجەم حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیە.
هەڵبەت حاکمیەت دوای ٤٤ ساڵ، دەزانێ لەژێر پێستی کۆمەڵدا چی ڕووئەدات. خودی ڕژیمی ئیسلامی دڵنیا بووە کە ئەگەر ئەمڕۆ بە بەرەکەتی ماشێنی سەرکوت توانیویەتی خەڵکی ناڕازی و توڕە لە سەر شەقامەکان دوور بخاتەوە، بەڵام ئەم بارودۆخە بەردەوام نابێت و ئەم خەڵکە درەنگ یان زوو، دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانیان لە شەپۆلی گەورە و مەترسیدارتردا لە حەرەکەتی جۆراوجۆری ناڕەزایەتی و لە مانگرتنی سەرتاسەریدا دەست پێدەکەنەوە. لەم ڕوەوە هەر لە ئێستاوە خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بارودۆخەکەدا. ئەگەر لە دەرەوەی سنورەکان ڕێگای سازان و سازشی گرتۆتەبەر، بەڵام لەنێوخۆدا ڕیاکارانە دەیەوێ نیشانی بدات کە خەریکی” چارەسەرکردنی کێشە ئابووریەکانیەتی” تا خەڵک لە چاوەڕوانیدا ڕابگرێت.
حاکمیەت دەزانێ کە کوشتاری ناڕازیان بە شێوازی پێشو ئیمکانی نییە، ئاکامی چار هەڵنەگری ڕووخاندنی حەتمی کۆماری ئیسلامیە. لە دوو مانگ لەوە پێشەوە دیاردەکان ئەوە دەڵێن کە لە هەوڵدان بە ڕێکخستنی گەڵاڵە گەلی شەرورانە و جەنایەتکارانە، نائەمنی ڕەوانی، وەحشەت و نیگەرانی گشتی پەرە پێبدەن تا پێویست بە بوونی حکومەتێکی بەهێز، ئەگەر دیکتاتۆڕیش بێت، ببێتە پێویستی یەکەمی خەڵک. تا ئەم بیرۆکەیە پەرە دەستێنێ لەئەگەری لاوازی دەزگای حکومەتیدا، بشێوی لە کۆمەڵدا زیاتر دەبێت. بە واتایەکی تر ترس لە ناڕەزایەتی و شۆڕش بۆ ئاڵوگۆر پێکهینان لە فەرهەنگی خەڵک بە تایبەت لە توێژی بەرینی ناڕازی لە حاکمیەت دا جێبکاتەوە.
ڕێکخستنی هێزە خۆسەرەکان کە دیارە خۆی نیشانەی لاوازییە، لە ڕاستای وەها سیاسەتێک دایە، ئەو هێزەی کە لای ڕای گشتی وەک هێزێکی نایاسایی دەناسریت کە سەرەڕۆیانە دەجوڵێتەوە و هەموو ئەو شتانەی کە خۆیان بە هەر شێوەیەک بە سەڵاحی دەزانن، بە کردەوەی دەردێنن. هێرشی شیمیایی بۆسەر قوتابخانەکانی کچان نمونەی بەرچاوی ئاکامی ئەم سیاسەتەیە.
لەم قۆناغەدا ئامانج ناساندنی بوونی ئەم هێزەیە و ئەوەیکە ناتواندرێت بناسرێن و بە تەواوی سەرەڕۆن و دەتوانن ئەم هێرشە شیمیاییانە لە سبەی ڕۆژدا لە ڕیزی ناڕازیاندا بەڕێوەبەرن. دەیانەوی بەم جۆرە ئەم پەیامە بگەیەنن کە” نەکەن بە ڕیزی ناڕازیانەوە پەیوەست بن، نەکەن بەشداری ڕێپێوانەکان بکەن چون ئێمە کۆنتڕۆڵی ئەو هێزە سەرەڕۆیانەمان لەدەستدا نییە کە ڕەنگە سەر بە بێگانەکانیش بن.”
بەڵام، زۆربەی خەڵکی ئێران شگرد و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشەکەیان ناسیوە، ئەم خەڵکە بە دەرس وەرگرتن لە ئەزمونی تا ئێستایان لە هەوڵدان ڕیزەکانیان تۆکمەتر بکەن تا خەبات لە پێناو گۆڕینی بارودۆخی ئێستا زۆر بە بەهێزی بە ئاکام بگەیەنن و لەنێوچوونی حاکمیەت بکەنە بابەتێکی حەتمی.