کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

لە دایک بوونی چاڕلی چاپڵین: پێداچوونەوەی “دیکتاتۆری گەورە”

 

وەرگێڕان لە فارسیوە: هیوا ئەمانی

 

مانگی پێشوو، ١٦ ئاوریل، سەد و سی و سێیەمین ساڵڕۆژی لە دایک بوونی یەکێک لە گەورەترین ئەکترەکانی مێژووی سەردەم، چاڕلی چاپڵین بوو. ژیانی پیشەیی چاپڵین زیاتر لە ٧٥ ساڵ دەگرێتەوە کە لە سەردەمی مناڵیەوە لە سەردەمی ویکتۆریا تا کۆتایەکانی دەیەی١٩٧٠یە.

چاپڵین لە سەردەمی سینەمای بێدەنگەوەتاکوو سینەمای دەنگدار، کۆمەڵیک کەسایەتی لەبیر نەکراوی وەکوو “گەڕۆڵ (ولگرد)”ی خوڵقاند کە کاریگەری بەرچاویان بەسەر سینەمای ئەمڕۆە هەیە. وا وێدەچی لەم سەردەمە پڕ ئاژاوە سیاسیەی ئێستا دا، گرینگی پێدان بە چاپڵین بە پێداچوونە بە یەکێک لە کاریگەرترین بەرهەمەکانی کە ئەمڕۆکانەش بە شێوەیەکی ئاشکرا بابەتێتی هەیە، گونجاوە. دیکتاتۆری گەورە، فیلمێکە کە تیایدا گاڵتە بە ئادۆڵف هیتلێر دەکرێ، کاتێک کە ٨٢ ساڵ لەوەپێش چووە سەر پەردەی سینەما، بەرهەمێکی بەهێز بوو. بەداخەوە ئەمڕۆکانەش، لە ساڵی ٢٠٢٢، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەدەست کێشە گەلێکەوە دەناڵێنێ کە ئەو فیلمە دەیهەویست ئێمە وانەی لێوە فێر ببین.

دیکتاتۆری گەورە درامێکی کۆمێدیە لە نووسین، دەرهێنەری، ئامادەکردن و ڕۆڵگێڕانی چاڕڵی چاپڵین. ئەم فیلمە یەکەمین فیلمی درێژ و کامڵی چاپڵینە. چیرۆکی فیلمەکە سەبارەت بە سەربازێکی یەهودیە کە لە جەنگی جیهانی یەکەم دا بۆ هێزەکانی ناوەند (ئیمپراتوری ئاڵمان، ئوتریش-مەجارستان، ئیمپراتوری عوسمانی و پاشای بوڵغارستان) شەڕ دەکا وبریندار دەبێ و دواتر تووشی لەبیر چوونەوە دەبێ.

ئەو بۆ ماوەی بیست ساڵ لە نەخوشخانە دەمێنێتەوە و نازانێ کە دوای تەواو بوونی شەڕ، لەو لایەنەی کە شەڕی بۆ دەکرد، ڕژیمێکی فاشیستی لە ژێڕ ڕێبەرایەتی ئادنوید هاینکڵ (هەر بە ڕۆڵگێڕانی چاپڵین) دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە. ئەم کۆنە سەربازە هەوڵ دەدا کە لە وڵاتی خۆی “تۆماینیا” ژیانی ئاسایی خۆی وەکوو سەرتاشێك لە شوێنی نیشتەجێبوونی پێشووی دەست پێبکاتەوە، بەڵام بە زەبر و زەنگ پێی ڕادەگەیەنن کە هەرکەسێک کە ئاریایی (نیژادی تەواوەن سپی) نەبێ، شارۆمەندی دەرەجەدوون، کە لە سەردەمی ڕژیمی فاشیستی تازەدا مافگەلێکی کەمیان هەیە، بگرە هەر مافیشیان نیە.

ئەم فیلمە زۆر ڕاشکاوانە ئادۆڵف هیتلێر و حیزبی نازیکە لەساڵەکانی ١٩٣٠ و ١٩٤٠ لە ئاڵمان دەسەلاتیان بەدەستەوە بوو، دەکاتە ئامانج. بەر لەمە لە فیلم گەلێکی وەکYou Nazty Spy  دروستکراوی تێری ستۆگێس و لە فیلمێکی ئاڵمانیدا بە ناوی The Testament of Dr. Mabuseدروستکراوی فریتز لانگ. هەندێک باسی هیتلێریان تیدا هەبوو، بەڵام بەو حاڵەشەوە فیلمی درێژی چاپڵی لە سینەماکانی ئامریکا و هەموو جیهان هەڵڵایەکی زۆری نایەوە.

لەو سەردەمەدا لەوانەیە چاپڵین بە یەکێک لە ئەستێرە ناسراوەکانی سینەما لە هەموو جیهان دابندرایە، زۆر بەهێز بوو و پارەیەکی زۆری خۆشی بۆ دروست کردنی ئەو فیلمە خەرج کرد. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە گرینگی دیکتاتۆری گەورە، ناسینی کار و سیاسەتی پیاوێک کە خوڵقێنەری بوو زۆر گرینگە.

چاپڵین پیاوێک بوو کە سەردەمی منداڵی پڕ بوو لە هەژاری و خەبات. ئەو کە تەنیا هەشت ساڵ تەمەنی بوو هاتووچۆی ماڵەکانی لەندەنی دەکرد و ماڵە شاگردی دەکرد. کارگاکان شوێنێک بوون کە ئەو کەسانەی توانایی بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیان نەبوو دەنێردرانە ئەوێ و لەوێ لە ژێر باری قورسی سەرکووتدا کار و ژیانیان دەکرد. چاپڵین لە سەردەمێکدا کە تازەلاو بوو، چووە ناو دنیای شانۆ و بازەرگانی شانۆوە. ئەمە وای کرد کە دواتر ژیانی ڕووبکاتە ناوبانگ، سەروەت و دواتر هەنگامە.

چاپڵین لە سەرەتاکانی بەناوبانگ بوونی خۆی لە سینەما، کەسایەتی بەناوبانگی گەڕۆڵی دروست کرد و گەشەی پێدا. ئەم کەسایەتیە وێنای کەسێکی کرێکار بوو کە هەوڵی دەدا بە شێوەیەک” خەونی ئامریکایی” وەدینەهاتوو وەدەست بێنێ. گەڕۆڵ، پیاوێکی فەقیر و کرێکار بوو کە زۆر جار لەگەڵ خاوەنانی دەسەڵات کە بەدوای سەرکووت و زەبر و زەنگی خەڵکانی فقیر و هەژارەوە بوون، دەستەو یەخە دەبوو.

ئەم بابەتە لەوانەیە بەرچاوترین بابەتی فیلمی کۆمێدی بێدەنگی “سەردەمی تازە” بێ کە لەساڵی ١٩٣٦ بەرهەمی هێناوە. لە “سەردەمی تازە”داکەسایەتی گەڕۆڵی چاپڵین کرێکارێکی کارخانەیە کە لە خەتی بەرهەم هێناندا کار دەکا و ناتوانێ بحەسێتەوە. ئەو کە لەسەردەمی داتەپینی گەورەدا ژیان بەسەر دەبا، لە دڵەتەپەی بەردەوامی کار لە کارخانەیەک کە کاتی حەسانەوەی یەکجار کەمە و لە ژێر فشارێکی یەکجار قورسی بەردەوامی کاردایە، لە کۆتایی دا تووشی داڕوخانێک دەبێ کە دەبێتە هۆی بێکار بوونی. بەم هۆیەوە هەوڵ دەدا کە ڕێگای خۆی لە ڕێگای کاری جیاواز، تەنانەت خۆپیشاندان و مانگرتنی کرێکاریەوە بدۆزێتەوە.ئەمانە هەمووی ئاکامێکیان نابێ، بەڵام ئەو بە داهاتوویەکی نادڵنیاوە بەڵام ئومێدبەخشەوە هێشتاش درێژە بە خەبات دەدا. ئەم فیلمە بەشێک بوو لە ژیان و چاپڵین باسی لە نەهامەتیەکی گەورەی کرێکاران دەکرد کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دا هێزی کاریان لە لایەن سیستەمی سەرمایەداری پیشەسازی ڕوو لە گەشە دەچەوسێندرێتەوە.

کەواتە جێی سەرسوڕمان نیە کە ناوبانگی بەردەوامی و مەیلی چەپ، ئەوی کردبووە نیشانی نوکی هێرشی کەسانێك لە ئامریکا کە برەویان بە دروشمە دژە کۆمۆنیستی و دژە چەپەکان دەدا. دیکتاتۆری گەورە، ڕەخنەی چاپڵین لە چەوساندنەوە و زوڵمی گەیاندە ئاستی جیهانی.

کەسایەتی هاینکڵ زۆر بە ئاشکرا دروستکراوێکە لە ئادۆڵف هیتلێر. باقی کەسایەتیەکانی فیلمەکە نمونەگەلێکن لە ئەفسەرە پلە بەرزەکانی ڕژیمەکەی هیتلێر. کەسایەتی بێنزینۆ ناپالۆنی وێنای دیکتاتۆری فاشیستی ئیتالیایی بێنیتۆ مۆسۆلۆنیە. لە تەواوی ئەو فیلمە کۆمێدیەدا کارگەلێکی زۆر گەمژانە و خراپ بوونیان هەیە، بەڵام تەنزی ڕاستەقینەی فیلمەکە لە پێکەنیناوی بوونی فاشیزم و زوڵم دایە. دیکتاتۆری گەورە تەنزێکی کامڵ بەرهەم دێنی بە بێ ئەوەی ئەو مەترسیەی کە پیاوانێکی وەکوو هاینکڵ بۆ جیهانی بەدیاری دێنن بچووک نیشان بدا.

یەهودیەکانی تۆماینا وێنەی مەڕی قوربانین بۆ سەرۆک و ناتوانن خۆراک و سەرچاوەی بەردەوام بەرهەم بێنن. تەماع و قین و توڕەی بەسەرهاینکڵ دازاڵە. کەسایەتی سەرتاشی چاپڵین (گەڕۆڵ) وێنەی مرۆڤێکی ڕۆژانەیە کە هەوڵ دەدا ئەو دنیایەی کە لێی دەرکراوە، مانا بکاتەوە. ئەو لەگەڵ کەسایەتیگەلێک  بەرەوڕوو دەبێ کە بە شێوەی خۆیان هەوڵ بۆ بەرخودان دەدەن.

ئەم جۆرە هێزە دەرونیە لەلایەن هاناوە (بە ڕۆلگێڕانی پائۆلێت ئەکتەری یەهودی)، نەمایش دەدرێ. هانا ڕوحیەیەکی ئاگرینی هەیە کە بە شێوەی فیزیکی فاشیستەکان لە کۆڵانە یەهودیەکان، جێگایەک کە ئەو لە نزیک سەرتاش دەژی، وەترس دێنێ. لە رواڵەتدا، کەسایەتی ئەو دەکرێ زۆر ساکار وەکوو کەسێک کە حەز لە سەرتاش دەکا ببیندرێ. بەڵام ئەو زۆر لەوە زیاترە. ئەو ژنێکە کە لەگەڵ ئەوەی لە هەژاریدا ژیان بەسەر دەبا بەڵام خۆی خۆشبەخت دەبینێ چونکوو بە هۆی دراوسێکانیەوە هێشتاش ویستی خەباتی هەیە، خەبات بە دژی زوڵم و نابەرابەریەک کە خۆی بە چاو دەیبینێ.

پانێڵی کۆتایی زۆر کاریگەرە، کاتێک سەرتاش خەریکی وتاربێژیە -وتارێک کە ئێستاکە بە یەکێک لە بەناوبانگترین وتارەکانی مێژووی سینەما دادەندرێ- زۆرترین کاریگەری لەسەر هانا دادەنێ، چونکوو ئەو لەگەڵ ئەوەی جیهان تووشی شەڕ بووە بەڵام سەیری ئاسمان دەکا. و هیوادارە بەوەی کە دەتوانێ بیکا.

و چ وتارێکی کۆتایی بەهێزە. سەرتاش کە بە هەڵە لە جێی هینکڵ دادەندرێ، ناچار بە وتاربێژی دەبێ. کاتێک کە ئەو لەبەرامبەر میکرۆفۆن رادەوەستێ، کەسایەتیە هەمیشە نەرمەکەی دەنگی خۆی دەدۆزێتەوە و جەماوەر کۆدەکاتەوە. تەواوی وتارەکە بێ وێنەیە، بەڵام هەندێک قسەی لەبیر نەکراوی تێدایە کە بەستە بە کاتی پێشکەش کردنیان زۆرتر لەبەرچاون، وەکوو “من دەمهەوێ یارمەتی هەمووان بدەم. یەهودی، ئەوانەی یەهودی نین، ڕەش پێستەکان، سپی پێستەکان، هەموومان دەمانەوێ یارمەتی یەکدی بدەین.” ئاگادار بن، ئەم فیلمێکی سینەمایی گرینگە کە لە دەیەی ١٩٤٠دا دروست کراوە، سەردەمێکی دژە یەهودیەت بێداد دەکا  و جیم کرۆ لە ئامریکا سڵامەت و بێ کێشە ژیان بەسەر دەبا.

جێگای سەرسوڕمان نیە کە جی. ئێدگار هوور، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی فێدراڵ (ئێف بی ئای) لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٤٠ چارلی چاپڵین بە ئاشکرا لە لیستی ڕەشی داواکراوان دادەنێ. ڕاپۆڕتەکان باس لەوە دەکەن کە ئێف بی ئای چاپڵینی بە “بۆلشویکی ساڵۆنی” ناودێر کردووە و باوەڕمەندە بەوەی کە ئەو هەواداری کۆمۆنیستەکانە. هوور لە بنەچەکی باب و باپیرانی چاپڵینبە دژی چاپڵین کەڵکی وەرگرت تاکوو کەمپەینێکی گشتی بۆ ناوزڕاندنی پیشەیی و کەسێتی چاپڵین وەڕێ بخا. چاپڵین بە هۆی دروست کردنی تۆمەتی هەڵبەستراوە لە چوون بۆ ئامریکا خۆی بوارد. ئەو دواتر بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ئەوگروپە دواکەوتووانەی مەحکوم کرد کە کەشی ناسالم دروست دەکەن بۆ ئەوەی کەسانی ئازادیخواز تووشی ئازار و ئەزیەت بن.

چاپڵین هەر بەو هۆیەوە لە گەڕانەوە بۆ ئامریکا خۆی بوارد و باقی ڕۆژەکانی تەمەنی لە سوئیس ژیا و هەر لەوێش درێژەی بە دروست کردنی فیلم دا. کاتی زۆر ویست تاکوو ئاڵوگۆڕی سیاسی پێش بێ و کاری چاپڵین بۆ جارێکیتر لە ئامریکا لە ئاستێکی جەماوەریدا ڕێزی لێ بگیرێ. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، کۆمەڵگای ئێمە پێویستی زۆری بەو دەرسانە هەیە کە چاپڵین لە کارەکانی دا بە تایبەت دیکتاتۆری گەورە دەیهەویست فێری ئێمەی بکا.

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

“گیرۆدەیی” نەخۆشییەکی درێژخایەن و جیهانی!

کارگەیەک بە بێ خاوەنکار: ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری کرێکاران لە ئەرژەنتین

لاوێن ئەمانی

کورد و نەورۆز و زامی ساڕێژ نەبۆوەی نەتەوەیەک و پێویستی هەستانەوە و خەباتی شۆڕشگێرانە و رزگاریخۆازانە گەلی کورد

ئه‌یووب ده‌باغیان

له یادی پۆله هەڵۆکەی گوردانی شوان

حەسەن رەحمان پەناە

مناڵ هاوسەری دیاردەیەکی دزێو و جنایەتکارانەی روو لە گەشەی ئێران و کۆمەڵگا دۆاکەوتوو و مەزهەبیەکان

ئه‌یووب ده‌باغیان

بڕیارنامەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن لە سەقز

komalah